بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسی لە لایەن سەرۆکی لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە کرماشان و دادوەری بڕیاری سزای سێدارەی بۆ ئەم بەندکراوە سیاسیە، ڕەوانەی دادگای گشتیی تاوانەکانی پارێزگای کرماشان کراوە و مەترسیی ئەگەری جێبەجێ کردنی سزاکەی لە ئارادایە.
ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ لقی جێبەجێ کردنی سزاکان کەمتر لە دوو حەفتە بەسەر پەسەندکردن و سەپاندنی سزای سێدارە لە لایەن لقی ١٧ی دادگای باڵا دوای زیاتر لە ١٣ مانگ لە بەندکردن بووە. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی “کوشتنی نادر بەیرامی”، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە سەرەتای مانگی بەفرەنباری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٧ دادگای باڵا پشتڕاست کرایەوە. ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی پارەکە لە شاری کەرەج لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە.