هیچ تەرفەندێک ناتوانێ ئەم حەقیقەتە بشارێتەوە کە سەرانی ڕژیم بوکوژی بەکتاش ئابتینن. ئەم تاوانبارانە هەر ئەو جەنایەتەیان ئەنجام دا کە پێشتر لە جەرەیانی قەتڵە زنجیرەییەکانی موختاری و پوویەندەدا ئەنجامیان دابوو. هەمان جەنایەتێان خوڵقاند کە پێشتر بە وەبەر گولـلەدانی سینگی ناڕازیانی ٩٨ خوڵقاندبوویان. هەمان جەنایەتێکیان ئەنجام دا کە بە بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی ئەنجامیان دابوو و بوونە هۆی مەرگی سەد و حەفتا و شەش ئینسان. لە هەمووی ئەم جەنایەتانەدا کۆمەڵگا دەستبەجێ ئەنگوستی تاوانی بەرەو سەرانی ڕژیم ڕاکێشا. ئەمجارەیان ماشێنی قەتڵ و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە ناو ناوەندی نووسەرانی ئێراندا قوربانیی خۆی هەڵبژارد. کاتێک کە لە مانگی گوڵانی ٩٨دا سەرکوتگەران، سێ ئەندامی ناوەندی نووسەرانیان بە تۆمەتی “تەبلیغ دژبە نیزام” و “کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات” سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرد، مەعلووم بوو کە سەرانی ڕژیم چەندە لە قەڵەمی بەڵێندار و وشیاری کۆمەڵگا دەترسێن.
بەڵام بیری مێژوویی ئەم کۆمەڵگایە نەیدەتوانی و ناتوانێ فەرامۆشی بکات کە لە خوێن وەردانی هەر جۆرە خۆڕاگرییەکی عادڵانە بەشێک لە جەوهەری کۆنەپەرستانەی ئەم ڕژیمەیە. ئەم کۆمەڵگایە ئەزموونی خوێناویی لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان و جەماوەری تورکەمەن، هێرش بۆسەر ناڕەزایەتیی ژنان، جینۆسایدی دەیەی ٦٠، وەبەر گولـلەدانی کرێکاران، هێرش بۆسەر خابگای خوێندکاران، هێرش بۆسەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی فەرهەنگیان، خانەنشینکراوان و کوشتاری کۆڵبەرانی هەیە. سەرەڕای هەموو ئەم تاوانانە خەڵکی ڕەنجدیتووی ئێران لەژێر سێبەری مەرگباری کۆرۆنادا لە هەر دەرفەتێک کە وەگیریان کەوتووە، کارخانە و شەقامیان کردووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی بوێرانەی خۆیان. ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی لە بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین، دەستبەجێ پاش بیستنی گیان لەدەستدانی ئابتین لە کاتی هەواخۆریی ئەم بەندەدا بە وتنەوەی درووشمی “مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی” ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا و پاش ماوەیەک بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەم تێکۆشەرە لە ژووری پێشووی ناوبراودا کۆبوونەوە. هەروەها کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر نەخۆشخانەی ساسانی تاران بۆ ڕێزگرتن لە ناوبراو مۆمیان هەڵکرد. یەکێک لە دەرهێنەرانی سینەما نووسیی “بەکتاش ئابتین بوو بە هاوسەفەری سەرنشینانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە. مەرگی ئەو بەڵگەی تازەی جەنایەتی کۆماری ئیسلامییە”. ڕۆژی یەکشەممە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە بەکتاش ئابتین و لە حاڵێکدا کە لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکاندا بەتەواوی گەمارۆ درابوون، دیسان درووشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆریان بەرز کردەوە.
