فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

فەرمانی دەزگای دادوەریی رژیم بۆ بەڕێوەبردنی خێرای سزای ئێعدام و بڕینی ئەندامانی لەش
شەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۱   |  06-08-2022

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییە جیهانییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی ئێعدام و بڕینەوەی ئەندامی جەستە لە ئێران، دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکدا بۆ دادگوستەرییەکانی سەرتاسەری ئێران، فەرمانی داوە بۆ دیاریکردنی چارەنووس و بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام و بڕینی ئەندامانی لەشی ئەو کەسانەی کە حوکم دراون، بە زووترین کات هەنگاو هەڵبگرن.
”محەممەد مۆسەدق” جێگری یەکەمی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی گشتیی دادگوستەرییەکان داوای لێ کردوون کە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی حوکمەکانی ئێعدام، قەساس و بڕینی ئەندامی جەستە لە ماوەی دوو حەوتوودا کۆمیتەی تایبەت پێکبێنن. لەم نامەیەدا داوا لە دادگوستەرییەکان کراوە، لە ماوەی یەک مانگدا ڕاپۆرتی کاری خۆیان بە جێگری یەکەمی ئەم دەزگایە بدەنەوە. بەردەوامیی ئەو حوکمە دژە مرۆییانەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و دەیان ڕێکخراوی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ، بۆ چەندین جار هۆشداریان داوە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە لە بەرامبەر ئەو جنایەتانەی ڕێژیمی ئیسلامی بێدەنگ نەبن.