ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی بەفرانبار “شۆرای هاوئاهەنگی و هاوپشتیی کرێکارانی ڕەسمیی سەنعەتی نەوت” لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە کرێکارانی ڕەسمیی نەوتی سەرانسەری ئێران کردبوو تا: “ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی بەفرانبار لە هەموو ناوچە و ناوەندە نەوتییەکان بەشێوەی هاوئاهەنگ و لەئاستی سەرانسەریدا دەست بدەنە مانگرتن و کۆبوونەوە. ئەم بانگەوازە سەرەڕای هەوڵ و هەڕەشەی دامودەزگای ئەمنییەتی و حزووری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی سەنعەتی نەوتەوە وڵامی ئەرێنیی وەرگرت و مانگرتن و ناڕەزایەتی لە هەموو ناوەندەکان بەڕێوەچوو. بەیانیی ڕۆژی سێەشممە ٢٧ی مانگی بەفرانبار کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز لە زۆرێک لە شار و ناوچە نەوتییەکان لەوانە لە پاڵاوگەی نەوتی ئابادان، کرێکارانی نەوت و گازی شیرکەتی نەوتیی دوورگەی خارک، لە ستادی شیرکەتی نەوت و گازی شەرق لە مەشهەد، لە واحیدە عەمەلەلیاتییەکانی ناوچەی سیری لە باشووری بەندەری لێنگە، شیرکەتی فەلاتی قارە، شیرکەتی پالاوگەی گازی فەجری جەم، کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە عەسەلویە، پاڵاوگەی نەوتی ئیلام، پاڵاوگەی گازی ئیلام، شیرکەتی گازی ئۆستانی فارس لە شیراز، کرێکارانی نەوتی ئەهواز، کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوت و گازی چشمە خۆشی دێهلۆران، کرێکارانی ڕەسمیی شیرکەتی نەوت و گاز ئاغاجاری، بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد. کرێکارانی سەنعەتی نەوت بەم مانگرتنە گۆشەیەک لە هاوپشتیی چینایەتیی خۆیان بە سەرمایەداران و حکوومەتی ئیسلامی نیشان دا.
گرینگترین خواستی کرێکارانی ڕەسمیی سەنعەتی نەوت بریتی بوون لە: بەکردەوە دەرهێنانی ماددەی ١٠ سەبارەت بە یاسای ئەرک و ئیختیاراتی وەزارەتی نەوت و بازپەرداختی پێوەندیدار بەم یاسایە، لابردنی سەقفی حقوقی و پەرداختی فەوقولعادەی ویژە، لابردنی ماڵیاتی زۆری حقوق، بردنەسەرەوەی حقوق و حەقدەستەکان، پێدانی پاداشی خانەنشینی، باشترکردنی خزمەتگوزاری و بارودۆخی تەندروستی و دەرمان، هەڵوەشاندنەوەی سندووقی نەوت و پێڕاگەیشتن بە باقی خواستەکانیان. بەشی کۆتایی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی سەنعەتی نەوت، لەم ڕۆژەدا دەرکردنی بەیاننامەیەی کۆتایی بوو لەژێرناوی “نان بە قیمەتی گیان ناکڕین”. لەم بەیاننامەیەدا بە ئاراستەیەکی خەباتکارانە و ڕەسا و لێبڕاوانەوە هۆشداریان بە بەرپرسانی حکوومەت دابوو کە “وتبوومان کە سەبری ئێمە ئاستێکی هەیە، وتبوومان کە لۆکە لە گوێتان دەربێنن، ئێمە وتمان و ئێوەش نەتانویست بیبیستن. ئێستا دەبینە لافاوێکی خرۆشاو کە هەموو شتێک لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت و وێرانی دەکات. وامەزانن کە ئێمە هەروا دەسووتێین و دەبێ بسووتێین، ئێمە دەبینە خودی ئاگر و بۆ خامۆش کردنمان دەتانخەینە گریان و پاڕانەوە”. ناوەرۆکی ئەم بەیاننامەیە دەرخەری هەڵوێستی بەهێز و گەشە و پێگەیشتنی سیاسیی چینی کرێکاری ئێرانە لە بەرامبەر سەرمایەداراندا کە لە ڕابردوو زیاتر لە هێزی ڕێکخراوی چینایەتیی خۆی گەیشتووە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی کرێکارانی ڕەسمیی نەوت وڵامێکی بەتەوژمە بە هەڵیت و پڵیتەکانی سەرانی ڕژیم کە گوایە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییان کۆنتڕۆڵ کردووە.
