هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە ڕفێندرا
چوارشەممە ۰۵-۱۱-۱۴۰۱   |  25-01-2023
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی جەلال ساڵحی و خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شارە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە شاری بانە، ژمارەیەکی زۆری ئەو هێزانە بە چەند ئۆتۆمبێل و بەبێ هیچ هۆکارێک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی جەلال ساڵحی و ناوبراویان ڕفاندووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ، دۆخی تەندروستی، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە.