کاتێک “گەڵاڵەی پێداچوونەوەی قەزایی” لە بیست و چواری جولای بەرابەر لەگەڵ دووی مانگی گەلاوێژ لە پەرلەمانی ئیسرائیل پەسەندکرا، شایەد کەم کەس لای وابوو کە ئامانجەکانی ئەم گەڵاڵەیە لە سنووردارکردنی ئیختیاراتی دەزگای قەزایی زۆر بانترە. ئاواڵە هێشتنەوەی هەرچی زیاتری دەستی لایەنی ڕاست و ڕەگەزپەرستی توندئاژۆ بۆ کوشتنی خەڵکی فەلەستین ئامانجێکی دیکەی ئەم گەڵاڵەیە بوو کە لەئێستادا بووەتە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر. ڕۆژ نییە هەواڵی وەبەر گولـلەدانی لاوانی فەلەستینی سەرەڕای بایکۆتی هەواڵنێریی ڕژیمی داگیرکەر لە میدیاکانەوە نەبیسترێ. ڕۆژی هەینی چواری مانگی ئاگۆست لاوێکی تەمەن نۆزدە ساڵ لە ناوچەی “جنین” لە ڕۆژهەڵاتی شاری “ڕاموڵڵا” کوژرا. بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “هەواڵی یەهوود” لە بریتانیا لەسەر زاری یەکێک لە کاربەدەستانی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە جەرەیانی هێرشی خەڵکی شارۆچکەنشینی یەهوودی بۆسەر کەمپی جنین، دانیشتووانی فەلەستینی بە هاویشتی بەرد موقاومەتیان کردووە و بەرەنگاریان بوونەتەوە. بکوژەکە ئەندامی حیزبی “دەسەڵاتی یەهوود”ە کە وەزارەتی ئەمنیەتی لە ئیختیاردایە. ئەم کەسە کە پێشتر دەستگیرکرابوو، ڕۆژی سێشەممە بە قەراری وەسیقە لە زیندان ئازادکرا. شەوی شەممە پێنجی ئاگۆست فەلەستینییەکی تر کە لە خاڵێکی پشکنین لەگەڵ مەئموورێکی ئیسرائیلی تووشی دەرگیری ببوو، تەقەی لێکرا و کوژرا. ڕایانگەیاند کە گۆیا بکوژەکە بۆ دیفاع لە خۆی هێرشبەرە فەلەتینییەکەی داوەتە بەر گولـلە. وتەبێژی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم کردەوەیە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریسم بووە و دیفاعی لە قاتڵەکە کرد. وەزیری ئەمنیەتی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە “ئەو یەهوودییەی کە بەرامبەربە هێرشی تیرۆریستی فەلەستینیەکان لە خۆی و کەسانی تر دیفاع دەکات نەتەنیا قاتڵ نییە، بەڵکوو قارەمانە”. وەزیری کلتووری ئیسرائیل لەوپەڕی بێشەرمیدا وتی “ئێستا ئیتر دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردوو نییە کە یەهوودییەکان بەرامبەر بە سەرکوت بێدەنگ بن”. بەرینایی ئەم توندوتیژییە لە گرتەڤیدیۆیەکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باشتر دەردەکەوێ. لەم ڤیدیۆیەدا نوێنەرێکی پەرلەمانی ئیسرائیل سەربە حیزبی “دەسەڵاتی یەهوود” لە منداڵە کەم تەمەنەکەی پرسیار دەکات “ئەگەر گەورە بووی دەتهەوێ چکارە بی؟”. منداڵەکەش لە وڵامدا دەڵێ: “دەمهەوێ ببمە سەرباز”. باوکی دەپرسێ “ئەی دواتر دەتهەوێ چ بکەی؟”. منداڵە کەم تەمەنەکە جواب دەداتەوە کە “بە جیبێک دەکەومە ڕێ و عەرەبەکان دەکووژم”. باوکەکەش دەڵێ “زۆر باشە”. لە وەها فەزایەکدا زۆر سەیر نییە کە قاتڵەکانی سێ لاوی فەلەستینی کە ڕۆژی یەکشەممە لە جنین ئۆتۆمبێلەکەیان دابوونە بەر گولـلە، تەنانەت بۆ دادگاش بانگ نەکرێن. ئەو ڕووداوانەی کە لە سەرەتای مانگی جولایەوە لە “جنین” لەئارادایە بۆ جارێکی تر ساڵی ١٩٤٨ واتە “ساڵی نەکبەت”، ساڵی ئاوارەبوونی نەتەوەیەک لە بیر و زەینی فەلەستینییەکاندا زیندوو دەکاتەوە.
