ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەر، وریشە مۆرادی بەندکراوی سیاسیی کە بە “بەغی” مەحکووم کراوە، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دەرچوون حوکمی ئێعدام و هەروەها ناڕوونی دۆخی دۆسیەکەی خۆی لە زیندانی ئێڤینی تاران، تا ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرتووە.
دووەمین دانیشتنی دادگای وریشە مۆرادی لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” بەڕێوە چووبوو و لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وریشە مۆرادی و پارێزەرەکانی نەدرابوو. پارێزارەکانی وریشە مۆرادی تاوەکوو ئەم دانیشتنەی دادگا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو بێبەش بوون دوای دانیشتنەکە تەنیا بۆ چەند کاتژمێر توانیبوویان دۆسیەکەی ببینن و بیخوێننەوە. شایانی باسە، دووەمین دانیشتنی دادگای وریشە مۆرادی لە ١٤ی گەلاوێژ بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو لە دادگا بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بە سەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی بۆ کاتێکی دیکە دواخرابوو. جێگای ئاماژەیە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٧ی گوڵانی ئەمساڵ بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کرابوو.