ڕۆژانی ڕابردوو لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران بۆ جارێکی دیکە جەماوەری وەگیان هاتوو بە درووشمی مەرگ و نەمان بۆ ڕئیسی، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، ئاخوند دەبێ نەمێنێ، هاتنە سەر شەقامەکان. ئەم جەماوەرە تەنیا بەشێکی چکۆلە لە شەپۆلی خرۆشانی بێبەشانی کۆمەڵگەن کە کاسەی سەبر و تەحەمولیان لێوڕێژ بووە. ئەگەرچی بۆ هێندێک کەس باوەڕی دژوار بوو، بەڵام ئەم شەپۆلە خرۆشانە قابیلی پێشبینی بوو. دەوڵەتی ڕەئیسی بە بردنەسەرەوەی پێنج بەرابەریی نرخی ئارد پەلامارێکی تازەی بۆسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کەس لە خەڵک دەست پێکردووە. لە حەوتووی دووهەمی مانگی گوڵاندا، فرۆشی ئاردی شیرکەتی بازرگانیی دەوڵەتی بە بەرهەمهێنەرانی نانی گەورە و مامناوەند، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو قەتع کرا. هەر ئەم بابەتە بەس بوو تا قیمەتی ئارد کە پێشتر کیلۆی هەزار و حەوسەد و پەنجا تمەن بوو بگاتە کیلۆی شازدە هەزار تمەن. هێشتا خەڵک لەو شۆکە لە گرانییە نەهاتبوونە دەر کە ڕۆژی پێنجشەممە بیست و دووی گوڵان ستادی تەنزیمی بازاڕی ئێران، چوار کاڵای سەرەکیی دیکە لەوانە مریشک، هێلکە، ڕۆن و شیرەمەنیی و ژێر شاخەکانی بەپێی بڕیاری دەوڵەت واتە لابردنی دراوی تەرجیحی، گران کرد. دەستبەجێ لە چەندین شار شەپۆلێک لە خەڵک ڕوویان کردە فرۆشگاکان و وێنە و گرتە ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە.
لەو نێوەدا هەم سەرانی ڕژیم و هەم ڕێفۆرمخوازانی دوورخراو لە ئاڵقەی دەسەڵات کە پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی بە ئەرکی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن، هاتنە مەیدان. “ئەحمەد زەیدئابادی”، یەکێک لەو دوورخراوانە نووسیی: “ئاغای ڕەئیسی لە دۆخەکە تێدەگەیت؟ کۆمەڵگەی ئێران تاقەتی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەماوە”. پاسدار “سنایی ڕاد” کە لە کەسایەتییە باوەڕپێکراوەکانی خامنەییە لە سەروتاری ڕۆژنامەی جەوانی سەربە سپای پاسداراندا نووسیی: “سەرانەی بەکارهێنانی مانگانەی هەر کەس دەبێت نزیکەی حەوت تا حەوت و نیو کیلۆ ئارد بێت. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بۆ هەر کەسێکی ئێرانی نزیکەی ١٤ کلیۆ ئاردی دەوڵەتی تەرخان دەکرێت”. ئیدیعای ئەم سەردارەی سپا ئەوپەڕی بێشەرمییە و لەحاڵێکدایە کە نانیش لەگەڵ تێپەڕینی کات بووەتە کاڵایەکی لۆکس لە کۆمەڵگەدا. بەسیجی دانشجوویی ئۆرگانی دانشجوویی ڕژیم، سەبارەت بە عاقیبەتی کار هۆشداری داوە و هەڵبەت متمانەشی داوە کە “لە پەنا دەوڵەت” دەمێنێتەوە. سەرنووسەری ڕۆژنامەی کۆماری ئیسلامیش دەرفەت بە هەل دەزانێت و وێڕای لەقاودانی دەوڵەتی ڕەئیسی کە گۆیا گرانبوونی ئارد و کەمبوونی ماکاڕۆنی و نایاب بوونی ڕۆن دەخاتە ئەستۆی قاچاخچیانەوە دەڵێت: “ئێستا کە ڕوون بووەتەوە ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بوێرانە واز لە پۆستەکەتان بێنن و کار بە کەسانی کارزان بسپێرن تا خەڵک و وڵات لەم گێژاوە مەترسیدارە دەرباز بکەن”.
