کورش گەڕاوەند هاووڵاتی خەڵکی شاری سەراوڵە کە ڕۆژی ١٥ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە باروودۆخی خۆی و ناڕوونی دۆسیەکەی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان لە زیندانی ناوەندی ئیلام مانی لە خواردن گرتووە.
کورش گەڕاوەند تەمەن ٢٠ ساڵ، ڕۆژی هەینی ١٥ی بەفرانبار لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵیان لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر کرابوو. هەواڵی دەستبەسەرکرانی دووبارەی ناوبراو تا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە. کورش لەلایەن دەزگای دادوەری ڕژیمەوە تۆمەتی بێڕێزی بە پیرۆزییە ئایینییەکانی دراوەتە پاڵ.
شایانی باسە کە کورش گەڕاوەند ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر و دوای ١٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد بوو.
ئەم لاوە دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سەراوڵە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.