ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، کۆمیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی منداڵان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، بەیاننامەیەکی بڵاو کردوە و کردەوەکانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ سەر منداڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵانی بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم کرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە رژیمی ئیسلامی دەبێ بە هەموو شێوەیەک هێرش و ئەشکەنجە بۆ سەر منداڵانی قوتابخانەکان ڕابگرێ و بە هیچ شێوەیەک لێی قەبووڵ ناکرێت جینایەتی لەو شێوەیە ئەنجام بدا و دەبێ هەموو دنیا لەسەر ئەو جینایەتە بێتە دەنگ.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، وێڕای نیگەرانی قولی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە جینایەتەکانی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر منداڵان، لانیکەم ٢٣منداڵ و مێرمنداڵ کە یەکێکیان منداڵێکی ١١ساڵانەیە لە درێژەی خۆپێشاندانە سەرتاسەریەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی کوژراون کە ئەوە جینایەتێکی گەورەیە و نابێ چاوپۆشی لێ بکرێ و دەبێ هەموو جیهان دژی جینایەتەکانی ئەو ڕژیمە بێنە دەنگ و ڕیسوای بکەن.