سەرەڕای بەڵێنییەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی واتە کۆنتڕۆڵکردنی قیمەتەکان و هێنانەخوارەوەی تەوەرۆم، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١ەوە شایەدی ڕەوتی بەرزبوونەوەی نرخی زۆرێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییە پێویستەکانی ملیۆنان کەس لە خەڵک بووین. نرخی بلیتی مێترۆ کە لەلایەن بەشێکی بەرین لە خەڵکی کەم داهاتەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ٢٥ لەسەد گرانتر بووە، بەشوێنیدا کرێی تاکسیش ٢٥ تا ٣٥ لەسەد چووەتە سەرێ، نرخی کرێی ماڵیش لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠وە تا خاکەلێوەی ئەمساڵ، ٣٠ تا ٧٠ لەسەد گرانتر بووە، هەروەها نرخی ئۆتۆمبێلی مۆنتاژی ناوخۆ لەماوەی حەفتەکانی ئەوەڵی ساڵدا ٦٠ تا ١٢٠ لەسەد بەرز بووەتەوە، تێچووی خزمەتگوزاریی ئینتێرنێتیی مۆبایلیش شەست تا سەد لەسەد گرانتر بووە. بەهای کاڵاکانی دیکە لەوانە پۆڵا و سیمانیش چووەتە سەرێ. دیاردەی گرانی بەڵام بەم کاڵایانە سنووردار نەبۆوە. لە درێژەی ئەم شەپۆلە لە گرانییەدا ئەمجارەیان چوونەسەرەوەی قیمەتی کاڵا سەرەکییەکانی خەڵک کەوتە دەستووری کاری دەوڵەتەوە. مریشک شەست هەزار تمەن، هێلکە هەر شانەیەکی سی دانەیی حەفتا و شەش هەزار تمەن، ڕۆنی مایەعی خۆراکی هەشتسەد گرەمی شەست هەزار تمەن، ڕۆنی جامد پێنج کیلۆیی سێسەد و هەشتا هەزار تمەن، شیری هەشتسەد گرەمی پازدە هەزار تمەن، بەستەی چوارسەد گرەمیی پەنیر سی و هەشت هەزار تمەن و قیمەتی زۆرێک لە کاڵای سەرەکییەکانی دیکەش سەد لە سەد چوونەتە سەرێ. باسکردن لەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی قیمەتەکان لە ڕوانگەی کاربەدەستانی حکوومەتەوە، مەسەلەیەکی ئەمنییەتیی بوو. لە وەها باروودۆخێکدا، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕستەی وەک “نانی شەوی خەڵک کاڵای ئەمنییەتی، گرانیی نان و چکۆلە بوونەوەی سفرەکان، نانی شەو وەعدە ناناسێت، کرێکاران برسیتر دەبن، تارمایی گرانیی نان بەسەر سفرەکانی خەڵکەوە” باسی لە کەشوهەوای ناڕەزایەتییی کۆمەڵگا دەکرد. شارەکان لە کوڵوکۆی ناڕەزایەتی دژبەم گرانییەدا بوون و هەمووان لێی ئاگادار بوون. بەسیجی دانشجوویی سەبارەت بە سەرهەڵدانی نائارامییەکان هۆشداری دەدا و هەواڵنێریی ڕوویتێرز نووسیی “ئێران لەسەرە ئەنباری باڕووتە”. خەڵک بەچاوی خۆیان دیانبینی کە بە لابردنی دراوی تەرجیحی و پاوانکردنی هاوردەی کاڵاکان لەلایەن مافیاکانی سەربە ڕژیم و بردنەدەرەوەی کاڵای سەرەکی لە ئاستێکی سەرسووڕهێنەردا، نانی خەڵکیان بە بارمتە گرتووە. دەوڵەتی ڕەئیسی هەوڵی دا هاوکات لەگەڵ گران کردنی کاڵاکان بە پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت، باروودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات. لە ڕۆژانی بەر لە ئەوەڵی مانگی