دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “ئەفخەم مۆرادیان” و “کورش فارووقی” کە سەرەتای ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراون، تاکوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەفخەم مۆرادیان تەمەن ٣٧ ساڵ و کورش فارووقی تەمەن ٤٢ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەقزن، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری و بێبەش کراون و تەنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بنەماڵەکانیان ئاگادار کردووتەوە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتن. جێگای ئاماژەیه، ڕۆژی شەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزەکانی ڕژیم، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کورش فارووقی و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. هەروەها ئەفخەم مۆرادیان، هاووڵاتییەکی دیکەی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی پووشپەڕ لە شەقامێکی شاری سەقز و لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترانەتەوە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.