جیهانی سەرمایەداری نوقمی قەیرانە و لە جەرگەی هەموو ئەم قەیران و بێسەرەوبەرییە ماڵوێرانکەرەدا دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر دەبن. لە باروودۆخێکدا کە سێبەری نگریسی شەڕ و کێبەرکێی ئیمپریالیستی، قەیرانی قووڵی ئابووری، گرانی و ئاوسان، هەژاری و برسییەتی و دیکتاتۆری و بێعەداڵەتی ژیانی لە زۆربەی دانیشتووانی جیهان کردووەتە جەحەنەمێکی سووتێنەر، سەرمایەداران و گەندەڵان بە سەروەتە ئەفسانەییەکانی خۆیان زیاد دەکەن. لە باروودۆخێکدا کە بیرمەندان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر گۆڕانکاریی کەشوهەوا بەمجۆرە بڕواتە پێش، “گۆی زەوی بۆ ژیان نابێت”، لە وەها باروودۆخێکدا ڤایرووسی کوشندەی کۆرۆنا ملیۆنان ئینسانی بەرەوڕووی مەرگ کردووەتەوە و ژیانی سەدان ملیۆن کەسی بەرەو نابوودی بردووە. بەڵام ئەم جیهانە نابەرابەرەی سەرمایەداری و قەیرانی کۆرۆنا بووەتە بەهەشتێکی قازانجدەر بۆ سەرمایەدارە گەورەکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەتا ئێستا نیو میلیارد کەس لە جیهاندا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون. لەم ژمارەیە، زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس گیانیان لەدەست داوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئاکامی هێندێک توێژینەوە نیشانی داوە کە قەیرانی کۆرۆنا نابەرابەری و مەودای نێوان هەژاری و سەروەتی زیاتر کردووە.
ئێمانۆئێل ئێشمیت، کارناسی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی لە ئاکسفام دەڵێت: “کۆرۆنا بۆ ملیاردێرەکان وەک مەعەدەنی زێڕ وایە. دەوڵەتەکان ملیاردها دۆلاریان خستووەتە بواری ئابوورییەوە، بەڵام بەشی زۆری ئەم پارەیە چووەتە گیرفانی کەسانێکەوە کە زۆرترین قازانجیان لەم بردنەسەرەوەی نرخی سەهامە کردووە.”
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاکسفام، ١٠ کەس لە گەورەترین میلیاردێرەکانی جیهان لە مەودای زەمانیی مارسی ٢٠٢٠ تا نوامبری ٢٠٢١، سەروەتی جیهانیی خۆیان دوو بەرابەر کردووە و گەیشتووەتە یەک و نیو تریلیۆن دۆلار. هەروەها بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، ١٦٣ ملیۆن کەسی تر چوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ئەگەرچی داهاتی ٩٩ لەسەدی دانیشتووانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە خوارێ و هەژارتر بوون، بەڵام ئیلان ماسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازیی تێسلا و ٩ ملیاردێری دیکە، سەرجەم یەک ملیارد و سێسەد ملیۆن دۆلار لە ڕۆژدا دەوڵەمەندتر بوون. هەر بەم شێوەیە، لە دەورەیەکدا کە سەهامی تێکنۆلۆژی لە “وال ستریت” لە حاڵی چوونەسەرەوە دابوو، سەروەتی خالسی بەزۆس، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمریکایی ئامازۆن، ٦٧ لەسەد چووە سەرێ و گەیشتە ٢٠٣ ملیارد دۆلار، دارایی مارک زاکێربێرگ، خاوەنی فەیسبووک، دوو بەرابەر بوو و گەیشتە ١١٨ ملیارد دۆلار، هەروەها سەروەتی دامەزرێنەری مایکرۆسافت، بیل گەیتس، ٣١ لەسەد چووە سەرێ و گەیشتە ١٣٧ ملیارد دۆلار.
ئاکسفام هەروەها ڕایگەیاندووە کە نابەرابەریی بەردەوامی ئابووری، جنسییەتی و نەژادی و هەروەها نابەرابەریی نێوان وڵاتان “جیهان دەکاتە چەند پارچە.” ئەم ڕاپۆرتە نووسیویەتی کە “ئەمە بابەتێکی بەهەڵکەوت نییە بەڵکوو تەواوەن هەڵبژێراو و سیاسییە. “توندوتیژیی ئابووری” لەئاکامی هەڵبژاردە سیاسییەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بە قازانجی دەوڵەمەندترین و بەهێزترین کەسەکان پێکهاتووە. ئەمە ڕاستەوخۆ زەربە لە گشت مرۆڤەکان و زیاتر لە هەمووان لە هەژارترینەکان، ژنان و کچان و گرووپە ژێر ستەمەکان دەدات.”