کەمپی ئاوارەکانی جنین لە ساڵی ١٩٥٣ بۆ نیشتەجێکردنی ئەو فەلەستینییانەی کە لە جەرەیانی هێرشی ئەرتەشی داگیرکەردا لە “حەیفە” دەرکرابوون، دروستکرا. هێرشی ڕۆژانی سێهەم و چوارەمی مانگی ژوئەنی ئەمساڵ کە لە “جنین”ەوە دەستیپێکرد هەڵگری دوو پەیامی جیاواز بوو. بۆ فەلەستنییەکان پەیامەکە ئەوە بوو: خۆڕاگری بەرابەرە لەگەڵ ئاوارەبوون. بۆ سەربازان و شارۆچکە یەهوودینشینەکانیش هەڵگری ئەو پەیامە بوو: لە هەر کوێ پێویست بێت دەتوانن فەلەستینییەکان بکووژن و ئاوارەیان بکەن، تا پێکهاتەی دانیشتووانی لێوارئاوی ڕۆژئاوا بە قازانجی دانیشتووانی یەهوودی بگۆڕن. ڕێبەری حیزبی “سەهیۆنیزمی مەزهەبی” کە نەتەنها وەزیری دارایی بەڵکوو هاوکات فەمانداری لێوارئاوی ڕۆژئاواشە، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: „فەلەستینییەکان دەبێ لە نێوان ئیتاعەتکردن و ئاوارەبوون و یان مەرگ یەکیان هەڵبژێرن”. لەڕاستیدا هێرشەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو بۆسەر کەمپی “جنین” یەکەمین هەنگاوەکانی بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە بوو. دەوڵەتی ئیسرائیل ئێستا ئیتر نەتەنها کارەساتی “نەکبەت” پەردەپۆش ناکات بەڵکوو کاتێک باس لە “نەکبەتی دووهەم” دەکات بەو مانایەیە کە لەو کارەساتە لەلایەکەوە وەک چەکێکی خۆفناک دژبە خەڵکی فەلەستین کەڵک وەردەگرێ و لەلایەکی تریشەوە بە دەنگدەران ئەو پەیامە دەدات کە سیاسەتی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان یەکێک لە بنەماکانی بەهێزکردنی دەوڵەتێکی یەهوودییە. ئەوەی لە “جێنین”دا ڕوویدا، مەشقێک بوو بۆ ئەم پاکتاوکردنە نەتەوەییە. بێهۆ نەبوو کە نێردراوی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکان، دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٣٦٧ لە مانگی ١٠ جولایدا ڕایگەیاند: „داگیرکاریی سەربازیی ئیسرائیل هەموو ئەم ناوچانەی کردووەتە زیندانێکی بێ سەقف تا تێیدا فەلەستینیەکان ڕۆژانە لەژێر چاوەدێریدا بن و نەزمی دیکتەکراوی ئەرتەش قەبووڵ بکەن”. هەروەها لە درێژەدا دەڵێ: „ئیسرائیل خەڵکی فەلەستین وەک مەترسییەکی ئەمنیەتی چاولێدەکات کە تابعی دەسەڵاتێکی نیزامین و ئەم دەسەڵاتە نیزامییەش دەتوانێ هەموو مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل بکات تا بتوانێ سوڵتەی ڕاسیستیی خۆی بە داگیرکردنی زیاتری ناوچەکان پەرەپێبدات”. ئەو لەو باوەڕەدایە کە “تەنها بە بەرجەستەکردنەوەی هێندێک هێرشی سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل، پێشێلکردنی سەرەکیترین مافە نێونەتەوەییەکانی خەڵکی فەلەستین کۆتایی نایە”. ئەم بابەتە تەنها بە کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی نایاسایی وڵاتی فەلەستین وەدی دێ”.
ئێستا پرسیاری واقعی ئەوەیە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا کە شەو ڕۆژ باس لە داگیرکاریی ڕووسیە لە ئۆکراین دەکەن و خۆشیان بەشێوەی نیابەتی بەشداری ئەم شەڕەن، بۆچی کاتێک باس لە داگیرکاریی زیاتر لە حەوت دەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکرێ، دەبنە داکۆکیکاری درۆیینی مافی دیاریکردنی چارەنووس و تەقویەتی نیزامیی ئیسرائیل بە ئەرکی خۆیان دەزانن. بێگومان وەدیهاتنی ئارمانی ڕەوای خەڵکی فەلەستین تەنها لە گرەوی هاتنە مەیدانی بزووتنەوەیەکی بەهێز دژبە ئاپارتایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕاکێشانی حمایەت و هاوپشتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لەئاستی نێونەتەوەییدایە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە