سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی “مەهدی حاتەمی، سەجاد سەیدمۆرادی و ڕەزا ئیبراهیمی”، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەهدی حاتەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆڕان و دەستبەسەریان کردووە. ڕۆژێک پێشتریش واتە شەممە ٢٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی دیکەی وەرزشکاری خەڵکی ئەو شارە بە ناوی سەجاد سەیدمۆرادی، لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، ڕەزا ئیبراهیمی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری دێهلۆڕان، لەلایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراوە. ئەم سێ هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە.