ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕ، پارلمانی عێراق ٦٤ نوێنەری نوێی بەجێی گرووپی “موقتەدا سەدر” قەبووڵ کرد. ئەو نوێنەرانەی کە وەکوو نوێنەری نوێی پارلمان قەبووڵ کراون، زۆربەیان سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین. ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان، ٧٣ نوێنەر لە ڕەوتی “موقتەدا سەدر” کە گەورەترین هاوپەیمانی لە پارلمانی عێراق بوو، بە ئامانجی نەهێشتنی لە کاروەستانی پارلمان، دەستیان لەکار کێشایەوە.
پارلمانی عێراق لە کاتی هەڵبژاردنەکانەوە بەهۆی مشتومڕە سیاسییەکان لەسەر دانانی سەرۆکوەزیر و پێکهێنانی دەوڵەت لەگەڵ کێشە و گرفتی زۆر بەرەوڕوو ببووەوە. بە دوای وازهێنانی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر، کورسییەکانی ئەوان کەوتە دەستی کۆمەڵێک کەسی دیکە کە لە پارلماندا لە پلەی دووەمدا بوون.
لەو ٧٣ کورسییە کە چۆڵ کراون، ٤٠ کورسی کەوتووەتە دەستی نوێنەرانی سەر بە هاوپەیمانیی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” کە لە گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامین.
ئەو گرووپە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا ٨٣ کورسییان بەدەست هێنابوو کە لەگەڵ ئەو ٤٠ کورسییەش کە ئێستا گرتوویانەتەوە، زۆرینەی پارمانی عێراقیان لە دەستی خۆیان گرتووە.