فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

فیدرالیزم کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی ناهێنێت
یەکشەممە ۰۷-۰۹-۱۴۰۰   |  28-11-2021

ئەو حیزب و لایەنانەی کە ئەمڕۆ خوازیاری دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی فیدرالی لە ئێرانن، لە فرەنەتەوەیی بوونی ئێرانەوە بەم “ڕێگاچارە”یە دەگەن.  فیدرالیزم بۆ ئەوان وڵامێکە بۆ مەسەلەی نەتەوەیی لە ئێران. بەڵام مەسەلەی نەتەوەیی لە ئێران وەک هەموو شوێنێکیتر بابەتێکی تایبەتە. هەر بۆیە کێشەی لایەنگرانی فیدرالیزم کاتێک ئاشکراتر دەبێت کە بیانهەوێ چوارچێوەی ئینسانی و جوگرافیایی ئەو نەتەوانەی کە گۆیا فیدرالیزم دەبێ گیروگرفتەکانیان چارەسەر بکات، دیاری بکەن. نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بە چ پێوەرێک دیاری دەکرێن و سنووری جوگرافیایی دەسەڵاتی نەتەوەیی داهاتوویان لە چوارچێوەی ئێراندا چۆن دەستنیشان دەکرێت؟ تێئۆریسیەنەکانی پڕۆژەی فیدرالیزم بۆ ئێران، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە وڵامێکی ڕوون بەم پرسیارە بدەنەوە.

بەڵام سەبارەت بە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی دیاریکراو و فیدرالیزم وەک ڕێگاچارەیەک بۆی، وڵام بەو پرسیار و ئیبهامانەی کە لەم بوارەدا دێنە گۆڕێ، ڕوونترە. لە کوردستان بزووتنەوەی جەماوەری و خەباتێکی دەیان ساڵە دژبە ڕژیمە دەسەڵاتدارەکان و دژبە ستەمی نەتەوایەتی لە ئارا دابووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خاوەنانی پڕۆژەی فیدرالیزم بۆ هەموو ئێران، ئەم مێژوویە بە فەرامۆشی دەسپێرن و تایبەتمەندیی مەسەلەی کورد بەڕەسمی ناناسن و فیدرالیزم وەک نوسخەیەکی یەکسان بۆ هەموو ئێران دەپێچن!! کەم نین ئەو ناسیۆنالیستە “چەپ” و ڕاستە ئێرانییانەی  کە تەنیا بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندیی کوردستان لەناو پڕۆژەی فیدرالیستەکانی کوردستاندا، ستایشی ئەم جۆرە گەڵاڵانە دەکەن.

هەروەک ئاماژەی پێدرا مەسەلەی کورد لە ئێران مەسەلەیەکی مێژوویی و تایبەتە کە پێویستی بە وڵامێکی دیاریکراوە. فیدرالیزم وەک چارەسەرێک بۆ ستەمی نەتەوایەتی کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان ئاڵاهەڵگری ئەم گەڵاڵەیەن، تەنیا سەراوێکە و توانای ڕیشەکێش کردنی ستەمی نەتەوەیی نییە و بۆ باقیی خەڵکی ئێرانیش لە موناسباتی نێواندا، هەنگاوێک بەرەو دواوەیە. فیدرالیزم نەتەنیا هیچ جۆرە کێشەوگرفتێک چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەبێتە بارێک لەسەر شانی ئەو جەماوەرەی کە بەخاتری دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری هەزار و یەک دەردیتر بەرۆکی گرتوون. 

