فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مەحکووم کردنی دەرکرانی حوکمی سێدارە لەدژی چوار بەندکراوی سیاسی لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
دوشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۲   |  08-01-2024

بە دەرکرانی حوکمی سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “پژمان فاتحی”، “وەفا ئازەر بار”، “موحسین مەزڵووم” و “محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی” و ڕەوانە کرانی دۆسیەکەیان بۆ جێبەجێکاری سزاکانی دادگای تاران پاش پشتڕاست کرانی حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای وڵات، مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمی لە سێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسیە زۆر جدییە و لە هەر ساتێکدا لە ژێر مەترسی ئێعدام دان.
لە کاتێکدا ئەم چوار بەندکراوە سیاسیە  نزیک بە ١٨ مانگە بە شاردنەوە و بێ سەروشوێن کردنیان، لە پڕۆسەی دادگایی کرانێکی نادادپەروەرانە بە تەواوەتی مەحروم کرابوون، نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی “موحاربە لە ڕێگای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” بە لە سێدارەدان مەحکوم کران. لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا پاش پەسند کرانی ئەم حوکمە لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات، دۆسیەکە بۆ جێبەجێ کاری سزاکانی دادگای تاران نێردراوە و لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە حوکمی سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسیە جێبەجێ بکرێت. جێگای ئاماژەیە، “موحسن مەزڵوووم” خەڵكی مەهاباد، “هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی” خەڵكی دێهگولان، “وەفا ئازەربار” خەڵكی شاری بۆکان و “پژمان فاتحی” خەڵکی کامیاران، چوار ئەندامی حزبی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکی گەلاوێژی پارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە گوندی “یەنگیجە” سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەستبەسەر کران. پاش تێپەڕ بوونی چەند مانگێک کۆماری ئیسلامی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرە ملێی ئەم زیندانیانەی بڵاو کردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوان “ئامانجی تەقینەوە لە یەکێک لە کارخانەکانی فڕۆکەسازی ئیسفەهانیان هەبووە.” لەگەڵ ئەوەیکە ئەم چوار بەندکراوە سیاسیە نزیکەی ١٨ مانگی ڕابردوو لە بێ ئاگایی تەواودا بوون و حکومەت لە بەرامبەر بار و دۆخی ئەواندا بە هیچ شێوەیەک وڵامدەرەوە نەبووە، حوکمەکانی دوور لە یاسا و دژە مرۆڤایەتیەکانیان لە کاتێکدا پەسند کراوە کە لەم ماوەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هیچ کەسێک ئاگاداری شوێنی دەستبەسەر کران و چارەنووسیان نەبووە.
بە سەرنجدان بە ڕاگەیاندنەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان کە تەنانەت بەبێ لە بەرچاوگرتنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی و بەر لە دەستپێکی قۆناغەکانی دادرەسی  تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ “موساد”یان خستە پاڵ ئەم بەندکراوانە، هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی بڵاو کردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم چوار بەندکراوە سیاسیە لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١، بە چاوخشاندنێک لە سەر دەزگای سەرکوتی کۆماڕی ئیسلامی زۆر ڕوونە کە دانپێدانانەکان لە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە بووە. لەو ئاراستەوە بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافی ئازادی ڕادەربڕین و هەبوونی ئەحزابی سیاسی لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی وڵاتێکە و بە سەرنجدان بەوەیکە کۆماری ئیسلامی لە ئاست نەیارانی و ئازادیخوازان کارنامەیەکی ڕەشی هەیە و بۆ وەلانان و نەهێشتنیان، تاوانی خستووتە پاڵیان و دژی چین و توێژە جوراوجۆرەکانی کۆمەڵی ئێران کەڵکی لە پەروەندەسازی ئەمنییەتی  وەرگرتووە و لە ریزی ئەو حکومەتانەیە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و بە توندی دەزگای سەرکوت بەکار دەهێنن: ئێمە کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ مەحکوم کردنی توندی پەسندکرانی حوکمی سێدارە لە دژی ئەم بەندکراوە سیاسیانە؛ پڕۆسەی دادڕەسی نادادپەروەرانە و دژە مرۆیی، دانپێدانانی زۆرە ملێ و درووست کردنی سیناریۆی ئەمنییەتی لە دژی ئەم بەندکراوانە بە پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی دەزانین و باوەڕمان وایە پێویستە قۆناغەکانی

دادڕەسی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بە چاوەدێری وردی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام بدرێت. بە پێچەوانەی ئەوە هەر جۆرە تۆمەت و پێدانی حوکمێک لە سەر بنەمای دانپێدانانی زۆرە ملێ نایاسایی و پێشێلکردنی سەرجەم مافەکانی مرۆڤە. ئێمە داوا لە سەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازەکان، چالاکانی مەدەنی و میدیایی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامو دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێ کرانی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە.      

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
ناوەندی مافی مرۆڤی ئەحواز
ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – چاو نیوز