فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە کۆبوونەوەی سەراسەریی خانەنشینان لە ڕۆژی ٩ی ڕەشەممە پشتیوانی بکەین
شەممە ۰۶-۱۲-۱۴۰۱   |  25-02-2023

خانەنشینانی سەراسەری وڵات لەوانە کشوەری، لەشکری و تەئمینی ئیجتماعی لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە ئێعلامیان کرد کە ڕۆژی ٩ی مانگی ڕەشەممە بۆ جارێکی تر دێنەوە سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و سەرانسەری بەڕێوە دەبەن. بە پێی بانگەوازێک کە بڵاویان کردووەتەوە ئەم کۆبوونەوەیە لە تاران کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە بەرامبەر مەجلیس و سازمانی بەرنامە و بودجە و لە ناوەندی ئۆستانەکان، بەشێوەی هاوکات لە بەرامبەر فەرمانداری و ئۆستاندارییەکاندا بەڕێوە دەچێت. ئێعتڕاز بە جێژنانەی حەقیرانە، ئێعتڕاز بە هاوسەنگ نەبوونی حقوق و تەوەرۆم، وەرنەگرتنی ٢٥ لەسەدی هەمسانسازیی ساڵی ١٣٩٩، ئەنجام نەدرانی هەمسانسازیی ساڵی ١٤٠١، پووڵی بوونی دەرمان لە نەخۆشخانەی مڵکی، خسووسی سازیی بانکی ڕەفاهی کارگەران، نەدرانی قەرزی دەوڵەت بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، ئەو مەواردەن کە لەم ئیعتڕازەدا باسیان لێکراوە. خانەنشینان لەو بانگەواز و تەبلیغاتانەی کە بۆ سازماندانی ئەم ئیعتڕازاتە سەراسەرییە بڵاویان کردووەتەوە تەئکیدیان کردووە کە: “یەکگرتن گەورەترین هێزە، هیچ هێزێک بەرگەی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی و هەمدڵیی ئێمە ناگرێت”.

خانەنشینان کە ژیان و بژێویان بەردەوام لەلایەن ڕژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشی کراوەتە سەر گەلێک جار بە لیستێک لە داخوازییەکانیانەوە هاتوونەتە سەر شەقام و بە خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان بزووتنەوەی ناڕەزایەتی داخوازییان لە ئێران بەرەوپێشەوە بردووە. ئەو داخوازییانەی کە لانیکەمی پێویستییەکانیان دابین دەکات. خانەنشینان کە بەشێکی زۆر لە ژیانیان لە شوێنی کاردا تێپەڕیوە و گەلێک سەختی و دژوارییان تەحەمول کردووە و بە فرۆشتنی هێزی کاریان لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین کردووە، ئێستا بەحەق چاوەڕوانی ئەوەن کە لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ناچار نەبن دووبارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کار بکەن و لە بەشە غەیرە ڕەسمیەکاندا ئەم قۆناغەی تەمەنیان تێپەڕێنن. لەو کۆمەڵگایانەی کە خەباتی کرێکاری و ئازادیخوازانە گەلێک پاشەکشەی بەسەر دەوڵەتانی بورژوازیدا سەپاندووە، دەورانی خانەنشینی کاتی پشوودان و بیرکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی ژیانە. لە هەمان حاڵیشدا دەورەیەکە کە خانەنشیان دەتوانن درێژە بە فێربوون و گەشەی زانستیان بدەن. سەردەمی خانەنشینی ئەو ساڵانەیە کە خەڵک لە قەیدی والد بوون و بازاڕی کار ئازاد دەبن و ئیمکانی ئەوە پەیدا دەکەن کە بەشوێن موسافرەت و فێربوون و مەهارەتی تازەوە بن. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی، ئەم دەسەڵاتە کەمینە و زەرووسفەتەی سەرمایەداران، هەروەک چۆن لەگەڵ لاویەتی و شادی و بەختەوەریی زۆربەی کۆمەڵگە دوژمنە لەگەڵ خانەنشینانیش ڕەفتارێکی دژەئینسانی و تێکەڵ بە سووکایەتیی گرتووەتە بەر. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی داناسەپێنێت، بەڵکوو بەپێی تەمەنیش هەڵاواردن دادەسەپێنێ و خانەنشینانی لە لانیکەمەکانی ژیان بێبەری کردووە.

ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆریی لەئاستی ئێران دایە. بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەتی نێئۆلیبرالی لەلایەن هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان بوونەتە گرووپێکی فشاری سیاسیی بەهێز بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی.

شەپۆلی ئەم دوایانەی مانگرتنی کرێکاران، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلوچستان و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە تاران و شارەکانی دیکە، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێ و شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقام لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆر هەروا درێژەی هەیە. ئەم ڕەوتە نیشانی دەدات کە کوشتار لە سیستان و بەلوچستان و کوردستان و سەرکوتی خوێناوی لە باقیی شوێنەکانی ئێران نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. پێویستە بە هیچ بوارێک لە خەباتی جەماوەری ڕاپەڕێوی خەڵک دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی کەم بەها نەدەین. درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار بە دورشمی “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین” هاتوونەتە سەر شەقام، لە بارودۆخی ئێستادا گرینگیەکی سیاسیی تایبەتی هەیە. ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان پێویستە بە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری هەڵسەنگێندرێ. پێویستە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری خانەنشینان لە ڕۆژی ٩ی ڕەشەممە لێبڕاوانە حمایەت بکەین. کرێکاران، خوێندکاران، ژنان و پیاوانی لاو و شۆڕشگێڕ لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و سەرانسەری خانەنشینان پشتیوانی بکەن.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co