ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەی کە بەدوای قەتڵی دەوڵەتیی ژینادا سەری هەڵدا، ئێستا بەجۆرێک کۆمەڵگەی داگرتووە کە تەنانەت ئەوانەی وا دەست و پێوەندی دەسەڵاتیشن هەر کامیان بەجۆرێک بیر لە دەربازبوون دەکەنەوە. کاتێک کە حەفتەی “حیجاب و عفاف”ی ڕژیم لەلایەن ئەو ژنە بوێرانەی کە حیجابیان بە زەوی دادا، بەرەوڕووی شکست بووەوە، سەردەمدارانی ڕژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە، ژینایان بە بیانووی وەدەرکەوتنی مووی سەری دەستبەسەر کرد و کوشتیان. ئەوان بە خەیاڵی خاوی خۆیان لایان وابوو کە قەتڵی ژینا، ژنانی بوێر و خەباتکار کە لانیکەم لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە لە هەر فورسەتێک بۆ فڕێدانی حیجاب کەڵکیان وەردەگرت، دەترسێنن و پاشەکشەیان پێ دەکەن تا دیسان دەسەڵاتدارانی ڕژیم بۆ جارێکی تر دوای داسەپاندنی ئەو هەمووە بێ مافییە دەنگیان کپ کەن. ئەم تەسەورە هەڵەیە بە ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە کە لەماوەیەکی کورتدا سەرتاسەری کۆمەڵگەی داگرت، وڵامی شیاوی پێ درایەوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشم و داخوازییەکانی گشت نیزامی بردە ژێر پرسیارەوە. ئەمجارەیان ڕاپەڕین دژبە دیلیەتیی زیاتر لە چوار دەیەی ژنان بوو. دژبە هەژاری و بێ مەسکەنی، دژبە ژیانی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، دژبە نەبوونی ئازادی، دژبە سەرکوت و بۆ دیفاع لە حورمەتی ئینسان و بۆ دیفاع لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی، بۆ دیفاع لە مافی منداڵان، بۆ دیفاع لە ژینگە و دژبە هەموو ئەو بێبەشیانە بوو کە ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بەسەر خەڵکی داسەپاندووە. سەرانی ڕژیم بەشداربووانی ئەم ئاخێزە مەزنە شۆڕشگێڕانەیان “ئاژاوەگێڕ” ناولێنا کە گۆایە لە دەرەوەی وڵاتەوە سازمان دەدرێن. هاواریان کرد کە ئەمانە ژمارەیەک ژنی “مونحەریف”ن و دەبێ سزا بدرێن. بەڵام کاتێک کە جەماوەری مەزنی ژنانیان بینی کە لە پێشەوەی ڕیزی ناڕەزایەتییەکانن، هیچیان بۆ نەماوە بێجگەلە پەرەپێدانی زیاتری سەرکوت. بە چەکی جۆراوجۆر و بە تۆپ و تانکەوە هاتنە مەیدان. بەرەو سینگی ناڕازییان تەقەیان کرد، منداڵانیان کردە ئامانجی گولـلە، نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیان دەسبەسەرکرد و ڕەوانەی زیندانیان کرد. لە زیندانەکان بەساتی ئەشکەنجە و ئێعدامیان خستە ڕێ. بەڵام بەهەمووی ئەم کوشت و کوشتارانەوە، ناڕەزایەتییەکان هەروا درێژەیان هەیە.
سەرانی ڕژیم لایان وابوو کە بە سەرکوت و فریوکاری دەتوانن ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە ڕابگرن. زۆری نەخایاند، سەرانی ڕژیم دەستیان کرد بە قسەی ناتەبا. سەرەتای مانگی سەرماوەز دادستانی گشتی وتەکانی دەستبەجێ جەنجاڵی لێ ساز بوو. ئەو مودەعیی ڕاگرتنی چالاکیی “گەشتی ئیرشاد” بوو و وتبووی کە چالاکیی ئەم گەشتە پەیوەندییەکی بە دەزگای قەزاییەوە نییە. چەند ڕۆژ پێشتریشی وەعدەی دابوو کە تا کۆتایی مانگی سەرماوەز مەجلیس و شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی سەبارەت بە مەسەلەی حیجاب نەزەری خۆی ڕادەگەیەنێت. بەڵام چواری مانگی بەفرانبار لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی ناوەوە ئیدیعای کرد کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا “بەرنامەی دوژمنان ئەوە بوو کە حەریمەکان بشکێنن و یاساکانی کۆماری ئیسلامی پێشێل بکەن. بۆ نموونە بینیتان کە چەندەیان تەبلیغ کرد بۆ ئەوەیکە ژنان حیجابەکانیان لابەرن و ئەوانیش تا ئاستێک تووشی ئەم تاوانە بوون”. دە ڕۆژ دوای وتەکانی دادستانی گشتیی ڕژیم، خامنەیی لە کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە ژنانی سەربە حکوومەت بە وتە دوولایەنەکانی بە خەیاڵی خۆی هەوڵی دا جۆرێک لە پاشەکشە ڕاگەیەنێت. ئەو کە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی ئاژاوە ناو لێنابوو و بەشداربووانی بە ئاژاوەگێڕ وەسف دەکرد ئەمجارەیان باسی لە “زەعفی حیجاب” و “بەد حیجابی” کرد و وتی: „”نابێ کەسانێک کە زەعفی حیجابیان هەیە و لە مەراسمی دینی و ئینقلابیشدا بەشداری دەکەن بێدین و کافر ناو لێ بنێین. ئەوان حیجابیان وەلا نەناوە. هەموومان کەموکوڕیمان هەیە و دەبێ تا ئەو جێگایەی کە دەکرێ چارەسەریان بکەین”. ئەم وتانەی خامنەیی ئەوپەڕی بێشەرمی بوو. ژنان لەسەر شەقامەکان وەبەر گولـلە دەدەن، هەزاران کەسیان زیندانی کردووە، ئەشکەنجەیان داوە و گۆیا هەمووی ئەمانە بەخاتری زەعفی حیجاب بووە.
دوای ئەم ناتەباوێژیانە، جێگری یاسایی مەجلیسی دەزگای قەزایی ڕژیم پێشنووسی لایەحەی تەعزیراتی دایە دەوڵەت. مادەکانی ١٧٨ تا ١٨١ی ئەم پێشنووسە بە دیاریکردنی سزا بۆمەسەلەی پێوەندیدار بە ئازادیی پۆشش و یان ڕاستیدا بۆ بێ حیجابی تەرخان کراوە. ئەم بەندانە ئاستی جۆراوجۆریان لە سزادان باس کردووە کە بریتین لە: خزمەتگوزاریی گشتی بەخۆڕایی تا سزای نەغدی، یەک ساڵ ئیقامەتی ئیجباری لە شوێنی دیاریکراو یان ڕێگری لە مانەوە لە شوێنی دیاریکراو، ڕێگری کردن لە شۆفیری، بێبەری کردن لە خزمەتگوزاریی دەوڵەتی و مەنعی هەبوونی چەک، مەنعی چوونەدەرەوە لە وڵات، بێبەریکردن لە هەڵبژاردن یان ئەندامیەتی لە ئەنجومەن، شۆرا، حیزب و جەمعییەتەکان، بێبەری کردن لە دامەزران لە هەموو ئیدارە و دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، خسووسی و تەعاونی، بێبەری کردن لە دامەزران وەک مودیری مەسئوول یان بەڕێوەبەری میدیا گشتییەکان. هەڵبەت ئەم سزایانە بۆ ژنانێکن کە “بێ حیجاب” لە شوێنە گشتییەکان دەرکەوتوون و حازر نین بۆ ڕەعایەتی حیجاب تەعەهود بدەن. ئەوانەی کە حازر بە تەعەهود نەبن بەرەوڕووی سزای توندتر دەبنەوە.
ئاشکرایە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە لە مانگی چوارەمی خۆیدایە نەتەنیا هەموو یاسا دژی ژنەکانی کۆماری ئیسلامیی خسووەتە ژێر پێوە بەڵکوو گەلێک جاریش ڕایگەیاندووە کە ڕێگایەکی بێجگەلە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی شۆڕشەکەی نییە. شۆڕشێک کە نەک هەر دەبێ بەندی دیلیەتیی ژن بپسێنێ بەڵکوو پێویستە هەموو ئەو کۆسپ و بەندانەی کە نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی دایسەپاندووە تێکبشکێنێت. بێگومان لایەحەی تەعزیراتی ڕژیمیش لە ئاگری تووڕەیی و ناڕەەزایەتیی ژنان و پیاوانی بوێر و ئازادیخوازدا دەسووتێ.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە