فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن لە خواردنی زیندانیەکی سیاسی لە زیندانی ورمێ
چوارشەممە ۱۶-۱۲-۱۴۰۲   |  06-03-2024

رۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە کامران قاسمی، زیندانیی سیاسی کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ سزای ٧ ساڵ و نیو بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعات بۆ پێدانی مۆڵەتی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.
بەپێی زانیاریەکان، کامران قاسمی کە لە بەندی سەرووئەمنیی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە نیوەی ماوەی سزاکەی تێپەڕاندووە و بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی ئازادیی مەرجداری هەیە، بەڵام بە هۆی ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کراوە.
کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەگەڵ ٤ هاووڵاتی دیکەدا بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.