ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شەپۆلی تازەی ئێعدامەکان، ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان محەممەد قوبادلوو لە دەستبەسەرکراونی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ساڵی ١٤٠١، فەرهاد سەلیمی و دوو کەسی تر لە بەندکراوانی لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج بەتۆمەتی بێبنەمای “موحاربە” و “قەساس” و هیتر ئێعدام کرد. ئێعدام و کوشتنی ئەم بەندکراوانە بەوتەی پارێزەرەکانیان بەبێ پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵە و بەبێ ئاگادارکردنەوە و حزووری بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بەڕێوەچووە. پارێزەری محەممەد قوبادلوو ڕایگەیاند کە: ”ئێعدامی موکلەکەم سەرەڕای نەقزی حوکمی ئێعدامەکەی لەلایەن شۆرای باڵاوە ئەنجام دراوە.” ئێعدامی زاڵمانەی فەرهاد سەلیمیش دوای تەحەمولی زیاتر لە ١٣ ساڵ زیندان لە حاڵێکدا بەنهێنی بەڕێوەچوو کە بنەماڵە و پارێزەرەکانی لە چاوەڕوانیی موحاکمەی دووبارە و ئازادیی ناوبراودا بوون. پێویستە بوترێ کە دوو ڕۆژ پێشتریش حکوومەتی ئیسلامی دوو بەندکراوی دیکەی لە هەمەدان ئێعدام کرد و هەر لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەنداندا، دەزگای کوشتاری قەزایی ڕژیمی ئیسلامی حوکمی ئێعدامی سێ کەسی دیکەی دەرکرد.
ئاشکرایە کە حوکمەکانی ئێعدام لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا بەپێی نەزەری بازجووەکانی دەزگا ئەمنیەتییەکان و ئیعترافاتی ئیجباریی تۆمەتباران بە کاری نەکردوو لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا دەردەکرێ. ئەم حوکمانە نایاسایین و تەنانەت لەگەڵ یاسای کەزایی ڕژیمیش یەکناگرنەوە. بەڵکوو ئەحکامێکی سیاسین کە بەپێی زەروورەت و ئامانجە سیاسییەکانی ڕژیم بەسەر دادگاکاندا دیکتە دەکرێن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨٢٣ بەندکراو لەوانە پێنج منداڵ کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵدا بوون ئێعدام کردووە. جگە لەم ئێعدامانە لەئێستادا ١٦٣ کەسی دیکە لە زیندانەکانی ڕژیمدا حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش بە ژمارەیان زیاد دەبێت.
شەپۆلی تازەی ئێعدامەکان، ناڕەزایەتیی چەندین ڕێکخراو و ناوەندی کرێکاری، ناوەندی نووسەرانی ئێران، ئێعتڕازی دەیان ڕێکخراو و ناوەندی خوێندکاری و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ناڕەزایەتیی ئینسانە تێکۆشەرەکانی دیکەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لێکەوتووەتەوە. لە هەوڵێکی ناڕەزایەتیی بوێرانەدا ٦١ ژنی بەندکراوی سیاسی ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لەژێرناوی “دەنگی ئێمە بن بەدژی ئێعدام”، ڕایانگەیاند کە لە ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسی، محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی و باقیی ئێعدامەکان لەپێناو ڕاگرتنی ئێعدام لەلایەن ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی پێنجشەممە پێنجی ڕێبەندان لە زیندان دەست دەدەنە مانگرتن لە خواردن. لە بەشێکی دیکە لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ”بۆ زیندوو ڕاگرتنی ناوی ئێعدامکراوان و بۆ زیندوو ڕاگرتنی دەنگی سەدان ئینسانی دیکە کە هەر ئێستا لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سەرانسەری ئێران لەڕیزی ئێعدامدان، موقاومەت دەکەین و ئیعتڕازی خۆمان بە مانگرتن لە خواردنی دەستەجەمعی نیشان دەدەین”. بەدوای ئەم ئیعتڕازە بوێرانەیە ژنانی بەندکراوی سیاسی، ژمارەیەکی تر لە ژنان و پیاوانی بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی دیکە لەوانە سپیدە قولیان لە زیندانی بووشێهر کە بەتاوانی دیفاع لە کرێکارانی حەوت تەپە ئەشکەنجەدراوە و زیندانیکراوە، زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد، هاودەنگی خۆیان لەگەڵ بانگەوازی مانگرتن لە خواردنی ٦١ بەندکراوی سیاسی ڕاگەیاند. بەڵام جگە لەم ژنە بەندکراوە سیاسییانە ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لەوانە بنەماڵەی سەربەرزی سپیدە قولیان و ژینا ئەمینی، باوکی نەرگس محەممەد و ئانتا دائمی لەڕێگەی نامەیەکەوە لەلایەن خۆیان و ٣١ بەندکراوی سیاسیی پێشووی بەندی ژنان لە دەرەوەی زیندانەوە ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوڕێ لەگەڵ ژنانی بەندکراوی سیاسی بەدژی ئێعدام مانگرتن لە خواردن بەڕێوە دەبەن. بێگومان پێویستە لە کردەوەی جەسوورانەی مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی سیاسی بەدژی ئێعدام بە پێشەنگایەتیی ژنان ڕێز بگرێن و خەبات بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و بەدژی ئێعدام لە دەرەوی زیندان و لە ڕیزی خەباتی کرێکاران و خوێندکاران و خانەنشینان و لەڕێگەی بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان درێژە بدەین.
لە ئیعتڕاز بە شەپۆلی نوێی ئیعدامەکانی حکوومەتی ئیسلامی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کوشتنی بێوچانی ناڕازییانی لە ئێران لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ و ئێعدامی محەممەد قوبادلوو و فەرهاد سەلیمی بەنیشانەی کەوتنەخواری کۆماری ئیسلامی بۆناو قەڵەمڕەوی تازەی دڕندەیی وەسف کرد و مەحکوومی کرد. بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەم ڕێکخراوە داوای کرد کە دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی جیهانی و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پێویستە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری دژبە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی دەست پێبکەن و نیشانی بدەن کە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی و ئیعدامی ئینسانەکان پێویستە لێکەوتە و دەرئەنجامی هەبێت.
کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا شەپۆلی تازەی ئێعدامی خستووەتە ڕێ کە سەرەڕای هەموو هات و هاواری چەندین ساڵەی سەبارەت بە ئیقتداری نیزامی و پشت بەستن بەوەیکە خۆی ناوی ناوە هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، لەئێستادا لە مەیدانی نەبەردی نیزامی لە ناوچەکە کەوتووەتە پێگەیەکی یەکجار لاواز و زەبوونانەوە. لە ناوەوەی ئێرانیش لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و ناڕەزایەتیی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕووە. عەلی خامنەیی و سەرانی سپای پاسداران کە یەکجار نیگەرانی چارەنووسی ڕژیمن، ئێعدامکردنی بەندکراوان لەناو سیاچاڵەکانی ڕژیم بە هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لەپێناو دەربازکردنی خۆیان دەزانن. موحسین ئێژەیی قاتڵ سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیمی دەرماندەی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان وێڕای دانپێدانان بە بایەخنەدانی خەڵک بە موعیزەکانی هەموو ڕۆژێی خامنەیی، ڕاشکاوانە ئامانجی حکوومەتی لە شەپۆلی تازەی ئێعدامەکان ڕاگەیاند و وتی: ”هەموو شتێک بە مەوعیزە چارەسەر ناکرێت و بە تیغی عەداڵەت دەبێ بەرەنگاری ئەوانە ببینەوە کە بەشێوەی ڕێکخراو و بە هاودەستی لەگەڵ دەرەوە بەرانبەر بە نیزام دەوەستن. هەموو دادستانەکانی سەرانسەری وڵات دەبێ بایەخی جیددی بەم بابەتە بدەن و بە یارمەتی لەگەڵ هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان، ئەو مۆرە سازماندراوانەی کە خەریکی ئاژاوەنانەوەن، شناسایی بکەن و بەبێ لێخۆشبوون موحاکمەیان بکەن و سزایان بدەن”. ئەم وتانە نیشانەی وجوودی کابووسێکی واقعییە کە ترسی خستووەتە ناو جەستەی هەموو حاکمانی کۆماری ئیسلامییەوە. ئەوەیکە ئێژەیی و ڕێبەرانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی لایان وایە بە پەرەپێدانی ئێعدام و توندکردنەوەی فەزای ئەمنیەتی و سەرکوت دەتوانن کۆمەڵگا چاوترسێن بکەن، خەیاڵێکی باتڵە. بێگومان دەسەڵاتێک کە سەروەتی ئەم کۆمەڵگایە و بەرهەمی چەوساندنەوە و ڕەنج و کاری کرێکارانی ئێران بە گەرووی دەزگای سەرکوت و ماشێنی نیزامیدا دەکات، دەیکاتە خەرجی ماجەراجوویی نیزامی و ناتوانێ وڵامی داخوازیی لانیکەمی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بداتەوە، تەمەنی کۆتایی هاتووە و بە زەبری شۆڕش دەڕووخێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn