فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن فێرگەی خەباتی چینایەتیی کرێکاران دژی سەرمایەداران
پێنجشەممە ۲۵-۰۸-۱۴۰۲   |  16-11-2023

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ کرێکارانی فوولادی ئەهواز بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام دژی بایەخنەدانی بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت بە داخوازییەکانیان و بە خواستی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ڕبزبەندیی پیشەکان، هاوسانسازیی حەقدەست و گەڕانەوە بۆسەر کاری هاوکارانی دەرکراویان درێژەیان بە مانگرتن دا و ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. کرێکارانی گرووپی میللیی فوولاد بە دروشمی “کارتی کەسێک ببەسترێ، دەرگای شیرکەت دەبەسترێ”، “کرێکار دەمرێ زیللەت قەبووڵ ناکا” لەسەر درێژەی خەباتیان تا گەیشتن بە خواستەکانیان پێداگرییان کرد. هەروەها لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوت و گاز لە جنووب لە چەندین ناوچە لەوانە ناوچەی عەمەلیاتیی سیری، چابەهار، ئاغاجاری، بەندەری ماهشەهر و ئەهواز درێژەیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دا. خانەنشینانی مەعدەنەکان و سەنعەتی نەوت و تەئمینی ئیجتماعیش لە چەندین شار و پەرستاران لە کاشان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و ڕێپێوان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەم نموونانە نیشانی دەدەن کە مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی كرێكاری به‌ شێوه‌ی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی كار و یان له‌ به‌رامبه‌ر ناوه‌نده‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕۆژانه‌، به‌ به‌رینایی گشت ئێران، له‌ ئارا دایه‌. هەموو ڕۆژێ شایەدی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانین. ئەگەرچی مانگرتن و بەرێوبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حەرەکەتێکی پێچەوانەی یاسایە، بەڵام کرێکارانی ئێران ساڵەهایە مانگرتن و ناڕەزایەتیی نایاسایی خۆیان کردووەتە واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگری بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمەڵگای ئێران. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه‌دا، به‌رده‌وام یاسای كار نووسراوه‌ته‌وه‌ و ته‌بسه‌ره‌ و تێبینیی جۆراوجۆری پێ زیاد كراوه‌ و یان لێی كه‌م كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ هیچكام له‌م پێشنووس و په‌سندكراوانه‌دا، ته‌نانه‌ت یه‌ك جاریش ووشه‌ی “مانگرتن” به‌كار نه‌بردراوه‌. ده‌ڵێی وه‌ها حه‌ره‌كه‌تێك له‌ كۆمه‌ڵگای ئێراندا، بوونی نییه‌. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای حاشالێكردن و په‌رده‌پۆشیی ڕژیم، مانگرتنی كرێكاری، به‌رده‌وام كابوسی ده‌زگاكانی سه‌ركوتی ڕاسته‌وخۆ، له وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا، فه‌رماندار و ئۆستانداره‌كانه‌وه‌ بگره‌ تا ناوه‌نده‌كانی سه‌ركوتی ناڕاسته‌وخۆ، له‌وانه‌ ڕێكخراوه‌ دژه‌ كرێكارییه‌كانی وه‌ك خانه‌ی كاریگه‌ر و شۆرای ئیسلامی و هیتر، بووه‌.

مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی جیانەکراوەی مەوجودیەتی چینێکە کە سەروەت و نێعمەتە کەڵەکە کراوەکان لەم کۆمەڵگایەدا بەرهەمی کار و ڕەنجی ئەوە. حه‌قده‌ستێك کە سەرمایەداران ئەیدەن بە کرێکاران، تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرەو مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات تا بتوانن سبەینێ دیسان بچنەوە سەرکار و سەرلەنوێ بچەوسێنەوە و سەروەت بەرهەم بێنن. بەڵام کرێکاران لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە زاڵمانەیەدا تەسلیم و بێ ئیرادە نین. ئەگەر سەرمایەداران هەموو هەوڵی خۆیان بەکار دێنن تا بە دانی حەقدەستی کەمتر بە کرێکاران، بە خۆ بواردن لە ئەنجامی ئەو تەعەهودات و تەوافوقیان لەگەڵ کرێکاران، سود و قازانجەکانیان زیاتر بکەن، لە بەرانبەردا کرێکارانیش بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان مانگرتن وەک شێوازێكی کارا لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان بەکار دێنن.

مانگرتنی یەکگرتووانە سەرەتای خه‌باتی هەدەفمەندی کرێکارانە وەک چینێک لەدژی نیزامی سەرمایەداری. تا پێش له‌و شێوازه له‌‌ خه‌بات ‌کرێکاران تەنیا بەشێوەی فەردی لە کێشمەکێشەکانیدا لەگەڵ سەرمایەدارانی قازانج پەرست دەرگیر بوون. بەڵام لەوە بەدواوە کرێکاران فێر دەبن کە چلۆن هێزی بە کۆمەڵی خۆیان لەم نەبەردەدا بەکار بێنن. کرێکاران بوون کە خەباتی بە تەنیایان لەگەڵ سەرمایەداران بەهیچکوێ ناگات. کرێکاران لە جەریانی مانگرتندا لەژێر باری سوکایەتی پێکرانی هەموو رۆژەیان لەلایەن سەرمایەدارانی قازانج پەرستەوە پشت ڕاست کردووەتەوە و باوەڕ بەخۆبوون و کەرامەتی ئینسانی خۆیان بەدەست هێناوەتەوە. “کرێکار دەمرێ، زیللەت قەبووڵ ناکات” سەلمێنەری ئەم واقعیەتەیە. لەگەڵ دەستپێکردنی هەر مانگرتنێکدا خاوەنکاران بۆیان دەردەکەوێ کە مەیدانداریی ئەوان لەدژی کرێکاران سنوورێکی هەیە و ئەوان ئیتر حاکمانی موتڵەق بەسەر چارەنووسی کرێکارانەوە نین. کرێکارانیش دەزانن کە ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لە فەلاکەتێک کە سەرمایەداران بەسەریاندا سەپاندون بوونی نییە و هیوا بە ڕزگار بوون لە ژیانی ژێردەستە بوون لە وجودیاندا چەکەرە دەکات.

لە جەریانی مانگرتندا کرێکاران روو بە روو لەگەڵ سەرمایەداران وتووێژ دەکەن، مافەکانیان بە پشتیوانی هێزی یەکگرتوانەی خۆیان داوادەکەن، بەم جۆرە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە هەست دەکەن کە لەگەڵ سەرمایەداراندا لە ئاستێکی یەکساندان. لە رۆژەکانی مانگرتندا ئەوە کرێکارانن کە دەستور بە سەرمایەداران ئەدەن و بەسەریاندا فەرمان ئەکەن. ترس لە شکڵ گرتن و گشتگیر بوونەوەی وەها رۆحیەیەکە کە دەوڵەتانی پشتیوانی سەرمایەداران توشی وەحشەت دەکات و سەرلێشێواوانە ئامرازەکانی سەرکوتی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەدژی کرێکاران بەکاردێنن. کاردانەوەی دەوڵەتەکان ئەوە فێری کرێکاران دەکات کە بۆ بەئاکام گەیاندنی ئەم نەبەردە دەبێ وشیارانە تر و ڕێکخراوتر و ڕەزمەندەتر بێنە مەیدانی عەمەلەوە.

” مانگرتن چاوی کرێکاران نەتەنیا بە رووی ماهیەتی سەرمایەداران بەڵکوو بە رووی ماهیەتی دەوڵەت و یاساکانیشیدا دەکاتەوە، هەر مانگرتنێک ئەم ڕاستیەی کە دەوڵەت دوژمنی کرێکارانە و چینی کرێکار دەبێ خۆی بۆ خەبات لەدژی دەوڵەت و بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی هەموو خەڵک ئامادە بکات وەبیر کرێکاران دێنێتەوە. مانگرتن ئەوە فێری کرێکاران دەکات کە بەیەکەوە بن، نیشانیان ئەدات کە ئەوان تەنیا کاتێک کە یەکگرتوو بن دەتوانن لەدژی هەموو سەرمایەداران خەبات بکەن. مانگرتن فێری ئەوەیان دەکات کە بیر لە خەبات لەدژی حکوومەتی پۆلیسی بکەنەوە و بۆ ئازادی هەموو خەڵک، سەرجەم ئەوانەی کە زەحمەت دەکێشن لەژێر کۆت و بەندی ئیستبداد خەبات بکەن.”