هەروەها، لە باروودۆخێکدا کە بەرهەمهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا و فرۆشەکەی کەوتووەتە ژێر چنگی دەوڵەتانی بەهێزی سەرمایەداری و کۆمپانیا گەورە چەند نەتەوەییەکان، کۆرۆنا ژمارەیەکی زیاتری لە وڵاتانی هەژار کردووەتە قوربانی. کۆمەڵگە هەژارەکان بێتواناتر بوون و داهاتی زیاتر لە ٢٠ لەسەد لە هەژارترینەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە خوارێ. زیاتر لە ١٠٠ وڵات لەماوەی قەیرانی کۆرۆنادا تێچووی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی خۆیان هێناوەتە خوارێ و لانیکەم ٧٣ وڵات لەگەڵ کێشەی دانەوەی قەرزی کۆرۆنا بە سندووقی نێونەتەوەیی پارە بەرەوڕوون. سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری لەئێستا و داهاتوویەکی نزیکدا، باروودۆخی زۆربەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش قەیراناویتر دەکات.
باروودۆخەکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکجار خراپتر و وێرانگەرترە. لە باروودۆخێکدا کە قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێرانی گروتووە، لە هەلومەرجێکدا کە گەمارۆی ئیفلیجکەر و نامرۆڤانەی ئەمریکا دژبە ئابووریی ئێران هەژاری و نەهامەتی و دەستکورتیی بەسەر زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشانیدا سەپاندووە، لە باردوودۆخێکدا کە بڵاوبوونەوەی بەرینی ڤایرووسی کۆرۆنا گیان و نان و ماڵی بەشێکی زۆر لە بێبەشانی کۆمەڵی بەرەو نابوودی بردووە، سەروەتی سەمایەداران و دەوڵەمەندە گەورەکانی ئێران لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا سەری لە ئاسمان داوە. لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنادا ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. سایتی شیکاریی “میدڵ ئیست ئای” لە ڕاپۆرتێکدا نیشان دەدات کە ئێران بە لانیکەم ٢٥٠ هەزار ملیۆنێر و بە بەرزبوونەوە سێ پلە و گەیشتنی بە پلەی ١٤ی جیهانی، بەرزترین ئاستی زۆربوونی ژمارەی دەوڵەمەندانی لە جیهاندا بەخۆی تەرخان کروودە. ئەم ڕاپۆرتە دەنووسێت کە “ئێران ئێستا لەچاو سپانیا، ڕووسیا، بەڕازیل و عەرەبستان واتە ڕەقیبی ناوچەیی خۆی، ملیۆنێری زیاتری هەیە.” سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا و چوونی ڕژیمی ئیسلامی بەرەو داڕمانی ماڵی و ئابووری، سەروەتی ملیۆنێرەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا بیست و چوار و سێ دەهومی لەسەد زیادی کردووە. هەروەها ڕەوانەکردنی سەرمایەی دەوڵەت بۆ ناو بازاڕی بوورسیش بە سەروەتی ملیۆنێرەکانی زیاد کردووە. بیت کۆین و بازاڕی کریپتۆ بووەتە هۆی دەوڵەمەندتربوونی بەشێک لەو ملیۆنێرە ئێرانییانەی کە مەزراکانی بەرهەمهێنانی دراوی دیجیتاڵییان بەدەستەوەیە.
بەڵێ! لە جەرگەی قەیران و ناسەقامگیری و شەڕ و نابەرابەرییەک کە زۆربەی کرێکارن و بێبەشانی کۆمەڵگەی بردووەتە ناو زەلکاوی مەرگ و برسییەتی، سەروەتی ملیاردێرەکان لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە. سەرەڕای ئەوە، ئاکسفام ڕایگەیاند کە تەنیا وەرگرتنی یەک جار ماڵیات لە سەرمایەی باهێناوی ٩٩ لەسەدی ئەم دەوڵەمەندە گەورانە کە لە سەردەمی کۆرۆنادا کەڵەکەیان کردووە، دەتوانێت (١) تێچووی ڤاکسیناسیۆنی گشت جیهان (٢) سەرچاوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گۆڕانکاریی کەشوهەوا (٣) خزمەتگوزاریی تەندرووستیی گشتی (٤) پشتیوانی کۆمەڵایەتیی جیهانی (٥) بەدواداچوونی توندوتیژیی جنسییەتی لە ٨٠ وڵات دابین بکات.
ئەم دیاردە کارەساتبارە و بەربەرییەتە تۆخە چارەنووسی نگریس و هەتاهەتایی ستەملێکراوان نییە و نابێت. کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری و دەوڵەتانی دەسەڵاتدار ڕێگایەکیان بێجگەلە یەکگرتن و خەباتی چینایەتی دژبە نەزمی زاڵ نییە. چوونەدەرەوە لە قەیرانە هەمەلایەنە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا لە گرەوی ڕێکخستن و خەباتی ڕێکخراو و سۆسیالیستی بۆ ژێروڕووکردنی نیزامی نابەرابەری سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئازاد و سۆسیالیستی دایە.