لە حاڵێکدا کە جینۆساید و کۆمەڵکوژیی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی وێرانکراوی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە هەروا درێژەی هەیە، دەنگدان لە شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەک بەئامانجی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بەهۆکاری دژایەتیی توندی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سێهەمین جار وەدواکەوت. دەوڵەتی ئەمریکا کە هەر لە سەرەتاوە بە بێ شەرت و مەرج لە کەمپەینی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە پشتیوانیی کردووە هەتا ئێستا چەندین جار لە حەقی ڤێتۆی خۆی بۆ ڕێگری لە وەها بڕیارنامەیەک کەڵکی وەرگرتووە. دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بە پشتیوانیی سیاسی، ماڵی و تەسلیحاتیی ئەمریکا هەروا بەردەوام لەسەر درێژەدانی شەڕ تا نابوودیی حەماس پێداگری دەکات. بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس و لەناویاندا ٨ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس برینداربوون و هەزاران کەس کەوتوونەتە ژێر ڕووخاوەکان و ٢ ملیۆن ئینسان لە شوێنی ژیانیان هەڵکەندراون. نەخۆشخانەکان، خوێندنگاکان و کەمپەکان یەک لە دوای یەک بەسەر ئاوارەکاندا وێران دەبن. ئاوارەکان دەستیان بە خۆراک و ئاو و ئیمکاناتی تەندروستی ڕاناگات. ئێستا ئیتر نمایشی سات لە دوای ساتی منداڵانی خەڵتانی خوێنکراو و دەستی پەڕیو و هەموو ئەو ڕەنجانەی بەسەر نەتەوەی فەلەستیندا سەپاوە زیاتر لە هەموو کاتێک ڕق و تووڕەیی خەڵکی جیهانی بەدژی دەوڵەتی داگیرکەر و پشتیوانانی هەڵخراندووە. ئێستا ئیتر سەرۆکی لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سووریش ڕووداوەکانی کەرتی غەززە وەک شکستێکی ئەخلاقی بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەڵدەسەنگێنێ. شکستێک کە بەهاکەی بۆ نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستین و بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یەکجار قورس بووە. دایکانی فەلەستینی و خەڵکی ئازارچێشتووی غەززە بە بەهایەکی قەرەبوونەکراوە داغی شەرمەزاری و ڕسواییان کوتا بە ناوچاوانی دیموکراسییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا.لاوان و نەوەی گەنج نابێ لەبیریان بچێتەوە کە غەززە تەنها گۆشەیەک لە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری نیشان دەدات.
بەڵام لە حاڵێکدا کە نەتانیاهۆی فاشیست بۆ درێژەدانی کۆمەڵکوژی تەنها پێویستی بە چەکە و لەوە نیگەرانە کە شەپۆلی ناڕەزایەتی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئینتقالی چەک و کەرەستەی نیزامی بۆ ئیسرائیل بەرەوڕووی مەترسی بکاتەوە، پشتیوانیی کرێکاران لە کانەدا، ئەمریکا، ئیتالیا، بێلژیک، سپانیا، بریتانیا و هێند لە خەڵکی غەززە هەروا درێژەی هەیە. لە وڵام بە خواستی یەکیەتییە کرێکارییەکانی فەلەستین بۆ هاوپشتیی جیهانی، لە سپانیا، کرێکارانی بەندەری بارسێلۆن لە گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل خۆیان بوارد و داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان کرد. کرێکارانی کۆمپانیای ئەیرباس لە شاری “خێتافێ”ی سپانیا بە هەڵگرتنی بەنێرێک کە لەسەریان نووسیبوو: “کرێکارانی ئەیرباس پشتیوانی خەڵکی فەلەستینن”، “نا بۆ فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل” بەدەوری کارخانەکەدا ڕێپێوانیان کرد. ١٤ یەکیەتیی سپانیایی و ٢٠٠ ڕێکخراوی مەدەنی بە وەڕێخستنی کەمپەینێک داوایان لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە کرد کە کۆتایی بە تجارەتی چەک لەگەڵ ئیسرائیل بێنێت. یەکیەتییە کرێکارییەکانی کاتالۆنیا بەدژی شیرکەتێکی سەربە گرووپی ICL، کە فۆسفات بۆ شیرکەتی “مۆنسانتۆ” بەمەبەستی بەرهەمهێنانی فۆسفۆری سپی بۆ ئەرتەشی ئەمریکا دابین دەکات، کە دواجار ڕەوانەی ئیسرائیل دەکرێت، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە بێلژیک چەندین سەندیکای حەمل و نەقل داوایان لە ئەندامەکانیان کرد کە ناردنی چەک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ڕابگرن. لە ئیتالیا کرێکارانی بارئەندازی سەربە سەندیکای سەربەخۆ لە باکووری بەندەری “جنوا”، بەریان