لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە فرۆشتنی ئەندامەکانی لەش بە هۆی هەژاریی بەربڵاو لە ئێران بڵاو کراونەتەوە.
بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتانە کاردانەوەی دامودەزگاکانی ڕژیمی لێکەوتەوە و هەر جۆرە فرۆشتنێکی ئەندامەکانی جەستەیان بە هۆی هەژاریی بەربڵاو و لەڕادەبەدەریان ڕەتکردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، بەرپرسی ڕیکخراوەی پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلەی کرماشان ڕایگەیاند کە هەندێک کەس بە هۆی کێشەی ماڵیەوە دێنە ئەم رێکخراوەیە بۆ ئەوەی گورچیلەی خۆیان بفرۆشن.
“حسێن بیگلەری”، بە ئاماژەدان بە بڕی ڕێگەپێدراوی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران، کە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە ٨٠ ملیۆن تمەن دانراوە، وتی، “کەسێک کە گورچیلەی بفرۆشێت، پێدەچێت بەنیازی کڕینی ئۆتۆمبێلێک بێت بۆ ئەوەی کاری پێبکەن یان بۆ گرێبەستی خانووبەرە، خانوویەک بەکرێ بگرن.” بۆیە کەس گورچیلەی خۆی بە ٨٠ ملیۆن تمەن نافرۆشێت”.
شایانی باسە کە زۆربەی فرۆشیارانی ئەندامەکانی وەک گورچیلە، جگەر، مۆخی ئێسک، قەرینەی چاو و ئەندامەکانی تری لەش لاوانن کە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە.
پێشتر هەندێک لە میدیاکان ئاشکرایان کردبوو کە ئێرانییەکان بۆ فرۆشتنی ئەندامەکانی لەش لەوانە گورچیلە، دەچنە وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و تورکیە.