شەوی دووشەممە، ١ی ڕەشەممە مورتەزا محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ لە گۆڕەپانی “دایک” لە شاری سنە و لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕاگیرا و ڕفێندرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم ڕاستەوخۆ ڕوو بە ئۆتۆمبێلەکەی مورتەزا محەممەدی تەقەیان کردووە. دوای ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە، ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە دوای ڕفاندنی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا توانیویەتی بە بنەماڵەکەی ڕابگەیێنێت کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرە.
سیروان محەممەدی، برای مورتەزا محەممەدی کە دوو مانگی ڕابردوو دوای ئەشکەنجەی توند و شکانی چەند بەشێکی جەستەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو، بۆ جارێکی دیکە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان لەلایەن هێزەکانی ئەم ئیدارەوە لە هێرشێکی چەکدارانەدا بۆ سەر ماڵەکەیان ڕفێندرایەوە.
لەکاتی ڕفاندنی سیروان محەممەدیدا، برای ناوبراو، ئیبراهیم محەممەدی و باوکیان، لەلایەن ئەم هێزانەوە لێیان درابوو و بە سەختی بریندارکرابوون.