سەرۆکی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە و هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کەناراوەکانی یەمەن، هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، کریستالینا جۆرجیوا لە دانیشتنی بەرپرسانی دەوڵەتانی جیهان، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان لە دوبەی ڕایگەیاند، شەڕی کەرتی غەززە هەر لە ئێستاوە کاریگەریی لەسەر ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا داناوە و نیگەرانی خۆی لە درێژبوونەوەی شەڕەکە دەربڕی. بە وتەی ناوبراو، ئەگەر شەڕەکە درێژخایەن بێت، مەترسی پەرەگرتنی هەیە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کریستالینا جۆرجیوا وتی: ئێمە شاهیدی بڵاوبوونەوەی ململانێکان لە ناوچەی کەناڵی سۆئێزین کە بۆ بازرگانی جیهانی زۆر پێویستە.
کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ژانوییەدا هۆشداری دابوو کە ڕێژەی هاتووچۆی بازرگانی لە کاناڵی سۆئێز، لە دوو مانگی پێشوودا زیاتر لە ٤٠ لەسەد دابەزیوە.
هەفتەی ڕابردووش ڕێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاریی ئابووریی جیهانی سەبارەت بە مەترسی هەڵاوسانی جیهانی لە ئەگەری بەردەوامی هێرشی حوسییەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور هۆشداریی دابوو.