ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییانی گوندی ئاقدەرە، لە بەرانبەر دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی ناوچەکە لە کانگەی زێڕی ئاقدەرە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، کە لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی بەناوەکانی “ناسر بەهرامیان، حۆجەت موئمن زادە، و ئارمین نیکزاد” برینداربوون.
هەروەها زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش دەستبەسەر و لە لایەن ئەم هێزانەوە ڕفێندراون. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییانە بۆ نەخۆشخانەی “خومەینی” لە ورمێ و ناوەندە دەرمانییەکانی زەنجان گواستراونەتەوە. لە دوای ڕوودانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییانی ئەم گوندە و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە کانی زێڕی ئاقدەرە، ئەو هێزانە لە مەهابادەوە بۆ تیکاب بەمەبەستی سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی بەڕێکراون. هەر لەم ڕاستایەدا، لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٥، ١٧ کرێکاری دەرکراو لە کانی ئاقدەرە بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی سزای پێبژاردنی پارە، بەندکران و ٣٠ زەربە شەلاق بەسەریاندا سەپێندرابوو.