فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نادیاربوونی چارەنووسی زەکەریا کەریمی بەدوای دەستبەسەر کرانی
دوشەممە ۳۰-۱۱-۱۴۰۲   |  19-02-2024

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ و ٢٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی زەکەریا کەریمی، برای ئەیووب کەریمی، بەندکراوی عەقیدەتیی لەسێدارەدراو و خەڵکی مەهاباد، ناوبراو هێشتا دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زەکەریا کەریمی هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە، بەڵام هەتا ئێستاش چارەنووسی نادیارە و بە بێ دەرکردنی بڕیاری بارمتە دەستبەسەرە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، زەکەریا کەریمی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەردەشت، دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا. شایانی باسە، ناوبراو پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە دایکی کە تێێدا ئاماژەی بە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ئەیووب کەریمی و نادادپەروەرانە بوونی سزاکەی کردبوو، دەستبەسەر کراوە. جێگای ئاماژەیە، زەکەریا کەریمی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و پاش ڕاگوێزران بۆ زیندانی ورمێ، توانیویەتی پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.