لە ئێران‌، تەنیا مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی بزوێنەری بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەرین بووە و داخوازیی دیاریکراویی هێناوەتە گۆڕێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا لە هیچ گۆشەیەکی ئێران بێجگەلە کوردستان، خواستی نەتەوایەتی لە ئاستێکی بەرچاودا نەهاتووەتە گۆڕێ و خەباتێکی جیددی بۆی سەریهەڵنەداوە. کەوابوو بۆچی و بە چ هۆکارێک کەسانێک کە خۆیان بە خەباتکارانی بزووتنەوەی چینایەتی دەزانن، دەبێ مەسەلەیەکی ئاوا پەراوێزخراو گەورە بکەنەوە و پاشان ڕێگاچارەی بۆ بتاشن؟ دیارە وەها سیاسەتێک هیچ پەیوەندییەکی بە چالاکیی کۆمۆنیستییەوە نییە. ئەو جەماوەرەی کە پێکەوەن و هاوڕێ لەگەڵ یەکتر ڕژیمی دیکتاتۆری شایان ڕووخاند و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن و شان بە شانی یەکتر بەرەنگاری کۆسپەکانی ژنانیان دەبنەوە، جەماوەرێک کە کۆتایی هاتنی چەوسانەوە و هەژاری و بێ مافی ئاواتی هاوبەشیانە، بۆچی تەنیا بەهۆی جیاوازبوونی زمان، کلتوور، و سوننەتەکانی ژیانیان، لێکیان جیا بکەینەوە و لە قالبی نەتەوەیی و قەومیی تازەدا ڕێکیان بخەین، ئەویش لە حاڵێکدا کە خۆشیان خوازیاری ئەوە نین؟ بۆچی لەجیاتی ئەوەیکە پێناسەی ئینسانی و چینایەتییان بەرجەستە بکەینەوە، جیاوازیی نەتەوەیی و قەومی، سوننەتی مەحەلی و زمان و زاراوەیەک کە قسەی پێدەکەن، دەبێ بکرێتە نیگەرانی و مەسەلەیان؟ لەژێرناوی گیلەکی، مازەندەرانی، تورک، عەرەب، بەلووچ، تورکمان، قەشقایی، بەختیاری، ئەرمەنی، جوو، مەسیحی، شیعە، سوننی و هتد دابەشیان بکەین و بەستێنی دووبەرەکایەتی و ناکۆکیی نەتەوەیی و ئایینی لەناویاندا پەرەپێبدەین و ئەم شێوازەش “ڕێگاچارەی مەسەلەی نەتەوەیی” ناولێبنێین؟ مەسەلەیەک کە لە ژیانی واقعیی خەڵکدا، بێجگەلە خەڵکی کوردستان، لە هیچ شوێنێکیتر بزووتنەوەیەکی لێنەکەوتووەتەوە. هەر بەو دەلیلەیە کە دەڵێین هێنانەگۆڕی فیدرالیزم لەسەر بنەمای قەوم و نەتەوە بۆ ئێران هەنگاوێکە بەرەو دواوە و ڕێگایەکی پڕمەترسییە بۆ داهاتووی جەماوەرێک کە لەم وڵاتە دەژین.

مەسەلەی بەڕێوەبەرایەتیی دیمۆکراتیک و ئەوەیکە پێی دەوترێ “لامەرکەزی”، بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ناوەرۆک و ماهییەتی دەوڵەتی ناوەندی. بە پێی ئەوەیکە کامە دەوڵەت و بە کام ناوەرۆکی چینایەتی و سیاسیەوە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، دەتوانین قەزاوەت لەسەر بەڕێوەبردنی دیمۆکراتیکی وڵاتێک بکەین،  نە لە ڕووی شکڵ و قەوارەیەک کە دەوڵەتێک، سەربەخۆ لە ماهییەتی سیاسی و چینایەتییەکەی، بەڕواڵەت بەخۆی گرتووە.

لێرەدا پێوییستە ئاماژە بە نموونەیەکی مێژوویی بکەین: پاش ئەوەیکە لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیە کرێکاران دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت و حکوومەتی کرێکاری دامەزرا، ١٦ وڵات بە نەتەوەی جۆراوجۆرەوە کە پێشتر بەزۆر بە ڕووسیەی تێزاڕییەوە پەیوەست ببوون، بە خواستی خۆیان بە نیزامی شۆڕەوی پەیوەست بوون و کۆماری فیدراتیڤی شۆراکانیان دامەزراند کە سیستمێکی بەڕاستی دیمۆکراتیک بوو و بە شێوەیەکی یەکجار ئینسانی و عادڵانە بەڕێوەدەچوو. ساڵەها دواتر کە کرێکاران بەرەبەرە لە دەسەڵاتی سیاسی وەلاخران و دیکتاتۆریی حیزبی جێگای دەسەڵاتی چینی کرێکاری گرتەوە و ئاواتەکانی بورژوازیی ڕووسیە بەسەر بەرنامەی سیاسی و ئابووریی ئەم وڵاتەدا زاڵ بوو، هەمان سیستەمی فیدراتیڤ بوو بە زیندانی نەتەوەکان و دەیان کارەساتی دڵتەزێنی لێکەوتەوە.

هەربۆیە بۆ ئێمە بەر لەوەیکە باس لە فیدرالیزم و غەیرەفیدرالیزم بکرێت، بابەتی سەرەکی ماهییەتی چینایەتیی دەوڵەتی ناوەندییە. کەسانێک کە ئەمڕۆ ئەم مەسەلەیە دەکەنە مەشغەڵەی جەماوەری خەڵک و هەوڵ دەدەن لەجیات باس کردنی ماهییەتی دەوڵەت و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی، بیروڕای گشتی خەڵک بەرەو قەوارە و شکڵی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی داهاتوو بەرن، بەکردەوە دەیانهەوێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەجیات خەباتی ڕاستەوخۆ و ڕوودەڕوو بۆ ڕووخاندنی ڕژیم و دامەزراندنی دەسەڵاتی چینایەتیی خۆیان، بەرەو ئاسۆی ناڕۆن ڕابکێشن و بیانکەنە هێزی پشتیوانی پڕۆژەکانی بۆرژوازی لە ئێران.