هەڵبەت یەک حەفتە پێشتر، “شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت”یش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خواستی سیاسی و چینایەتی و سینفیی خۆی ڕاگەیاند و لەئاست ئەوزاعی نالەباری مەعیشەتی و دیکتاتۆری و سەرکوت و زەبروزەنگی حکوومەتی ئیسلامی هوشداری دا. کرێکاران لەم بەیاننامەیەدا خوازیاری کۆتایی هێنان بە کوشتار و زیندان و ئەشکەنجەی وەحشیانەی ڕژیم بوون. لەو بەیاننامەیەشدا وێڕای ئاماژە بە تێپەڕینی زیاتر لە سەد ڕۆژ لە نەبەردێکی سەخت بۆ دیفاع لە ژیان و بژێو و کەرامەتی ئینسانی، باس لەوە کرابوو کە وڵامی ڕژیم بێجگەلە گولـلە و زیندان و ئەشکەنجە و مەرگی خامۆش و ئێعدام شتێکی تر نەبووە. ڕژیم لەگەڵ ژنان و پیاوانی زیندانیی سیاسی و تەنانەت لەگەڵ منداڵان وەک دیلی شەڕ هەڵسووکەوتی کردووە. ئەم بەیانییەیە لەلایەکی دیکەوە لەسەر پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری وەک وڵام بە ئێعدام و سەرکوتی ڕژیم تەئکیدی کردبوو. “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت”یش ڕێگای نەجات لە ئەوزاعی فەلاکەتبارێک کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندووە، لە یەکگرتوویی و هاوپشتیی کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران و لاواندا دەبینێت و بەردەوام لەسەر یەکگرتن لەدەوری خواستی فەوری بۆ سەرکەوتنی نیهایی تەئکیدی کردووە.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی ڕەسمی و پەیمانیی سەنعەتی نەوت لە بارودۆخێکدا لە حاڵی گەشە دایە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی لە شارەکانی ئێران درێژەی هەیە. قەیرانی ئابووریی قووڵ و چارەهەڵنەگری ڕژیمی ئیسلامی، هەژاری، برسییەتی و بێکاری، گوشارێکی تاقەت پڕووکێنی بەسەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشدا سەپاندووە و توانای کڕینی یەکجار هێناوەتە خوارێ. مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە هەمانحاڵدا وڵامێک بە گەڵاڵەی بووددجەی ڕەئیسی بوو. گەڵاڵەی بوودجەی دەوڵەتی ڕەئیسی بە مەجلیسی کۆنەپەرست لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم واقعییەتەی ئاشکرا کرد کە ڕژیم دەیهەوێ باری سەنگینی قەیرانی ئابووری و وەرشکسەتیی ماڵی خۆی بخاتە سەر شانی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران. ڕژیمی ئیفلاس هێناوی ئیسلامی بەنیازە بەشێک لە هەزینەکانی دەزگای سەرکوت بە وەرگرتنی ماڵیات و هەڵمژینی شیرەی گیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بەدەست بێنێت. ئەوەیکە ڕژیم لەم پێوەندەدا ئەنجامی داوە، هەڕەشە و سەرکوت و کوشتار بووە. وتەکانی خامنەیی جەنایەتکار لەم دەورەیەدا تەنیا هاندانی هێزی سەرکوتگەر و مەداحانی فریوکار و جیرەخۆر و ئاخوندە مفتەخۆرەکانی بووە بۆ دیفاع لە حکوومەت و سەرکوتی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە. ئەوەش نیشانەی کۆتایی تەمەنی دەسەڵاتێکی تاوانکارە کە هەموو خەڵکی ئێران بەدروست بە دوژمنی خۆی دەزانێت. ڕژیمێک کە دەسەڵاتەکەی واتە مافیای سپای پاسداران زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووریی ئێرانی لە کۆنتڕۆڵ دایە و هۆکاری سەرەکییە لە قەیراناویکردنی ئابووریی ئەم وڵاتە و لەئاستی نێونەتەوەیشدا بە تیرۆریست پێناسە کراوە.
لە بارودۆخێکدا کە زیاتر لە چوار مانگ لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیوە و ئێستا پایەکانی حکوومەتی ئیسلامی یەکجار لەرزۆک و لاواز بوون، سەرەڕای هەموو ئەو بەربەست و دژوارییانەی کە لەسەڕ ڕێگای کرێکارانی ڕەسمی و پەیمانیی سەنعەتی نەوت و باقیی کرێکارانی بەشەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارین، ڕێگایەک بێجگەلە هاتنە مەیدان بۆ نیشاندانی بەهێزی مانگرتن و ناڕەزایەتی بوونی نییە. بۆ کۆماری ئیسلامیش ڕێگایەک بێجگەلە ئەوەیکە باری قورسی قەیرانی ئابووری بخاتە سەر شانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بوونی نییە. بێگومان گەشەی مانگرتنی کرێکاری لەئاستی سەرانسەری هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری تەنیا ڕێگای لاوازکردن و لەکارخستنی ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە و ڕووخاندنیەتی لەم نەبەردە چارەنووسسازەدا.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە