نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان جەماڵ عەلیزادە چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی پیرانشار دوای بانگکران و دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٣٠ مانگ بەندکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە حاڵێکدا کە کاتی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی ئەم چالاکە ناوەڕاستی پاییز دیاریکراوە، بەڵام لەسەر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان پێش لە کاتی دیاری کراوە دەستبەسەر کراوە. جەماڵ عەلیزادە ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری پارەکە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم دەستبەسەر و لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان دوای ٤ مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٣ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد بوو. شایانی باسە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.