لەم ڕوانگەوەیە کە دەڵێین درووشمی فیدرالیزم بەر لە هەموو شتێک ناوەرۆک و ماهییەتی چینایەتیی دەوڵەتی ناوەندی بە فەرامۆشی دەسپێرێت. لە ناخی وەها گەڵاڵەیەک بۆ داهاتووی ئێران، خەتی مەشیی سازشکارانە لەگەڵ بورژوازیی ئێران شاراوەیە. ئەوان هەر لە ئێستاوە دەیانهەوێ، ماهییەتی دەوڵەتی ناوەندیی داهاتوو و تەنانەت ڕژیمی ئێستا لە خەڵک بشارنەوە. بابەتی سەرەکی ئەوە نییە کە وڵات بەشێوەی فیدرالی یان غەیرەفیدرالی بەڕێوەبچێت، بەڵکوو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم وڵاتە بە پێی کام بەرژەوەندی چینایەتی بەڕێوەبچێت؟

مەسەلەی کورد لە ئێران، مەسەلەیەکی تایبەت و دیاریکراوە و ناکرێ بە شێوەی دڵخواز بکرێتە مەسەلەی هەموو ناوچەکانی ئێران. ئەم مەسەلەیە تایبەتمەندیی مێژوویی خۆی هەیە. مەسەلەی کورد نەتەنیا مەسەلەیەکی ئێرانی، بەڵکوو مەسەلەکی ناوچەییە و لە وڵاتانی دیکەی وەک عێراق، تورکییه و سووریە بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەم هۆکارە پێکهاتوون و بوونیان هەیە. خەڵکی کورد بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافی نەتەوەیی خۆیان، واتە پێکهێنانی دەوڵەت و دەسەڵاتداریەتیی خۆیان خەباتیان کردووە. مادام کە ئەم جەماوەرە لە ئێرانیش بیانهەوێ جیا ببنەوە و وڵاتی سەربەخۆی خۆیان پێکبێنن، پێویستە ئەم مافەیان بەڕەسمی بناسرێت و ڕێگا بۆ وەدیهاتنی ئەم مافە خۆشبکرێت. ئەم جەماوەرە خوازیاری کۆتایی هاتنی ستەم و سەرکوتێکن کە دەوڵەتانی ناوەندی بەسەریاندا سەپاندوون. ئەم جەماوەرە بەنیازن ئامرازی سەرکوت و ستەم لە دەست دەوڵەتی ناوەندی بێننە دەر. بەڵام لەژێرناوی “ڕێگاچارە”ی فیدرالیستی، هەموو ئیختیاراتێک لەم بوارانەدا، بە دڵاواڵەییەوە بە دەوڵەتی ناوەندی دەسپێردرێت.

بۆ نموونە: بە پێی گەڵاڵەی فیدرالیزم، ئەرتەشی ناوەندی بە هەموو دامودەزگای ئەمنی، پارە و سیاسەتی ئابووری و دەرەکی، هەر هەموویان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکوومەتی فێدراڵی کوردستان دەچنە دەر. فیدرالیستەکان مودەعین کە بە هێنانەگۆڕی درووشمی فیدرالیسم، گۆیا وڵامیان بە خواستی “دەسەڵاتی نەتەوەیی” داوەتەوە. بەڵام ئەوە چ دەسەڵاتێکی نەتەوەییە کە لەژێر سێبەری ئەرتەش و دامودەزگای سەرکوتگەری دەوڵەتی ناوەندیدا پێکدێت و چاوەڕوانی بەرنامەڕێژانی بورژوازی لە تارانە کە سیاسەتە ئابوورییەکەی بۆ داڕێژن و هەرکات پێویست بوو لەژێر گوشاری گەمارۆی ئابووریدا بیخنکێنن؟ ئەوە چ دەسەڵاتێکی نەتەوەییە کە بە هۆی کۆنتڕۆڵی سیاسەتی دەرەکی، ڕێگەی پێنادرێت کە هاواری نەتەوەی کورد بە دەرەوە بگات و تەنانەت ئیزنی ئەوەی نییە کە لەگەڵ ڕێکخراوی پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست پەیوەندی بگرێت؟!

کەوابوو ئەو پارت و هێزە ناسیۆنالیستانەی کە ڕێگاچارەی فیدرالی بۆ خەڵکی کوردستانی ئێران تەجویز دەکەن، لەڕاستیدا بیر لە بەشداری و بەشخوازیی خۆیان لە دەسەڵاتی سیاسی دەکەنەوە و سەبارەت بە مەسەلەی کورد لە ئێران کە بە ڕواڵەت سینگی بۆ دەکوتن، ڕاستگۆ نین. سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی پێویستە لە خزمەت ڕووخاندیدا بێت. پێویستە لە خزمەتگ گۆڕینی ماهییەتی چینایەتی و سیاسیی ئەم ڕژیمەدا بێت.  خەڵکی کوردستان تەنیا کاتێک بە مافی پێشێلکراوی خۆیان دەگەن کە شان بە شانی  باقیی هاوچارەنووسانیان لە ئێران بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێک هەوڵ بدەن کە مافی دیاریکردنی چارەنووس واتە مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆیان بەڕەسمی بناسێت و کۆتایی بە هەموو شێوەکانی ستەمی نەتەوەیی لە سەرتاسەری ئێران بێنێت.