ناڕەزایەتییەک کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی مانگی خەرمانان بەدوای کوشتنی دڵتەزێنی ژینا ئەمینی (مەهسا) لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، لە بەرامبەر نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران دەستی پێکرد و تێیدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە جەنایەت و دژبە حکوومەتی ئیسلامی درووشمیان وتەوە، بووەتە ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری. ئەم ئاخێزە واتە ئاخێزی مەهسا، لەئێستادا چووەتە ناو سێهەمین حەفتەوە. کۆماری ئیسلامی بە هەموو دەزگاکانی سەرکوتیەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە مەشخەڵی ئاگری ئەم ناڕەزایەتییە خامۆش بکات. ئەگەرچی یەکێک لە کەموکوڕییە جیددییەکانی هەتا ئێستا نەبوونی پەیوەندی نێوان شەقام و کارخانە و نەبوونی هاوکاتی و هاوئاهەنگیی نێوان مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی شەقام بووە، بەڵام هەر ئێستا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕییانە و هاوکاتکردنی وشیارانەیان دەبیندرێت. بێگومان هاتنە مەیدانی کرێکاران وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و بە سەرەکیترین چەکی خۆیانەوە واتە مانگرتن، ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە درێژەدان و پێشڕەویی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییەدا دەبێت.
لەم بوارەدا لە قۆناخی ئێستادا، ئاڵۆگۆڕ و جموجۆڵ سەری هەڵداوە. ڕۆژی دووشەممە چواری مانگی ڕەزبەر، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، لە ڕاگەیاندنێکدا وێڕای پشتیوانی لە خەباتی خەڵک دژبە توندوتیژیی ڕێکخراو و دژبە هەژاری و نەبوونی، ڕایگەیاند: “ئێمە کرێکارانی نەوت هۆشدار دەدەین کە ئەگەر ڕێژیم کۆتایی بە دەستبەسەرکردن، کوشتنی خەڵک و سەرکوتگەری و ئەزیەت و ئازاری ژنان نەهێنێت، بێدەنگ نابین و یەکدەنگ لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێران دەست دەدەینە مانگرتن و ناچینەوە سەر کار”. بەدوای ئەوەدا ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر، کرێکارانی ڕەسمیی سەنعەتی نەوتیش لە ڕاگەیاندنێکدا وێڕای مەحکووم کردنی قەتڵی مەهسا ئەمینی (ژینا)، پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆیان لە ناڕەزایەتیی دژە حکوومەتیی خەڵک لە سەرشەقامەکان ڕاگەیاند. کرێکارانی بەشی عەمەلیاتیی سەنعەتی نەوت لەم ڕاگەیاندنەدا نووسییان: “ئێمە خۆمان بەشێک لەو خەڵکەین کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ژیان و کەرامەتی ئینسانیمان بەدەستی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە ئینسانە پێشێل دەکرێت. وەزعییەتی ژیانی ئێمەی خەڵک بە جێیەک گەیشتووە کە ئیتر بۆمان تەحەمول ناکرێت”. لە بەشێکی تر لەم ڕاگەیاندنەدا کرێکاران وێڕای مەحکووم کردنی قەتڵی ناخهەژێنی مەهسا ئەمینی (ژینا)، پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتیی دوو حەفتەی ڕابردووی خەڵک لەسەر شەقامەکان ڕاگەیاند و هۆشداریان دا کە: هەتا ئێستا حکوومەت وەڵامی خواستی ئێمە کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی بە سەرکوت و گولـلە داوەتەوە. هێزی ئێمە لە مانگرتنی سەرانسەری و یەکگرتووییماندایە. ئەگەر حکوومەت سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان درێژە پێ بدات، هەموو دەستبەسەرکراوان ئازاد نەکات، کۆتایی بە فەزای پادگانیی شارەکان و شوێنی کارمان نەهێنێت، ئێمەش دەست لە کار دەکێشینەوە و هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانمان دەچینە سەر شەقامەکان. هەر لەم پێوەندا کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری لە هەفت تەپە لە ڕاگەیاندنێکدا قەتڵی مەهسایان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم قەتڵە دەوڵەتییە بێ وەڵام نامێنێتەوە. سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەورووبەر لەڕێگەی ئیتلاعییەیەکەوە ڕایگەیاند: “ئێمە وەک کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشان، کە زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئەم وڵاتە پێکدێنین پێویستە بەرامبەر بە زوڵم و ستەم، بە دەنگی هەرچی ڕەساترەوە ناڕەزایەتی دەربڕین و سیاسەتی دژی ژن و جەنایەتکارانەی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت مەحکووم بکەین”.