بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتێرز کە لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی بوومەلەرزەی سووریە لە ٦ی فوریەی ساڵی ڕابردوو و بە کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی یارمەتییە مرۆڤ دوستانەکان، بە شێوەی بەربڵاو ئەم گەشتانەی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ سووریە بەکارهێناوە.
ڕۆژی چوارشەمە، ٢٣ی خاکەلێوە، هەواڵدەری ڕویتێرز لە زمانی ٩ سەرچاوەی ئاگادارەوە، لەوانە کەسایەتی ئێرانی، سووری، ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی، ئەم دەرفەتە بەدەست هاتووەی بە ئامانجی بەهێزکردنی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل لە سووریە و هەروەها بۆ پشتیوانی کردن لە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، بەکارهێناوە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە ماوەی حەوت حەوتوو لە دوای بوومەلەرزەکە، بە سەدان فڕۆکەی ئێرانی گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەکانی دیمەشق، حەلەب و لازقیە کردووە و چەکیان بۆ ئەم وڵاتە گواستووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو چەکانە بریتیی بوون لە ئامێرە پێشکەوتووەکانی پێوەندییەکان، ڕادار و پارچەی یەدەگ بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لە سووریە بووە.