هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار کە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە بە ٤٢ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شاری ورمێ سزا درا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتیەکی خەڵکی گوندی “سوغانلو” سەر بە شاری پیرانشار بە ناوی حوسێن بورکە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری ورمێ سزا درا.
ئەم سزایە بە تۆمەتی “ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” دەرکراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوو دا لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیندرا.
حوسێن بورکە، ڕۆژی دووشەممە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری پارەکە، دوای بانگکران بۆ دادگای شاری پیرانشار، دەستبەسەر کراو بۆ زیندانی شاری نەغەدە گواسترایەوە. ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەریش دەستبەسەر کرا و ٢٩ی ڕەزبەر دوای دوو هەفتە دەستبەسەر کران ئازاد کرابوو.