بەدوای بڵاوبوونەوەی مەنشووری داخوازیی لانیکەم لەلایەن ڕێکخراوە کرێکاری، سینفی و مەدەنییەکان، مەنشووری دادخوازیی جەمعێک لە بنەماڵەکانی خاوەرانیش بڵاو بووەوە. ئەم جەمعە لە بنەماڵەکانی خاوەران وێڕای تەئکید لەسەر مافی بەهرەمەندبوون لە ئازادی وەک یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانی ئینسان و وەک ئەساسیترین خواستی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران، واتە مافێک کە چ لە سەردەمی نیزامی پاشایەتی و چ لە دەورەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام بە توندترین شێوە و بە زەبروزەنگ و کوشتار سەرکوت کراوە، کارنامەی پڕ لە جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامییان لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بە تەسویر کێشاوە.
لەم مەنشوورە دادخوازییەدا وێڕای ئاماژە بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ و بەتایبەت هاوینی ساڵی ٦٧، قەتڵی سیاسیی ڕووناکبیران واتە “قەتڵە زنجیرەییەکان”، سەرکوتی خوێندکارانی ناڕازی لە کوی دانشگاه لە ساڵی ٧٨، کوشتاری ناڕازییان لە ئیعتڕازاتی ساڵی ٨٨، ٩٦، ٩٨ وەک نموونەگەلێک لە سەرکوتی ئازادی و ئازادیخوازان لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامی، باس لە سەرکوتی خوێناویی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە جەرەیانی بزووتنەوەی ئێستادا کراوە. لە مەنشووری دادخوازیی بنەماڵەی خاوەراندا هاتووە کە “لە جەرەیانی ئاخێزی ژن ژیان ئازادی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەدان لاوی ناڕازی، تەنانەت منداڵ و نەوجەوان، بە زەربەی باتوم، گولـلەی جەنگی و ساچمە لە شەقامەکانی سەرانسەری ئێران خەڵتانی خوێن کراون و کوێر و کەم ئەندام بوون. دەیان هەزار ناڕازیی دەستبەسەرکراو لە گرتووخانەی عەلەنی و غەیری عەلەنییەکاندا دراونەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و دەستدرێژییان کراوەتە سەر. بۆ ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان حوکمی ئێعدام دەرکراوە و هەتا ئێستا لانیکەم ٦ کەس لە ناڕازییان ئێعدام کراون. هێندێک لە دەسبەسەرکراون یەک دوو ڕۆژ دوای ئازادی بە مەرگی گوماناویی لەژێرناوی “خوکوژی”دا گیانیان لەدەست داوە. ژمارەیەکی تریشیان بێ سەر و شوێن بوون و دوای ماوەیەک تەرمەکانیان لە گۆشە و کەنار دۆزراوەتەوە. جەنایەت و سەرکوت هێندە بەرینە کە نەتەنیا لە ئێران، بەڵکوو لەئاستی جیهانیشدا ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە. سەیر ئەوەیە کە لەو نێوەدا جەنایەتکاران و ئەشکەنجەگەرانی ڕژیمی پێشوو بۆ نموونە پەرویز سابت وەدەرکەوتوون و داغی بنەماڵە دادخوازەکانیان تازە کردووتەوە کە ئازیزانی بەندکراویان لەلایەن هەر دوو دەسەڵاتی سەرکوتگەرەوە ئازار دراون”. ئەم جەمعە لە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی ئێعدام کراو لە دەیەی ٦٠ و٦٧، لە درێژەدا مەنشووری دادخوازیی خۆیان لە شەش بەنددا نووسیوە کە بەم شێوەیە:
١ – دادخوازی مافی پێشێلکراوی ئازیزانمانین و لەگەڵ هەموو بنەماڵە جەرگسووتاوەکان کە ئازیزانیان لەماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دراون و ئێعدام کراون و یان لەسەر شەقام کوژراون هاودەردین. هەروەها هاودەردی خۆمان لەگەڵ ئەو بنەماڵانە دەردەبڕین کە ئازیزانیان لە جەریانی بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینیدا لەدەست دا. ئێمە هەموومان ئەندامی بنەماڵەی گەورەی دادخوازانین و لە مەسیری دادخوازیدا لەگەڵ یەک و پێکەوەین.
٢ – هەموو هۆکار و بڕیاردەران، هەر کەسێک لە هەر پێگەیەکدا، کە لە قەتڵ و ئەشکەنجەدان و ئیعتراف وەرگرتنی زۆری، دەرکردنی حوکمی زیندان و ئێعدامی نەیاراندا دەستی بووە پێویستە لە دادگایەکی ڕاستەقینەی عەلەنیدا بە بەشداریی بنەماڵە داغدارەکان و پارێزەرانی هەڵبژێردراویان موحامە بکرێن و سزا بدرێن. تەنها لە جەریانی وەها دادگاییەکدایە کە پەردە لەسەر ڕوخساری جەنایەت و جەنایەتکاران لادەدرێت و حەقیقەت ڕوون دەبێتەوە. تاوانکاران سەرەنجام دەبێ لە بەرامبەر خەڵک و ویژدانی بەخەبەردا وڵامدەرەوە بن. تەنیا ئەو کاتە دەکرێ هیوادار بین کە تاوان و ئازادیکوژی دووپات نەبێتەوە و فەرامۆش نەبێت.
٣ – ئێمە سزای ئێعدام بە قەتڵی عەمدی سازماندراوی دەسەڵات و بە کردەوەیەکی دژەئینسانی دەزانین و لە هەر بارودۆخێکدا مەحکوومی دەکەین.
٤ – ئێمە خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو حوکمە دەرکراوەکانیان و خوازیاری بەستنی هەموو جۆرە پەروەندەیەکین دژبە نەیارانی و زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی.
٥ – ئێمە خوازیاری ئازادیی ڕادەربڕین، ئەندیشە و بیروباوەڕ، ڕێکخراوی سیاسی، مەدەنی و سینفی، کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی و مانگرتنین.
٦ – ئێمە بابەتی دادخوازی بە هێزی خۆمان و سەربەخۆ لە هەموو ئەحزاب و گرووپە سیاسییەکان و بەدوور لە ڕەقابەتی سیاسی بەڕێوە دەبەین. لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هاوڕێی خەڵکی ئازادیخوازین بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕەفاه و بەرابەری، و چاوی هیوامان لە هیچ سەرچاوەیەکی دەسەڵات و سەروەت نەبڕیوە.
ئەم مەنشوورە دادخوازییە کە بەدوای مەنشووری داخوازیی لانیکەمی ڕێکخراوە کرێکاری و سینفی و مەدەنییەکاندا بڵاوبووەتەوە، نیشانەی ڕەوتی پێشڕەوی و پێگەیشتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە قالبی ئەم مەنشوورانەدا هەر لەئێستاوە بەشێکی لانیکەم لە داخوازی و چاوەڕوانییەکانی خۆی لە دەوڵەتی سەرچاوەگرتوو لە ڕاپەڕینی خەڵک ڕادەگەیەنێت. ئەم مەنشوورانە هەر لە ئێستاوە مەنشووری ڕەزا پەهلەوی و ٧ سێلێبریتیی شیفتە و لایەنگری کە بەڵێنی بڵاوکردنەوەیان داوە و هاوپەیمانانێک کە سواری ئۆتوبووسی خۆڕایی شازادە بوون، بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. ئەم مەنشوورە داخوازی و دادخوازییانە هەنگاوێکن لەڕاستای گەشەی ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و هەنگاوێکن لەپێناو شکڵدان بە ڕێبەریی سەرانسەری و وڵامێکی بەتەوژمن بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە دەیانهەوێ لەسەری سەری خەڵکەوە و بە یارمەتیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازیی خۆیان بەرەوپێش بەرن.
هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پشتیوانی لەم مەنشوورە داخوازی و دادخوازییانە، سەرەڕای هەر تێبینییەک کە هەیانە، پێویستە بەڕاشکاوی ڕایگەیەنن کە وەدیهاتنی ئەم خواستانە و دەستڕاگەیشتن بە ئازادی و ڕەفاه و بەرابەریی ئینسانەکان تەنیا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بە دامەزراندنی حکوومەتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لەڕێگەی هێرش کردنە سەر نیزامی سەرمایەداری و بە سازماندانی ئابووریی سۆسیالیستی مومکینە. لە جیهانی هاوچەرخی سەرمایەداریدا، وەدیهاتنی هەر گۆڕانێکی دیموکراتیک لەئاستی کۆمەڵگە تەنها دەتوانێ ئاکامی خەباتی جەماوەر لە خوارەوە بێت بە دەورونەخشی میحوەریی چینی کرێکارەوە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە