سەرەڕای تێپەڕ بوونی ١٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک بە ناوی “ئەمیر جەهانگیری” تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “قەڵاسەردار” و دانیشتووی نازلو، هێشتا هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی پارەکە هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ هۆکارێک و لەڕێگای بەکارهێنانی توندووتیژی و بە شکاندنی دەرگا و شوشەی ماڵەکەی هێرشیان کردووەتە سەری و ناوبراویان بە لێدان لەبەر چاوی دایک و خوشکیەوە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە. شایانی باسە، تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەمیر جەهانگیری بۆ ئاگادار بوونیان لە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی منداڵەکەیان بێ ئاکام بووە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی جددی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم هاووڵاتییە.