میلاد زەهرەوەند، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەلایر سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە سیناریۆیەکی داڕێژراو لەژێر ناوی “کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران” لە ڕەوتی شۆڕشی شۆرشگێرانە، مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی عەلی نەزەری، ئەندامی کوژراوی سوپای پاسداران، بەڵگەی لێخۆبووشنی یاسایییان واژۆ کردووە و لە میلاد زەهرەوەند خۆش بوون، بەڵام سوپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر پارێزەری بنەماڵەی ئەو ئەندامە کوژراوەی هێزە حکوومەتییەکان و بەتەواوەتی دۆسیەکەی بە دەستەوە گرتووە و بەبێ ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵەیە، داوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خێرای ئەو هاووڵاتییە دەکات.
میلاد زەهرەوەند، ڕۆژی پێنجشەممە، ۵ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری مەلایر و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە هاوکات لەگەڵ پێنج کەسی دیکەدا دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لەو کاتەوە تاکوو ئێستا ناوبراو لە بەندیخانەی ڕژیم لە مەلایر ڕاگیراوە.