ئازاد ئەمینی، چالاکی ژینگەپارێزی و فەرهەنگی خەڵکی شار سەقز، دوو حەفتە لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە کە تاکوو ئێستا دۆخی یاسایی و بارودۆخی ڕاگیرانی ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەمینی، ئازاد ئەمینی لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا یەک جار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەدا ڕایگەیاندووە کە بۆ شاری سنە گواستراوەتەوە و هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە. ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: لێکۆڵەری دۆسیەکە بڕیاری داوە کە ئازاد ئەمینی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت و سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەکەی بارمتەیان دابین کردووە، ناوەندە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕێگرییان کردووە. لە لایەکی دیکەوە ئەو چالاکە ژینگەپارێزە جیا لەوەی لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەری کراوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەری و بێبەش کراوە. جێگای ئاماژەیە، ئازاد ئەمینی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، پاش دەستبەسەرکردنی لە زێدی لەدایکبوونی خۆی واتە گوندی “هیجانان”، بۆ شاری سەقز و ڕۆژێک دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.