بەم جۆرە مانگرتن مەیدانەکانی خەباتی سیاسی بە رووی کرێکارانی پێشڕەو و ڕێبەرانی کرێکاریدا دەکاتەوە. فێریان دەکات کە ئه‌ركی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگا پێچەوانەیەی کە چارەنووسی لەدەستی چینێکی زەروو سفەت دایە لە ئەستۆی ئەوانە. کرێکاران بە درێژەدان بەم خەباتە فێر دەبن کە سەرجەم هەڵاواردنە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، برسیەتی، قاتوقڕی، ستەمکێشی سەر ژنان، هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئیعتیاد، لەشفرۆشی، کاری منداڵان، منداڵانی خیابانی و سەرجەم فەسادێکی لەم کۆمەڵگایەدا هەیە بەرهەمی نیزامێکە کە له ‌باری مێژووییەوه‌ ته‌مه‌نی بەسەرچووە و بە دەستی پڕ توانای چینی کرێکار دەکرێ بگۆڕدرێت.

بزوتنەوەی کرێکاری لە هیچ وڵاتێک مافی مانگرتنی لە ڕژیمە سەرمایەداریەکانی حاکم سواڵ نەکردوە، بەڵکوو ئەم مافەی بە هێزی یەکگرتوویی و خەباتی خۆی بەدەست هێناوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەگەرچی ڕژیم وەها مافێکی قەت بۆ کرێکاران بەڕەسمیەت نەناسیوە بەڵام مانگرتن بەردەام یەکێک بووە لە ئامرازەکانی جەماوەری کرێکاران بۆ دەرکێشانی بەشێک لە مافەکانیان لە گەرووی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان. مانگرتنی سەرکەوتووانەی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، ڕێگەی ئاسنی سەرانسەری و مانگرتنە بەردەوامەکانی کرێکارانی خەباتکاری نەیشەکەری حەوت تەپە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لە نموونە شکۆدارەکانی بەکارهێنانی ئەم چەکەیە لەلایەن کرێکارانەوە.

مانگرتن ئامرازی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکارانە. مانگرتن مەدرەسەیەکە بۆ ئاموزشی چینی کرێکار لە خەباتێکی چارەنووس سازدا کە خەریکە بەرەو پێشی ئەبات. مانگرتن دەرفەتێکە بۆ دەرکەوتن و پەروەردەی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری. لە جەریانی مانگرتندایە کە کرێکاران هەست بە پێویستی ڕێکخراوبوون و یان نەزم دانی زیاتر بە رێكخراوه‌كانیان دەکەن. لە جەریانی مانگرتندایە کە کرێکاران خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حەرەکەتی بەرەو پێشی خۆیان دەناسن و تەجروبەکانیان بۆ خەباتی چارەنووس سازی داهاتوو دەوڵەمەند تر دەکەن. لە جەریانی مانگرتندایە کە هاوڕێیەتی و هاوپشتی کرێکاری بەهێز دەبێت. لە رۆژەکانی مانگرتندا بنەماڵە کرێکاریەکان زیاتر لە پێشو لەیەکتر نزیک دەبنەوە و لە چارەسەر کردنی کێشە و گرفتی رۆژانەیاندا یارمەتی یەکتر ئەدەن.

هیچ ڕادەیەک لە خزمەتگوزاری و بیمەکان، هیچ ڕێژەیەک لە زیاد بوونی حەقدەست، هیچ باشتر بوونێک لە بارودۆخی ئیمنی کار، بەرهەمی بڕیاری دڵخوازانە و ئیختیاریی لە لایەن سەرمایەدارانەوە نەبووە . هەر مافێک کە لەم بوارانەدا بەدەست هاتووە، تەنیا بەرهەمی خەباتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و یان ترسی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بووە لە کاردانەوەی توند و پەرەسەندنی زیاتری خه‌باتی کرێکاران. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا کاتێک کە لەگەڵ ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاران لە شێوازی مانگرتندا بەرەوڕوو نەبنەوە، بایەخ بە داخوازیی کرێکاران نادەن. بەڵام کاتێک کرێکاران پرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکە کردنی سوودی سەرمایەیان ڕاگرت ئەوکاتەیە ترس لە گیانیان دەنیشێ و لێیان حاڵی دەبێت کە چلۆن شووشەی تەمەنی نیزامەکەیان لە دەستی ئەو بێبەشانە دایە کە تا دوێنێ کردبویاننە کۆیلە و سووکایەتییان پێدەکردن. مانگرتن فێرگە و قوتابخانەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە لەدژی نیزامی سەرمایەداری.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co