نادیاربوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان
مەتین حەسەنی، خەڵکی شاری بۆکان و لە برینداربووانی ناڕەزاییەکانی گەڵارێزانی ١٣٩٨، سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی مەتین حەسەنی، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی یاسایی و ڕاگرتنی ئەو خۆپیشاندەرە کە چاوێکی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٣٩٨دا بریندار کرابوو، لەبەر دەستی بنەماڵەکەیدا دانەندراوە.
دەستبەسەرکرانی مەتین حەسەنی، دوو ڕۆژ دوای حازربوونی لەسەر گڵکۆی “یەلدا ئاقافەزلی” تەمەن ١٩ ساڵ ڕوویداوە، کە مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرابوو و دوای ئازادبوونی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. جێگای ئاماژەیە، مەتین حەسەنی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری بۆکاندا دەستبەسەرکرا.
شایانی باسە، ناوبراو مانگی سەرماوەزی ١٣٩٨، لەحاڵێکدا کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی چاوی لە تاران بووە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە ناوەندێکی دەرمانیدا دەستبەسەر و ماوەیەک دواتر بەدانانی بارمتە ئازادکرابوو.