مەی دەستی دایە ڕەشبگیری، بانگکردن و هەڕەشە لە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا لە تاران حکوومەتی نیوە نیزامیی ڕاگەیاند. لە ڕۆژانی دواتردا شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی درێژە پێدا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، ئەو ئەنبارە باڕووتەی کە “ڕوویتێرز” باسی لێ دەکرد لە پازدەی مانگی گوڵانەوە لێرەولەوێ ئاگری گرت و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام و هێرش کردنە سەر ناوەندەکانی بەسیج و ئاگرتێبەردانی ئەم ناوەندانە دەستی پێکرد. لە هێندێک لە شارکان خەڵک هێرشیان کردە سەر فرۆشگاکان. هەموو ئەمانە نیشانی دەدا کە کۆمەڵگە ئامادەی ناڕەزایەتییەکی سەرانسەرییە. لە بیست و دووی مانگی گوڵاندا بۆ جارێکی دیکە مامۆستایان بە خواستی ئازادیی دەسبەسەرکراوانی ئەوەڵی مانگی مەی هاتنە سەر شەقامەکان. ژنان لە ڕیزی ئەوەڵی ناڕەزایەییەکاندا بوون. یەکێک لەو ژنە بوێرانە ئەگەرچی مامۆستاش نەبوو، بەڵام بەوتەی خۆی هاتبوو یارمەتیی هاوچینەکانی بدات، بە دەنگێکی ڕەساوە وتی: “دایکان و باوکان، ئەوانەی کە بە من دەڵێن مەڕۆ بۆ لای مامۆستایان، دەڵێن منداڵەکانتان دەبەن، دەڵێن تیکەیەکت نان هەیە سبەینێ دەبێتە نیوە تیکە، بۆ دوو سبەیش دەبێتە سفر تیکە. ئەگەر بێمە ئێرە چیم لێ دەکەن؟ دەمگرن زیندانیم دەکەن؟ ئەگەر بمخەنە زیندان لەوێ سەرپەنام هەیە، نانم هەیە، ئاوم هەیە و هیچ هەزینەکیش نادەم، عیزەت و حورمەتیشم زیاترە لە دەرەوەی زیندان. من دایک و باوکم نییە کە لەگەڵیان دەنگ هەڵبڕم، کەوابوو موعەلیم هاوار بکات مینش لەگەڵم، کامیۆندار هاوار بکات منیش لەگەڵم، دامدار هاوار بکا منیش لەگەڵم، میکرۆفۆنمان لێ وەرگرن یان میکرۆفۆن خراپ بێت هاوار دەکەمم، من بێدەنگ نابم، لەگەڵتان دەمێنمەوە، من لە ئێوەوە فێر بووم. ئەگەرچی موعەلیمیش نیم، بەڵام لەگەڵ ئێوەم، نەک لەگەڵ ئەوانەی کە خۆیان شاردووەتەوە و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەڵێن، خەڵکی تر با بچن، ئێمە ئاگامان لە منداڵەکانمانە. کاتێک منداڵەکەت هیچ بایەخێکی نییە ئاگالێبوون چ مانایەکی هەیە، هیچ کارێک بۆ منداڵەکانتان بوونی نییە، هێندەیان تەحقیر کردووین کە خۆمان بەیەکتر دەڵێین نابێ بچین داوای مافمان بکەین”.
لەئێستادا کە لە درێژەی ئاخێزە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا بۆ جارێکی دیکە ڕاپەڕینی بێبەشان و هەژاران دەستی پێکردووە، پێشڕەوییەکەی لە گرەوی هاتنە مەیدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریی سەرتاسەریی ئێران دایە. مانگرتنی سەرانسەری و جەماوەریی کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانە کە دەتوانێت ماشێنی سەرکوتی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران زەمینگیر بکات و پێشڕەویی ئاخێزی بێبەشان زەمانەت بکات.