بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی میدیایی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی شاری سەقز، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بەو بنەماڵەیە خۆدەبوێرن.
جێگای ئاماژەیە، کەیوان ڕەحیمی لەگەڵ براکەی کامران ڕەحیمی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز، لە ڕێکەوتی دووشەممە ١٠ی گوڵان دەستبەسەر کرابوون. شایانی باسە، کامران ڕەحیمی دوای تێپەڕبوونی سێ کاتژمێر لە زیندان ئازاد کرابوو. کەیوان ڕەحیمی پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری پارەکە، دوای پێداگری لەسەر مەدەنی بوونی چالاکییەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حیجازی و ئازاد ئەمینی و داواکاری لەسەر کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکرانی کاتیی ئەو هاووڵاتییانە لە کاناڵی تێلێگرامی “پرسمان سقز”، کە خۆی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەناڵە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.