فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕەزایەتییەکان دژبە شەپۆلی گرانی سەرانسەری بکەینەوە
یەکشەممە ۲۵-۰۲-۱۴۰۱   |  15-05-2022

شارستانی ئیزە لە پارێزگای خووزستان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی گوڵان بۆ جارێکی دیکە شایەدی حزووری خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شار بوو. خەڵکی ئەمشارە لە ناڕەزایەتی دژبە شەپۆلی گرانیی بێوێنە و بەتایبەت نرخی کاڵا سەرەکییەکانی وەک برینج و گۆشت و هەروەها بە وتنەوەی درووشم دژبە ئیبراهیم ڕەئیسی هاتنە سەر شەقامەکان. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە شاری ئیزە، خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی ئەندیمشک و شاری کورد هاتنەسەر شەقام و بەوتنەوەی “خامنەیی حەیا کە، دەسەڵات ڕەها کە”، “ڕەئیسی حەیا کە، دەسەڵات ڕەها کە” خوازیاری کەنارەگیرییان لە دەسەڵات بوون. هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەوڵیان دا بە هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەران و بە تەقەکردن بەربە درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری و گرانی بگرن. ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک دەستی پێکرد کە دەوڵەتی  ڕەئیسی لەژێرناوی “ئیسلاح و هاوسەنگکردنی قیمەت” بەڕەسمی نرخی ڕۆن، مریشک، هێلکە و شیرەمەنیی بردە سەرێ. چەند ڕۆژ پێشتریش خەڵک لە شارەکانی سووسەنگێرد، فەلاحییەی شادگان، بێهبەهان، دێزفوول و سەرپۆلی زەهاب دژبە گرانی و چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری قیمەتەکان هاتبوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو. دەزگا ئەمنییەکانی دێزفوول ژمارەیەکی یەکجار زۆر هێزی ئینتزامی و ئەمنییەتییان بەشەو ڕەوانەی شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک کردبوو و ناڕازییان بە وتنەوەی درووشمی “مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموومان پێکەوەین” بەرەنگاریان بوونەوە.

بەهۆی لابردنی دراوی تەرجیحیی ٤٢٠٠ تمەنی، هەموو کاڵا پێویستەکانی خەڵک، بەردەوام و بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر گرانتر بوون. لە حاڵێکدا کە وتەبێژی دەوڵەت لە وتووێژ لەگەڵ میدیا دەوڵەتییەکان باسی لەوە دەکرد کە “قیمەتی نان تا کۆتایی ساڵ ناگۆڕدرێت و سەرۆک کۆمار ئیزنی گرانبوونی نانی نەداوە.” ڕۆژی ٦ی مانگی گوڵان لەسەر داوای وەزارەتی کەشاوەرزی و بە تەئیدی ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران، نرخی ئاردی سینف و سەنعەت ئازاد کرا و بەو پێیە قیمەتی ئارد ٥ بەرابەر بوو و لە کیلۆی ٢٥٠٠ تمەنەوە گەیشتە ١٢ هەزار تمەن. هەروەها ئیبراهیم سیامی، بەڕێوەبەری زانیاریی ئابووریی وەزارەتی ئابووری، ڕۆژی ١٤ی گوڵان باسی لە سەهمییەبەندی و فرۆشتنی نان بە کۆدی میللی کرد. ئەم شەپۆلە لە گرانی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ناکۆکی و کێشمەکێشی ناو دەسەڵاتی توندتر کردووەتەوە.

جەلیل ڕەحیمی جەهان ئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیس لە تویتێکی هوشدارئامێزدا ڕووبە دەوڵەتی ڕەئیسی نووسیی: “ئازادکردنی قیمەتی ئارد و حیسابکردنی بەپێی نرخی جیهانی بە دۆلار، هەڵەی گەورەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری دەوڵەتە. ئەگەر قەرار بێت هەزینەی خەڵک بەپێی قیمەتی جیهانی بێت ئەوکات داهاتیشیان دەبێت لەئاستی جیهانیدا بێت و بە دۆلار بۆیان جیساب بکرێت نەک بە ڕیاڵی بێ ئەرزش. با سەبری خەڵک تاقی نەکەینەوە، ڕادەی تەحەمولی خەڵک ساڵەهایە گەیشتووەتە خوارترین ئاستی خۆی”. ئەم وتانە نیشانەی ئەوەیە کە باروودۆخی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران هێندە دژوار و تاقەت پڕووکێنە کە لە نوێنەرانی مەجلیسەوە بگرە تا بەشێک لە ئۆسوولگەرایان و تەنانەت کەسانێکی وەک ڕەحیمیی جەهان ئابادی، کە بەردەواوم بە شاخ و باڵی دەوڵەتی ڕەئیسییاندا هەڵکوتووە، وەدەنگ هێناوە. 

شەپۆلی ئەم دوایانەی گرانی و ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتووی خەڵک لە باروودۆخێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسیی جەلاد بە درووشمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرانی و کێشەی بژێویی خەڵک کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی خۆی دەستپێکرد. بەڵام لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ڕەئیسییەوە هەتا ئێستا نەتەنیا هیچ کرانەوەیەک لە ژیانی خەڵکدا پێکنەهاتووە، بەڵکوو بێکاری، تەوەرۆم و گرانی توندتر بووەتەوە و پانتاییەکی تازەیان بەخۆیان گرتووە. لەباروودۆخێکدا کە بەپێی ئاماری ڕەسمیی خودی کۆماری ئیسلامی پتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، مانای توندبوونەوەی تەوەرۆم و گرانی و قووڵبوونەوەی مەودای حەقدەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ هێڵی هەژاری شتێک نییە بێجگەلە پەرەسەندنی هێڵی هەژاریی موتڵەق. گومان لەوەدا نییە کە پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری نەتەنیا درێژەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان حەتمی دەکات، بەڵکوو بەستێنی تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادە دەکات. ناڕەزایەتی دژبەم شەپۆلە لە گرانی دەتوانێت ببێتە بەستێنێک بۆ پێکەوە پەیوەنددانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، ناڕەزایەتیی مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام. پێکەوە پەیوەست بوون و سەرانسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانەیە کە دەتوانێت پاشەکشە بکات بە دەستدرێژیی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بەستێنی ڕێکخستنی سەرانسەریی ئەم ناڕەزایەتییانە ئامادە بکات.

لە جەرەیانی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام دژبە گرانی، جەماوەری وەگیانهاتوو بە وتنەوەی درووشم دژبە خامنەیی و ڕەئیسی و گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیشانیان دا کە بۆ کردنەوەی گرێیەک لە کێشەکانیان هیچ هیوایەکیان بە باندەکانی دەسەڵات نییە. خەڵک دەزانن کە هۆکاری سەرەکیی گرانیی سەرسووڕهێنەر، هەژاری، بێکاری و بێبەشی خودی دەسەڵاتی ئیسلامییە.

کرێکارانی وشیار و جەماوەری بێبەش دەزانن کە تەنیا لەڕێگەی خەباتی یەکگرتووانە، یەکپارچە و سەرانسەرییەوەیە کە دەتوانن ئەم باروودۆخە بگۆڕن. خەبات دژبە گرانیی بەرین و بەردەوامی پێداویستییە سەرەکیەکانی خەڵک، خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست تا ئاستی دابینکردنی ژیانێکی  ئینسانی و خەبات بۆ دابینکردنی بیمەی بێکاری، بەستێنێکی گونجاوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی لە خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریدا. لەسەر بەستێنی ئەم خەباتە، دەکرێت مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام پێکەوە پەیوەند بدرێن و سەرانسەری ببنەوە. هەڵسووڕاوانی کرێکاری تەنیا لەسەر بەستێنی پەرەپێدان بە خەباتی کرێکاران دژبە هەژاری و گرانی و لەدەوری داخوازییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەرانسەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخستنی کرێکاران بن و ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراییی کرێکاران، ڕیشەکێشکردنی هەژاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەدوور لە هەرجۆرە ستەمێک بخەنە بەردەم هەموو ستەملێکراوان و بێبەشانەوە.