فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لووتکەی جی حەوت، مەکۆی مودەعییانی درۆیینی نەجاتی جیهان!
دوشەممە ۱۳-۰۴-۱۴۰۱   |  04-07-2022

کۆبوونەوەی ساڵانەی گرووپی حەوت، پێکهاتوو لە وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا، فەڕانسە، ژاپن، کانەدا، ئینگلیس، ئەمریکا، لە ڕۆژانی بیست و شەش تا بیست و هەشتی مانگی ژوئەن، بەرابەر لەگەڵ هەشتی مانگی پووشپەڕ لە ئاڵمان بەڕێوەچوو. ئەوان کە تەنیا دە لەسەدی جەمعییەتی جیهان پێک دێنن، لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەبێ و دەتوانن چارەنووسی نەوەد لەسەدی دانیشتووانی جیهان بەبێ حزووریان دیاری بکەن. سەرانی ئەم دەوڵەتانە هاوڕێ لەگەڵ میوانەکانیان لە جەرگەی شەڕی ئۆکراین، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی دەوری نوێی قەیرانی ئابووریی جیهان، لە دڵی کارەساتی برسییەتی و مەترسیی لەناوچوونی ژینگەدا، هەوڵیان دا بەناو وەک نەجاتدەرانی جیهان، بە لەسەر شانی یەکدان، یەکگرتوویی ئەندامانی ئەم کلووبە نیشان بدەن. بێگومان ناکۆکییەکانیان هەروا لە جێی خۆیەتی. بەڵام شەڕی ئۆکراین و وەزنەی سیاسی و ئابووریی چین ئەوانی مەجبوور کردووە تا بۆ پاراستنی هێژمۆنیی بەرژەوەندی جیهانی ئیمپریالیستیی ڕۆژاوا کە دەمێکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، یەکگرتوو دەرکەون.
بەڕواڵەت بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەوا و برسییەتیی لەئاستی جیهان، دەستووراتی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بوون. ئەوان بە سۆزەوە قسەیان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کرد و تەنانەت لە ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا نووسییان کە ئەم خەباتە بۆ ئەوان زۆر گرنگە. بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بەو ئامانجە ڕاگەیەندراوە کە بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی لە خوار یەک و نیو پلە بهێڵنەوە، هیچ جۆرە سیاسەتێکی دیاریکراویان دانەڕشت. بەپێچەوانەوە بە بیانووی شەڕی ئۆکراین و بۆ وەرگرتنی کەمترین سووتەمەنی لە ڕووسیا، بڕیاریان دا تا وێستگەی کارەبای بەردی خەڵوزی زیاتر دابنێن و گازی ئەمریکا و قەتەر بخەنە جێگەی نەوت و گازی ڕووسیا. جگە لەوەش، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان وەک میواندار لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا “ناوەندێکی کەشوهەوا” دادەمەزرێت، کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو دەبێت . هەرچەندە ناوی ئەو وڵاتانەی نەهێناوە، بەڵام ڕوون بوو کە باسی ئەو وڵاتانە دەکات کە دەتوانن وەک هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕووسیا و چین بەکاریان بێنن.
هەر ئەمجۆرە سیاسەتەشیان سەبارەت بە یەکێکی تر لە بەناو دەستووراتی گرینگی کۆبوونەوەکە واتە خەبات دژبە برسییەتیی جیهان گرتە بەر. لە حاڵێکدا کە بە ناردنی ملیاردها دۆلار تەسلیحات بۆ ئۆکراین، ئاگری ئەم شەڕەیان دەگەشاندەوە، کە لەئاکامیدا ڕۆژانە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ملیاردها ئینسان دەچێتە سەرێ، ڕایانگەیاند کە چوار و نیو ملیارد دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ برسییەتی سەرمایەگوزاری دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە “بەرنامەی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” نیسبەت بە قەیرانی برسییەتی هۆشداری دابوو و ڕایگەیاندبوو کە لەئێستادا سێسەد و چل و پێنج ملیۆن کەس لە هەشتا و دوو وڵاتی جیهان لەگەڵ برسییەتی بەرەوڕوون و ئاماری برسییەکانی جیهان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دوو بەرابەر بووە. ڕێکخراوی گەشەی جیهانی “ئۆکسفام” وێڕای ڕەخنەی توند لە بڕیاری سەرانی جی حەوت ڕایگەیاند کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ برسییەتی لانیکەم بیست و هەشت ملیارد دۆلار سەرمایەگوزاری پێویستە.
بەڵام واقعییەت ئەوە بوو کە شەڕی ئۆکراین سێبەری قورسی خۆی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشابوو. لە هەمان دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا بایدێن ڕایگەیاند کە جیهانی ڕۆژاوا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستدرێژیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین، یەکگرتوویە. و سیاسەتی پووتین بۆ کەلێن خستنە نێوان دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەگەڵ شکستی کامڵ بەرەوڕوو بووەتەوە. ڕاشیگەیاند، ئەمریکا گەمارۆی لەسەر هەناردەکردنی زێڕ لە ڕووسیا وەک گرنگترین وڵاتی هەناردەکاری زێڕ پەسەند کردووە و هەوڵ دەدات ئەندامانی دیکەی لوتکەکە ڕازی بکات کە بەشداری ئەم گەمارۆیە بکەن.
ئۆلاف شوڵتز، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، لووتکەی گروپی حەوت “قورس و قایم شان بەشانی ئۆکراین” وێستاوە. هەڵبەت ئەوەش ڕازێکی شاراوە نەبوو. ناردنی چەکی پێشکەوتوو و یارمەتیی ماڵیی بەرین، بەیانی ئاشکرای ئەم سیاسەتەیە. بوودجەی دەوڵەتیی ئۆکراین بە تەرخانکردنی بیست و هەشت ملیارد یۆرۆ و کۆمەکی ماڵی دەبێت لە وەرشکستەیی نەجاتی بێت و هەروەها لە ڕاگەیاندنی کۆتاییدا قەولی جۆرێک “پلانی مارشاڵ” بە ئۆکراین درا. ئەو باسانەی کە پەیوەندییان بە تەنگتر کردنەوەی ئاڵقەی دەوری ڕووسیەوە بوو، بۆ کۆبوونەوە ناتۆ، کە دەستبەجێ دوای کۆتایی کۆبوونەوەی جی حەوت لە مادرید پێتەختی سپانیا پێک دێت، حەواڵە کرا.
ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆبوونەوەی جی حەوت گرینگیی خۆی لەدەست داوە و بە مۆدێلێکی کۆنە بە حیساب دێت، بەڵام ئێستا سەرانی ئەم دەوڵەتانە هەوڵ دەدەن تا بە هەموو هێزەوە بگەڕێنەوە ساحەی سیاسەتی جیهانی. ئەگەرچی بڕیاری ئیجرایی بەرچاویان نەبووە، بەڵام بەرەو ئەو ئاراستەیە حەرەکەت دەکەن کە ئامانجی ئابووری، سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی خۆیان هاوئاهەنگ بکەن. بەتایبەت شەڕی ئۆکراین یارمەتیی داون تا بەشێکی گەورە لە بۆرژوازیی جیهانی بە یارمەتیی تەبلیغاتی بەرینی میدیایی کە گۆیا شەڕ لە ئۆکراین شەڕی نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆرییە، تا ئاستێکی زۆر هاوئاراستە بکەن.
لە جەرگەی ئەم کۆبوونەوەیەدا دیمەنی حزووری هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆرژوازی لەو دیمەنانەیە کە هەموو ساڵێ دەبیندرێت. بیست هەزار هێزی نیزامی لە ئۆستانی بایرێنی ئاڵمان کە شوێنی کۆبوونەوەکە بوو کۆببوونەوە تا بەناو نەجاتدەرانی جیهان لە مەبرسیی کەسانێک کە گۆیا قەرارە نەجات بدرێن، بپارێزن. سەد و هەشتا و هەشت ملیۆن یۆرۆ کرایە هەزینەی پاراستنی ئەم کۆبوونەیە. ئەم هێزە بیست هەزار کەسییە بە وەحشیگەریی هەمیشەییەوە کە لە کۆبوونەوەکانی پێشتریشدا شایەدی بووین، لە گیانی خۆپیشاندەرانێک بەربوون کە بەر لە کۆبوونەوە و لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
سەرەڕای هەموو تەقەلایەک کە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی ئەنجامیان دا، واقعییەت ئەوەیە کە دەوڵەتانی جی حەوت بۆ پاراستنی هێژمۆنیی خۆیان لەگەڵ کێشەی بەرین بەرەوڕوون. ئەوە ڕاستە کە دیاریی تەحریمی ئابووریی ڕووسیە، هەژارکردنی بەشێکی گەورە لە ڕووسیەیە. بەڵام درێژەی ئەم تەحریمە، جیهانی ئیمپریایستیی ڕۆژاواشی لەگەڵ کێشەی جیددی بەتایبەت لە بواری دابینکردنی وەزەوە، بەرەوڕوو کردووە. ئەوەیکە ژمارەیەک لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەی وەک ئەندۆنێزی، هێند، ئەفریقای باشوور، سنێگاڵ و ئارژانتینیشیان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەعوەت کردبوو نیشانەی ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن ئەم وڵاتانەش بە ئاڵقەی خۆیان بۆ پەرەپێدانی تەحریم دژبە ڕووسیە پەیوەست بکەن.
سەرەڕای هەموو ئەم ئیدیعایانە پێویستە بوترێت کە سەرانی جی حەوت نەتەنیا نەجاتدەری جیهان نین بەڵکوو ئەوان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی شەڕی ئیمپریالیستی، لەناوچوونی ژینگە، قەیرانی پەنابەری و کارەساتی برسییەتیی ملیۆنان ئینسانن. لەم ڕووەوە هەرجۆرە خۆشباوەڕی¬نانەوەیەک سەبارەت بە ئامانجیان، دیارییەکی بێجەگەلە مەرگ و نابوودی بۆ مرۆڤایەتی نابێت.