چەند ساڵ لەمەوبەر ئابتین وتبووی: “لە باروودۆخی ئێستای کۆمەڵگادا ئێمە بە ڕادەی پێویست شاعیری باشمان هەیە، بەڕادەی پێویست فیلمسازی باشمان هەیە، هونەرمەندی باشمان هەیە. بەڵام ئەوەمان کەمە کە ژمارەیەک ڕاوەستن و خەبات بکەن، ژمارەیەک ڕاوەستن و داوای مافی خۆیان بکەن، ڕاوەستن و خۆڕاگری بکەن. خەبات و خۆڕاگری ئاڵقەی ونبووی ئێستای وڵاتی منە. هەربۆیە پێم خۆشە هەر ئەمڕۆ لە سەردەمی لاویدا، بە سەربەرزییەوە گیانی شیرینم فیدا بکەم”. ئەم ئاواتەی ئابتینی لاو ئەمڕۆ بووەتە ئەمری واقع. کاتێک کە خەڵک حەماسەی مانگی بەفرانباریان خوڵقاند، کاتێک کە خەڵک لە مانگی خەزەڵوەردا هێرشیان کردە سەر قەڵای ڕژیم، کاتێک کە کرێکاران لە حەوت تەپە خۆڕاگرییان نواند، کاتێک سپیدە قولیان سەرەڕای دیلبوونی لەناو سیاچاڵەکانی ڕژیم پەرەدەی لە باروودۆخی مەرگباری زیندانی ژنان لادا، کاتێک لەیلا حسێن زادە چالاکی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری لە پشت میلەکانی گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ناسراو بە بەندی ٢٠٩وە نووسیی: “زیندان پێی خۆشە دەورمان بدات و لەناومان بەرێت، بەڵام ئازادی لە بیرماندا دەپشکوێت و هیوا لەناو چاوماندا دەبووژێنێتەوە”. کاتێک کە ئیسماعیل بەخشی چالاکی بوێری حەوت تەپە دەنووسێت: “بە خەیاڵی خۆیان مەحکوومیان کردووە، زیندانییان کردووە، نەخۆشیان خستووە، گیانیان لێ ستادووە تا چیتر سروودی ئازادی لە زاری سوورییەوە نەبیستن. بەڵام ئاسوودە مەبن کە لە گۆڕی بەکتاش ئابتین، ئەم شاعیرەی ئازادی، هەزاران چرۆ دەڕوێتەوە ولە زاری سووریانەوە سروودی ئازادی و ئازادیخوازی بەسەر سەرتانەوە هاوار دەکەن، ئاسوودە مەبن”. کاتێک کە کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەی خۆیاندا نووسییان: “هەر ئەم تا ددان موسەلەح بوونە لە بەرامبەر ئەو خەڵکە بێدفاعەی کە بێجگەلە دەنگی ناڕەزایەتی هیچ ئامرازێکی تریان بۆ گەڵاڵە کردنی خواستەکانی خۆیان نییە نیشانەی لاوازییەکی بنەڕەتییە لەناو سیستەمی دەسەڵاتدا. لەوەش گاڵتەجاڕانەتر ئەوەیە کە بەندکراوانی سیاسیی ناو زیندانەکانیش دەبنە هۆی ترس و خۆفی حاکمان و بە شێوازی فریوکارانە هەوڵی کوشتیان دەدەن”. بەمجۆرەیە کە ئاواتەکانی ئابتین خەریکە دێتە دی. ئابتین ئارەزووی ئەوە بوو کە ژمارەیەک بێن و ڕاوەستن و خۆڕاگری بکەن و ئێستا دەبینین نەتەنیا ژمارەیەک بەڵکوو گۆشە گۆشەی ئەم وڵاتە لە باکوورەوە بۆ باشوور لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا، لە کارخانەوە تا شەقام، خەڵک لە ئاستی جەماوەریدا موقاومەت و خۆڕاگری دەنوێنن.
لەڕاستیدا بە بەند کێشان، لە سێدارە دان و کوشتنی شۆڕشگێڕان و نەیاران بەشێک لە کردەوەی دیکتاتۆری دەوڵەتی چینی دسەڵاتدار دژبە جەماوەری خەڵکە. ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیە تەنیا لەناوبردنی مرۆڤی ڕەخنەگر نییە. بەڵکوو لە جەوهەری خۆیدا بەنیازە هەموو حەرەکەتێکی زیندوو و ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک و ئاواتەکانیان بۆ ڕزگاربوون لە جیهانی پێچەوانە سەرکوت بکات. ئەم نیزامە چینایەتییە سەرکوتگەرە لە هەموو بەشەکانیدا لە بەرامبەر ئەو ئاسۆ ڕزگاری بەخشە سۆسیالیستییە دایە کە ئاسۆی کۆمەڵگای ئینسانی، کۆمەڵگای ئینسانە ئازاد و بەدوور لە لەخۆنامۆبوون نیشان دەدات.
نابێ بۆ ساتێکیش لەبیرمان بچێتەوە کە دوژمن بۆ سەرکوتی ئێمە حازرە تا چ ڕادەیەک بێ بەزەیی بێت و وەحشیگەری لەخۆی نیشان بدات تا بەرەنگاری پێشڕەویی شۆڕشی ئێمە بێتەوە و هاوکات نابێ لەبیریشمان بچێتەوە کە ڕزگاری لە چنگ دوژمنی چینایەتی لە گرەوی خۆڕاگری، هاوپشتی و ڕێکخراوبوونی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەئاستی سەرتاسەری دایە.