سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەفتە لە دەستپێکی شەڕی جەنایەتکارانە و کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی ئیسلامیی حەماس، کۆماری ئیسلامی نەیوێراوە بەرپرسایەتیی دەخاڵەتی خۆی لە وەڕێخستنی ئەم شەڕە بگرێتە ئەستۆ. شەڕێک کە هەتا ئێستا بەهۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دە هەزار کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل و مەدەنین. هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خەڵکی ستەملێکراوی غەزە بەهۆی بۆمبارانی وەحشیانەی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و ماڵیان وێران بووە. ڕۆژی هەینی ٢١ی مانگی ڕەزبەر دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەموو خەڵکی شاری غەزە ماڵەکانیان جێبهێڵن تا ئەم جەنایەتکارانە ماڵەکانیان کە بە هەزار بەدبەختی و هەژارییەوە سازیان کردوون بۆمباران بکەن. نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی گەندەڵی ئیسرائیل دوای حەوت ڕۆژ بۆمبارانی چڕ و بەردەوامی شاری غەزە وتی: ”ئەوەیکە ئەنجاممان دا تەنها دەستپێکی کارەکەیە و ئەم شەڕە بەم زووانە کۆتایی نایە”. لەلایەکی دیکەوە ڕاهاتووانی “عەسایبی عێزەدین قەسام”، لقی نیزامیی حەماس لە هێرشی ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەردا، دڕندانە منداڵان و ژنانیان کوشت، سووکایەتییان بە حورمەتی ئینسانییان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە یەهوودییەکان بەدیل گرت. ئەم جەنایەتە هێندە دڵتەزێن و نامرۆڤانە بوو کە تەنانەت کۆماری ئیسلامی لە ترس و نیگەرانی لە کاردانەوەی داهاتوو، نەیوێرا دان بەوە دابنێ کە لەم هێرشەدا دەستی بووە. لە میدیاکاندا زۆر گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە کە نیشانی دەدەن هەر دوو بەرەی ئەم شەڕە دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ کوشتنی منداڵان و ژنان و پیاوانی بێتاوان وەگیر کەوتووە تا لەم ڕێگەوە کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆیان داپۆشن.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی مانگی ڕەزبەر واتە سێ ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ئەم جەنایەتەی حەماس و بەدوای هۆشداری ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی وێڕای دەربڕینی شادی و خۆشحاڵی لەئاست ئەنجامدانی ئەم جەنایەتە، هەڵوێستێکی ناتەبای گرت و وتی: ”من ناوچاوان و باسکی داڕێژەرانی لێهاتوو و وشیاری فەلەستینی ماچ دەکەم. بەڵام پشتیوانانی ئیسرائیل و کەسانێک لە حکوومەتی ئیسرائیلەوە، دەڵێن کە ئێرانی ئیسلامی لە پشت ئەم حەرەکەتەوە بووە. ئەوان هەڵەن. هەڵبەت ئێمە لە فەلەستین دیفاع دەکەین و کردووشمانە”. بەدوای خامنەییدا بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیش بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوشێوە حاشایان لە هاودەستیی ڕژیمی ئیسلامی لەم جەنایاتەی حەماسدا کرد. ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ، حسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسداران، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیس و میدیاکانی سەر بە حکوومەتیش هەر هەموویان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و شانازی، کوشتنی خەڵکی ئیسرائیلیان لە بەرپرسانی حەماس پیرۆزبایی کرد و دەستیان کرد بە پێهەڵکوتن و تاریفکردن. لە شەقام و مەیدانی شارەکانی ئێران جێژن و شادیی بەکرێگیراوانی حکوومەتییان وەڕێخست. لە ڕوانگەی ئەوانەوە کوشتنی کافران و بە غەنیمەت گرتنی ژن و منداڵیان، هەروەک داعش ئەنجامی دا، ڕێگەپێدراوە. ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕژیم بەپێی یاسای ئیسلامی قەتڵوعامی “کافران”، واتە خەڵک، واجبی شەرعی ڕادەگەیەنێ. دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی، خومەینی جەنایەتکار خەڵکی کوردستانی “بەنی قورەیزە” ناولێنا و فەرمانی هێرش و فتوای قەتڵوعامی خەڵکی دەرکرد. لەشکرەکانی حکوومەتی ئیسلامی هێرشیان کردە سەر ئاواییەکانی قاڕنێ و قەڵاتان، کانی مام سەیدە و ئاواییەکانی دیکە و بە کوشتنی خەڵکی بێدیفاع هەمان جەنایاتیان خوڵقاند کە حەماس لەم شەڕەدا ئەنجامی دا.
بەڵام بۆ خامنەیی شەڕ دژبە ئیسرائیل تەنها ئەنجامی فەرایزی دینی نییە، بەڵکوو نیعمەتێکە لە خزمەت ئامانجە کورتماوەکانی کۆماری ئیسلامیدا. بە باوەڕی ئەو یەکێک لە بەرەکەتەکانی ئەم شەڕە کە بێهوودە پێی هیوادارە، بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانە لەو قەیرانە قووڵە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانە. کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری یەک ساڵی ڕابردوو و بەرۆکی ڕژیمی گرتووە و ناتوانێ لێی ڕزگاری بێت. لەلایەکی دیکەوە ساڵەهایە ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانی ئیسرائیل لە ناوەوە زەرەر و زیان بە ناوەندەکانی ئەتۆمی و لێکۆڵینەوە و زانیاریی کۆماری ئیسلامی دەگەیەنن. لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەکامیۆن بەڵگە دەردەکێشن. زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی تیرۆر دەکەن. ساڵەهایە لە سووریە ناوەندەکانی سپای پاسدارانی ڕژیم بۆمباران دەکەن و هەتا ئێستا سەدها کەس لە فەرماندە و هێزەکانی سپای قودسیان کوشتووە. بەڵام کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە لە بەرامبەردا کاردانەوەیەک نیشان بدات. ئەم شەڕە دەرفەتێکە بۆ خامنەیی تا بە تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ڕژیم بەحیسابی بێنێ و بە هێزەکانی سپای پاسداران و باقیی مەقاماتی ڕژیم کە زۆربەیان لە جەریانی بزووتنەوەی ژینادا تووشی گومان و نافەرمانی بوون، ڕووحیە بدات. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم هێرشە بە دەسپێکی پێشبینیی نەزانانەی خۆی بەحیساب دێنێ کە پێنج ڕۆژ پێشتری لە کۆنفڕانسی ئیسلامی لە تاران باسی لەوە کردبوو کە نابوودیی ئیسرائیل بەم زووانە دێتەدێ. هەڵبەت وەدواخستنی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیلیش دەتوانێ بەشێک لە ئامانجی کۆماری ئیسلامی بێت لە دەخاڵەتکردنی بۆ سەرهەڵدانی ئەم شەڕە. شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی ڕژیم لەم پەیوەندەدا هێرشەکانی حەماسی “پەیامێکی ڕوون بۆ عەرەبستان” ناوبردووە کە لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدایە.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامی بەشوێن ئەم ئامانجانەوەیە و لەئاست ئەم هێرشە ڕەزایەت و خۆشحاڵی دەردەبڕێ چۆن دەتوانێ حاشا لە دەورونەخشی خۆی لە بەرپاکردنی ئەم شەڕە بکات؟ پێداگریی بێهوودەی خامنەیی لە ئینکاری دەخاڵەتی ڕژیم لەم شەڕە لە حاڵێکدایە کە ئەنگوستنی تاوانی هەموو کەس بەرەو کۆماری ئیسلامی ڕاکێشراوە. چونکە یەکەم، زۆرێک لە کارناسانی نیزامی لەو باوەڕەدان کە ڕێکخستن و بەرنامەڕێژی بۆ وەها هێرشێک بەدەر لە توانا و زەرفیەتی گرووپی ئیسلامی و تیرۆریستیی حەماسە. دووهەم، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵستریت جورناڵ بەوتەی بەرپرسانی حەماس و حزبوڵڵا، سپای قۆدس لە مانگی ئاگۆستی ڕابردووەوە خەریکی یارمەتیدانی مەسئوولانی حەماس بووە لە داڕشتنی پیلان بۆ هێرشی هاوئاهەنگی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی بۆسەر ئیسرائیل و مەشق و ڕاهێنانی بە کەسانی سەربە “عەسائبی عێزەدین قەسام” و جەهادی ئیسلامی کردووە. لەلایەکی دیکەوە ئەم شەڕە بۆ نەتانیاهۆ و دەسەڵاتی گەندەڵ و ڕەگەزپەرستی ئسیرائیلیش کە بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی جەماوەری بووەتەوە و ناڕەزایەتی و مانگرتن بەرەو ناوەندە نیزامییەکانیش تەشەنەیان سەندووە و خوازیاری ڕووخاندنی حکوومەتن، دەسپێک و درێژەی وەها شەڕێکی ڕەگەزپەرستانە و کۆنەپەرستانە، تەنانەت ئەگەر بەهاکەی گیانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیلیش بێت، نیعمەت و دەرفەتێکی باشە لەپێناو مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ڕەگەزپەرستە. کەوابوو هەر دوو بەرەی ئەم شەڕە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە شەڕ بۆ خەڵکی فەلەستین و حەماس چ زیانێکی قورس و ئاکامێکی وێرانکەری دەبێت، سەرهەڵدانی ئەم شەڕە لەپێناو بەرژوەندی خۆیان بە نیعمەت و بەرەکەت دەزانن. ئەم بابەتە مەترسییەکی جیدیە لەئاست پەرەسەندنی شەڕ بۆ شوێنەکانی دیکە و پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازەکان لە سەرانسەری جیهان ئەم شەڕە دژەئینسانییە مەحکووم بکەن و بۆ کۆتایی هاتنی تێبکۆشن و ناڕەزایەتی دەربڕن.