لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە بەرامبەر بینای فەرمانداری شاری ئیلام، محەممەد عەبدوڵاهی ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدا.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی کە تەرمی محەممەدی بینیبوو وتی: “ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر هەموو جەستەی محەممەد دیار بووە و سەری بەهۆی بەرکەوتنی شتێکی قورس (بە ئەگەری زۆرەوە باتۆم) شکابوو”.
شیاوی ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکانی رژیم، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کاتێکدا تەرمی محەممەدیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە کە بەڵێنی نووسراویان لە ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی باوکی محەممەد وەرگرتووە کە هۆکاری مردنی کوڕەکەی بە مردنی سروشتی ڕابگەیێنن و هەر هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشتی ڕەزا لەژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچووە. هەروەها ناوەندە ئەمنییەکانی رژیم هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی محەممەد عەبدووڵاهی کردووە، کە مافی میدیایی کردنەوەی ئەم بابەتەیان نییەوە نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا قسە بکەن.