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چینی کرێکار بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری خۆی کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای سیاسیی ئێران داناوە و بۆ وەدیهێنانی خواست و داخوازییەکانی خۆی ساڵانە هەزاران ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەشێوەی جۆراوجۆرە ئەنجام داوە. لەئێستاشدا بە هاتنە مەیدانی کرێکارانی نەوت و ناوەندەکانی تر و بە سازماندانی مانگرتنێکی سەرانسەری دەتوانی ئەوەڵەن دەزگای سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات و لە هەمان حاڵیشدا درێژە و پێشڕەوی و سەرکەوتنی نیهایی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەمانەت بکات. سەرکەوتنی نیهایی ئەم ئاخێزە سیاسییە کە بە درووست و بە شێوەی ڕادیکاڵ گشت دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی کردووەتە نیشانە، تەنیا بە هاتنە مەیدانی کرێکاران وەک چینێک کە هەموو بەرهەمەکانی کۆمەڵگە بە هێزی کاریەوە گرێی خواردووە، مومکینە.
پەیوەست بوونی یەک لە دوای یەکی بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگە بەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، بووەتە هۆی بەردەوامبوونی. بزووتنەوەی خوێندکاری لە قۆناخی دوای کۆرۆنادا دووبارە هاتووەتە مەیدان و بەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پەیوەست بووە. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی ڕەزبەر چالاکانی پیشەیی زانکۆی تاران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند: “ئێمە لە تازیەی ئازیزانماندا، لە کاتی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەی هاوکلاسی و خەباتکارانی ڕێگای ئازادیدا، نابینە تەماشاچی و لە کلاسی دەرسی “مەجازی – ئەمنییەتی”ی ڕێژیمدا بەشدار ناکەین”. لەم بەیاننامەیەدا بۆ جارێکی دیکە داوایان لە شۆرای سینفی و ناوەندە خوێندکارییەکان کرد کە بەم مانگرتنە پەیوەست بن. هەڵبەت هەتا ئێستا نەتەنیا خوێندکارانی زۆرێک لە زانکۆکان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانیش پشتیوانییان کردووە و ئیستعافایان داوە. خوێندکارانی خەباتکاری زانکۆکانی تاران، تەورێز، ئیسفەهان، ئەهواز، شیراز، کوردستان، کەرەج، قشم، قەزوین، هەمەدان، گیلان و ورمێ بەم مانگرتنە پەیوەست بوون و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان لە زانکۆکان و لەسەر شەقامەکان چالاکانە بەڕێوەبردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە هەواڵنێران، نووسەران و چالاکانی سایبێری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شاعیران، وەرزشکاران، هونەرمەندانی مۆسیقا، تئاتر و سینەما بەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پەیوەست بوون و هونەری خۆیان خستووەتە خزمەت پەرەپێدان و گەشەی بزووتنەوە.
شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بانگەوازی مانگرتنی سەرانسەرییان کرد و ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی ڕەزبەر زۆرێک لە مەدرسەکان وەڵامیان بەم بانگەوازە داوە. هەروەها سێ ڕێکخراوی خانەنشینکراوانیش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا ڕاگەیاند. سەرەڕای هەمووی ئەمانە پێویستە بوترێ کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا زەرفییەتی سەرانسەریتر بوونەوە و جەماوەریتر بوونەوەی هەیە و پێویستە هەوڵ بدرێت هەرچی زیاتر جەماوەریتر و سەرتاسەریتر بێتەوە. بەشی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆداری خۆی کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای کۆمەڵگا داناوە دەتوانێ بە مانگرتن واتە بە چەکی بەهێزی خۆی بێتە مەیدان و کارخانە و شەقام پێکەوە پەیوەند بدات و پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا زەمانەت بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران