فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە سەروبەندی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە
یەکشەممە ۱۵-۱۱-۱۴۰۲   |  04-02-2024

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە جارێکی دیكه‌ بیر لەو هیوا و ئاوات و ئەمانجانە دەکەنەوە کە لە پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەژێر ڕێبەریی کۆمەڵەدا لە پێناویاندا خەباتیان کردووە. باشترین خۆشەویستەکانیان لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجانە لە دەست داوە و بیر لە سبەی رۆژێک دەکەنەوە کە کۆمەڵە بە بەرنامە و ستراتێژییە سیاسیەکەی، بە کردار و لێبڕاوی شۆڕشگێڕانەی بە روویانیدا کردووەتەوە. بیر لە پێوەندیەکی پتەو و قوڵ دەکەنەوە کە کۆمەڵە دایمەزراندووە، و لە بیرەوەریەک کە لە ماوەی ساڵانێک تێکۆشاندا لە دڵیاندا جێیان کردووەتەوە. ئەو بیرەوەریانەی کە بۆیان خۆشەویست و جێی ڕێزە، و نە تەنها ژیانی ئەمرۆیان بەڵکوو ژیانی سبەی ڕۆژیشیانی ڕەنگ ڕێژ کردووە. بیر لە عەهد و پەیمانێک دەکەنەوە کە هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢٦ ی ڕێبەندان، رۆژی کۆمەڵەدا نوێی دەکەنەوە. عەهد و پەیمانێک کە تا دەستەبەر بوونی ئازادیی و بەرابەریی و هه‌تا بەرپاكردنی حکوومەتی کرێکاری و هەڵکرانی ئاڵای سۆسیالیسم هەموو جارێ و هەموو ڕۆژێ لەسەری جەخت دەکەنەوە.

کۆمەڵە وەک ڕێكخراوێكی سیاسیی بە ئامانج، بەرنامە، ستراتێژی و ئاڕمانی کۆمۆنیستی و کرێکاری کە لەمرۆدا لەگەڵ ژیان و خەبات و هەستی بەمیلیۆن ئینسانی زەحمەتکێشدا ئاوێتە بووە و دڵیان لەگەڵ دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەلگادا لێ دەدات، ساڵانێکی پڕ لە خەبات، خۆڕاگری و سەرسەختی کەم وێنەی ناوەتە پشت سەر. کۆمەڵە زیاتر لە ٥٤ ساڵ لەمەوبەر لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ لە جەرگەی بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تایبەتدا پێکهات. بارودۆخێک کە بە زاڵ بوونی مۆناسباتی سەرمایەداری و لێک هەڵوەشانی نیزامی دەرەبەگایەتی، کۆچی زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بەرەو شارەکانی ئێران و گەشەی چەندایەتی چینی کرێکارێک کە بێجگەلە فرۆشتنی هێزی کاری هیچ وەسیلەیەکی دیكه‌یان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان نەبوو، دیاری دەکرێت. گەشەی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و چڕ بوونەوەی لە شارەکاندا سیمای سیاسیی کۆمەڵگای گۆڕی. هەموو بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە و گەلێک کێشمەکێشی نوێی لە هەموو کەلێن و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگادا بەدیهێنا، کێشمەکێشی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداران لەسەر زه‌رووری ترین بابەتەکان، لەسەر سەرەتایی ترین مافەکانییان، لەسەر نەفسی ژیان بەسەر بردن، لەسەر چۆنیەتیی دابین بوونی نان و مەسکەن و جلوبەرگ، لەسەر پشودان و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ژیانی شایستەی ئینسان. ئەم جۆرە کێشمەکێشە بەرین و کۆمەڵایەتییە کە لە شار و دێهاتەکاندا لە ئارادا بوو، وڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی و خەباتێکی نوێی دەویست. هەستە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و ئەو روناکبیرە شۆڕشگێڕانه‌ی کە لەو دەورەیەدا، سەبارەت بە ته‌وه‌ری کرێکاران و زەحمەتکێشان هاودڵی و هەستیان بە بەرپرسیاریەتی دەکرد، هەوڵیاندا تا وڵامی ئەم بابەت و نیازانەی خەباتی ئەو قۆناغە بدەنەوە.

کەم نەبوون هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی کۆمەڵە کە لەگەڵ کاروانی کرێکارانی کوردستان تا مەعدەنەکانی سێمنان و دامغان، تا ئەهواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان، دەچوون و شانبەشانی ئەوان کاریان دەکرد و تۆوی وشیاریان بڵاو دەکردەوە، ئەوانیان لەگەڵ ڕەنج و ئازار و موسیبەتەکانی دنیای سەرمایەداری، و ڕێگای ڕزگار بوون لە ستەم و چەوسانە ئاشنا دەکرد؛ مانگرتن و خەباتیان ڕیکدەخست و ڕێبەریان دەکردن.

لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ کادر و هەڵسووڕاوەکانی ڕیزی کۆمەڵە لەناو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خوازدا، ببوونە سیمای ناسراو و پێشڕەو و جێگای متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستاندا. کۆمەڵە لە وڵامدانەوە بەو بابەتە تازە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە لە سەرەتای شۆڕشی ڕێبەندانی ٥٧ دا هاتبونە گۆڕێ، یەکەم کۆنگرەی ڕێكخراوی خۆی لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧ بەڕیوەبەرد. هەرچەند دیکتاتۆڕی ڕژیمی شا دەرفەتی ئامادەکاری سیاسیی و تەشکیلاتی پێویستی بۆ وڵامدانەوە بە بابەتەکانی ئەو دەورەیەی بە کۆمەڵە نەدابوو، بەڵام کۆمەڵە لێبڕاوانە بڕیاریدا کە بە هەموو توانایی خۆیەوە خەباتی جەماوەری لە کوردستان لە ڕاستای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێراندا بەرەو پێش بەرێت. لەو کاتەوە تا ئێستا کۆمەڵە ڕێكخراوێك بووە کە سەبارەت بە كێشه‌وگرفتی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، پێشێل بوونی ماف و ئازادییەکانیان، بێ مافی ژنان و سوکایەتی پێکرانی هەموو ڕۆژەیان هەستیار بووە و بۆ بەهێز کردن و هیدایەتی خەباتیان بە هەست کردن بە بەرپراسیاریەتیەوە جوڵاوەتەوە. کۆمەڵە بەپێی توانایی خۆی و ئامادەیی هێزە کۆمەڵایەتیەکانی حازر لە مەیدان، بێ دریغ لەپێناو پێشڕەوی و بەرەوپێش بردنی خەباتی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا و لەپێناو پاراستنی سەرجەم دەستکەوت و بەرژەوەندیەکانیاندا خەباتی کردووە و بەم جۆرە پێوەندی نێوان خۆی و جەماوەری زەحمەتکێشی قووڵتر و پتەوتر کردووە.

کۆمەڵە دوای ٩ ساڵ و چەند مانگ چالاکی نهێنی، بەدوای گیانبەختکردنی هاوڕێ حەمە حسێنی کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە لە گەرماوگەرمی ئاخێزی خەڵکی ئێراندا لەدژی ڕژیمی پاشایه‌تی، لەپێش ڕیزی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕی شاری سەقز رۆژی ٢٣ ی ڕێبەندان لە هێرش کردنە سەر شارەوانی ئەمشارە کرایە نیشانەی گولـلەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی شا و رۆژی ٢٦ ی ڕێبەندان بە دڵێکی پڕ لە ئەوین بۆ ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان گیانی بەخت کرد، بە ڕەسمیی چالاكی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد. ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کۆمەڵێک سیمای نەناسراو نەبوون. هەمان یارانی قەدیمی ئەوان، تێکۆشەرانی خۆڕاگری نێو زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکانی کرێکاران و جووتیاران، ڕێبەرانی خاوەن نفوزی جەماوەری بەرینی خەڵک و ڕێبەرانی خەباتکاری دەورانی قیام و شۆڕشی ئەوان بوون!

کۆمەڵە دوای قیامی ساڵی ٥٧ بە ڕێکخستنی خەباتێکی گشتی و جەماوەری و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی، خۆڕاگری سەر سەختانە لەبەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەم دیتوی کۆمەڵگای وەک گرنگ ترین ئەرکەكانی خۆی دیاری کرد. ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین، چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە میلیۆن ئینسانی ستەم لێکراو و تینوی ڕزگارییەوە گرێدا، خۆڕاگری کۆمەڵە بوو لە بەرانبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆینەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. دیفاع لە جووتیاران لە بەرانبەر مالیکەکاندا، دیفاع لە زحمەتکێشانی دێهات بۆ دەست بەسه‌رداگرتنی زەوییەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی حاکم و فەرهەنگ و نه‌ریتی کۆن و داڕزیوی پیاوسالارانە، دیفاع لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداراندا، دیفاع لە چەکدار مانەوەی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی هەموو ڕێکخراوی کرێکاری و ناوەندی جەماوەری، پێکهێنانی یەکیەتیی جۆتیاران، شوڕای ژنان و خوێندكاران، و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان لەپێناو هێنانە مەیدانی بەرین و بەربڵاوی جەماوەی خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە رۆژی ٢٨ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا لەشکرکێشیی سەرتاسەریی لێکەوتەوە.

سازماندانی حەڕەکەتی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان لە ئیعتڕاز بە حزووری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی دیكه‌ کە هێمای دەخاڵەت دانی ڕاستەخۆی خەڵک بوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵە بتوانێ لە هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیشدا ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لەبەرانبەر هێرشی هێزە داگیرکەر و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا. دوای ئازاد کرانی شارەکان لە لایەن خەڵک و هێزی پێشمەرگەوە کە ڕژیمی بەچۆکدا هێنا و ڕیاکارانە ڕازی بە وتووێژ بوو، لە حاڵێکدا کە حیزبی بۆرژوایی بە ئامانجی کپ کردنی خەبات، ئامادە بوو بچێتە ژێر هەر چەشنە ساتو سەودایەکەوە، لێبڕاوی و کارزانی کۆمەڵە لە وتووێژەکاندا لەگەڵ ڕژیم به‌ ئاڕاسته‌ی بەرژەوەندی بزووتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادییە دیموکراتیکەکان، وڵامدانەوە بە پرسی نەتەوەیی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، سازماندانی هەرچی به‌ربڵاوتری چالاکیی وشیاریدەرانە لە مەودای نێوان دوو لەشکرکێشی ڕژیمدا بۆسەر کوردستان، جارێكی دیكه‌ توانایی کۆمەڵەی وەک ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست لە ڕێبەری کردنی خەباتی شٶرشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و هێنانە مەیدانی چینی شۆڕشگێڕ بە باشی نیشاندا.

لە ماوەی ساڵەکانی دوای ڕاپەڕین، ئاڵوگۆڕ و تەحەولاتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، گەلێک بابەتی کۆمەڵایەتی هێنایە گۆڕێ و گەلێک خەباتی پەرەپێداوە. بوونی وەها بابەت و تێکۆشانێک کۆمەڵەی زیاتر لە پێشوو وادار بە وڵام دانەوە بەم بابەت و تێکۆشانانە کرد. ئەنجامدانی ئەم خەبات و بەرەپێش چوونانە لەم بوارانەدا بە قیمەتی فیداکاری و گیانبازی هەزاران کەس لە پێشڕەوترین و دڵسۆزترین شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست بەرهەم هاتووە.

ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو هەوراز و نشێو و ئینشعابانەی کە کۆمەڵە لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگا پشتی سەری ناوە، بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە چالاکیی ئاشکرای ئەم ڕێکخراوە، بەرهەمی چالاکیی هاوبەشی کۆمەڵە و جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئاست و ڕێژەی وشیاری و توانایی، کارایی و نفوزی کۆمەڵایەتی ئەم ڕەوتەدا دەتوانین ببینین. بەرهەمی ئەم هەموو ساڵە کار و هەوڵدانە لە بەهێز بوونی ڕێزی شۆڕشی سۆسیالیستی، لە پەرەسەندن و نفوزی کۆمۆنیزم، لە نفوزی ئەفکار و نه‌ریتی کۆمۆنیستی نێو کرێکارانی کوردستان، لە ئاشنا بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی تێکۆشەر لەگەڵ مافە بنەڕەتییەکانیان، لەگەڵ ئاڕمانی ئازادیی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاریدا خۆی دەنوێنێ. بەڵام ئەگەر بمانەوێ جەخت لەسەر دەستەکەوتە بنەڕەتی و گرنگەکان بکەینەوە، پێویستە یەکێتی و هاوپشتی سیاسیی و چینایەتی لەگەڵ باقی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران وەبیر بێنینەوە. کۆمەڵە وەک ڕێكخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە چالاكیی کۆمۆنیستی خۆی لە ماوەی ژیانی خەباتکارانەیدا توانیویەتی ئەم دەستەکەوتانە دەستەبەر بکات و بە لێبڕاوی هەرچی زیاترەوە بیانپارێزێ. کرێکارانی وشیار لە کوردستانیش لەمرۆدا لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داخوازییە پێشێل کراوەکانییان لە خەبات و تێکۆشان لەدژی ستەم و ئیستبدادی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە لە ئێران، خۆیان لەپاڵ کرێکارانی فوولادی ئەهواز، کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، بزووتنەوەی خوێندکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دەبینن. بێهۆ نەبوو کە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بوون بە چاو و چرای خەڵکی ئێران.

کۆمەڵە هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی و جەماوەری خەڵکی مافخوازی کوردستان ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی رۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزیەوە درێژە پێ دەدات. ئەمە ڕەمزی سەرکەوتنی کۆمەڵە و پێویستی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان، رۆژی کۆمەڵەیه‌ لە لایەن کرێکارانی وشیار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان! کۆمەڵە لە دڵی ئەم خەباتە و لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا خاراوە.

وتەی ڕۆژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv