دەوڵەتی نیوزلەند چوار کەس و دوو دامەزراوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی دابینکردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکراین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسانەی کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی وڵاتی نیوزلەند بریتین لە: “قاسم دەماوەندیان، بەڕێوەبەری شیرکەتی پیشەی ئاسمانیی قودس؛ عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران؛ حوسێن شەمسئابادی، بەڕێوەبەری شیرکەتی پەرئاوەر پارس و ئەسغەر مەحموودی، خاوەنی شیرکەتی سلین تەکنیک.”
هەروەها دەوڵەتی نیوزلند ڕێکخراوی هەوا و فەزای سپای پاسداران و شیرکەتی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەی ”سەفیرانـ”ـی بەهۆی دەستێدابوونیان لە ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
هەر لەو پێوەندییدا وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕایگەیاندووە کە یازدەهەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی هاوتەریب لەگەڵ گەمارۆکانی ئەم دواییانەی یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا و ئەمریکا دژی ڕژیمی ئیسلامی پەسەند دەکات.
کانادا ڕایگەیاندووە کە دامەزراوەیەک و ٩ کەس لە کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆڵی بەرچاویان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەدا هەیە، دەخاتە نێو لێستی گەمارۆکانەوە.