فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن لەخواردنی سوهەیلا محەممەدی لە زیندانی ورمێ
یەکشەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۲   |  06-08-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و خەڵکی شاری سەڵماس، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی و گرفت خولقاندن و کێشەنانەوەی بەرپرسانی ئەو زیندانە بۆ ناوبراو، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم دوایییانەدا جارێکی تر داوای ئازادیی کاتی و مەرجداری کردووە و ئەم داخوازییە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕەت کراوەتەوە. پاش ڕەوتکردنەوەی داخوازییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە مانگی ڕەشەممەی پارەکەوە بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو و هەرەوەها بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەند چەقۆیەک لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دا کە لە لایەن  هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا. شایانی باسە سوهەیلا محەممەدی کە بەهۆی گوشاری بەردەوامیی سپای پاسداران لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراوە، لە پاییزی ساڵی ١٤٠٠ لە شاری سەڵماس لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، لە لایەن دادگاوە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.