فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕوونیی باری تەندروستیی ئارمیتا گەڕاوەند و گوشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر بنەماڵەکەی
چوارشەممە ۱۲-۰۷-۱۴۰۲   |  04-10-2023

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان کە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەر بەهۆی لێدانی دڕندانەی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مێترۆی تاران بێهۆش بوو و بۆ نەخۆشخانەی فەجر گواسترایەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە، بە چڕوپڕی چاودێریی بنەماڵەکەی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان؛ دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی “فەجر”ی تاران، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئەگەری وێنەگرتن لە بارودۆخی ئەو مێرمنداڵە و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی ئارمیتا، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان دیمانەیەکی تەلەفزیۆنییان لەگەڵ دایک و باوکی ئارمیتا گەڕاوەند بڵاو کردەوە. لەم دیمانەیەدا دایکی ئارمیتا دەڵێت: “نازانین، وتوویانە زەختی خوێنی دابەزیوە”. لە دیمانەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر دایک و باوکی ئارمیتا، هێشتا بەڕوونی نازانن هۆکاری دابەزینی پەستانی خوێنی منداڵەکەیان چی بووە.
شەوی ڕابردوو کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە ڕاگەیاند: “ئەم دیمانەیە لە نەخۆشخانەی فەجر و لەژێر گوشار و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکان تۆمار کراوە و ئەوانیش بەهۆی گوشاری ئەو هێزانەوە ناچار بوون ئەم دیمانەیە بکەن”.
شایانی باسە کە باری تەندروستیی ئارمیتا هیچ باشتر نەبووە و تا ئێستاش هێشتا بێهۆشە.
هەر لەو کاتەی کە ئارمیتا گەیەندرایە نەخۆشخانەی فەجر، هەموو چواردەوری نەخۆشخانەکە و بەتایبەتی بەشی چاودێریی تایبەتی ئەم نەخۆشخانەیە لەژێر کۆنترۆڵی چڕوپڕی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەموو کاروباری نەخۆشخانەکەیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە.