بەپێی ڕاپۆرتەکان، جووتیارانی هێند زیاتر لە حەفتەیەکە بە مەبەستی دیاری کردنی لانیکەمی نرخی بەرهەمەکانیان، دەستیانداوەتە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وتووێژەکان لەگەڵ دەوڵەتی “نارندرا مۆدی” سەرۆک وەزیرانی هێند، سەرەتای ئەم حەفتەیە بێ سەرئەنجام مایەوە و ئەمەش، چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی بەدواوە بوو. شایانی باسە، جووتیارانی ناڕازی بە سەنگەربەندی لە شەقامەکان و بەکارهێنانی نارنجۆکی گازی بەرەوڕووی هێرشی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە کە کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرتووە. جێگای ئاماژەیە، لەم تێکهەڵچوونانەدا لاوێکی ٢٢ ساڵ تەمەن ڕۆژی سێشەممە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس بۆسەر ناڕازییان، گیانی لەدەست داوە. ئەم ناڕەزایەتیانە لەدرێژەی ڕاپەڕینی جووتیارانی هێند لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێ کردووە و هەروەها لەدژی چاکسازی نئێۆلیبڕالی دەوڵەتی مۆدی کە بووەتە هۆی ئەوەیکە بازاڕی جووتیاران بخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵی شیرکەتە گەورەکان لە باکووری جیهان.