بە حەرەکەتی کەشتیەکی باری گرت کە لەلایەن هێڵی کەشتیڕانیی ZIMی ئیسرائیلەوە ئیدارە دەکرێت. کرێکارانی بارئەندازی سەربە شۆرای کرێکارانی بارئەندازی ئورووپا یەکەمین هەوڵی هاوئاهەنگی گەورەی خۆیان لە نێوان بەندەرەکانی چەندین وڵات ئەنجام دا. دوازدە فێدراسیۆنی سەندیکای هێند کە نوێنەری سەد ملیۆن کرێکارن، بەتوندی لەئاست ناردنی سەد هەزار کرێکاری بیناسازی لەجیاتی کرێکارانی فەلەستینی کە ئیسرائیل موجەوزی کارەکەیانی هەڵوەشاندووەتەوە، دژایەتییان دەربڕی. لە بەیاننامەی سەندیکای هاوبەشدا هاتووە: “ئەوەیکە هێند باس لە “هەناردەکردن”ی کرێکاران دەکات نیشانی دەدات کە دەسەڵاتی ئەم وڵاتە چۆن کرێکارانی هێندیی لە بازنەی مرۆڤایەتی خستووەتە دەر و ئەوانی کردووەتە کاڵا. ئەم کردەوەیە بەواتای هاودەستیی هێند لەگەڵ کۆمەڵکوژیی بێپسانەوەی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستینە.” لە کانەدا ڕێکخەرانی سەندیکا خۆجێییەکان، بوێرانە چوار کارخانەی بەرهەمهێنانی چەکیان داخست کە چەکیان بە ئیسرائیل دەفرۆشت. کرێکاران هەروەها بۆ یەک ڕۆژ کارخانەکانی بەرهەمهێنانی چەکیان لە “هەمیلتۆن”، “تۆرێنتۆ” و “مۆنترال” و هەروەها شیرکەتی “لاکهید مارتین”یان لە “ئۆتاوا” داخست. لە بریتانیا کەمپەینی کرێکاران بۆ فەلەستینی ئازاد، بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرەنجی بیروڕای گشتی بەرەو ڕۆڵی دەسەڵاتی بریتانیا لە دابینکردنی چەک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، هەروا بەردەوامە. هەتا ئێستا هەزار کرێکار کارخانەکانی بۆرنمۆوس، لەنکاوی، برایتۆن و گلاسکۆیان مەسدوود کردووە تا بەرهەمهێنانی قەتعەی جێتی جەنگیی F-35 ڕابگرن. بەپێی ڕاپۆرتەکان هەوڵی هاوشێوە لە وڵاتانی فەڕانسە، دانمارک و هۆلەندیش لەئارادایە.
ئەگەرچی لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵکوژی و جەنایاتی جەنگیی نەتانیاهۆی فاشیست دژبە خەڵکی فەلەستین بەردەوام لەئارادایە، باس کردن لە چارەسەرکردنی مەسەلەی فەلەستین خۆشبینانە بە نەزەر دەگات، بەڵام هاوپشتیی کرێکارانی ئورووپا لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی فەلەستین و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادیی فەلەستینن، چارەسەرکردنی پرسی فەلەستینی خستووەتە ئاسۆوە. بۆ ڕزگاری لەم جینۆسایدە و جەنایاتی جەنگی، ڕێگایەک بوونی نییە بێجگە لە ئەوەیکە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و هێزە ئاشتیخواز و پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسڕائیل یەکگرتوانە بە دژی ئەم دەوڵەتە دەستی ڕاستییە ڕاپەڕن. دەسەڵاتێک کە مانەوەی خۆی لە پێشێلکردنی مافی خەڵکی فەلەستین و کوشتاری بەردەوامیاندا دەبینێ. خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین تەنها بە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بە خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان و بە ڕاکێشانی پشتیوانی مرۆڤایەتی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان و بە سنوربەندی لێبڕاوانە لەگەڵ سیاسەتی دژە یەهوودیی ڕەوتە ئیسلامییەکان دەتوانن ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەم وەزعیەتە نابەسامانە لەپێناو گەڕانەوەی ئاوەرەکان بۆ وڵاتێک کە لێی دەرکراون و لەپێناو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لەم وڵاتە بدۆزنەوە. زەمینەکانی ئەم هاوپشتییە فەراهەمە. خەبات و خۆڕاگریی گیانفیدایانە، ڕەوابوونی داخوازی و خەباتی خەڵکی فەلەستین، هۆگرایەتیی جیهانیی بە مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەی فەلەستین بەخشیوە. لەلایەکی دیکەوە بوونی ناوەند و کۆمەڵی بەرینی کرێکاران و نەوەی لاوی ئاشتیخواز لە ئیسڕائیل و هێزی هاوپشتی جیهانی دەتوانێ پرۆسەی ڕزگاری خەڵکی فەلەستین و پێکەوەژیانی ئینسانی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین خێراتر بکاتەوە. بۆ وەدیهاتنی خواستە ئەساسیترەکانی خەڵکی فەلەستین، پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ یەکەمین هەنگاوی زەروورییە کە دەبێ هەڵبگیرێت. بە پێکهاتن و بە ڕەسمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی فەلەستین بۆ وەدیهاتنی خواستی چینایەتی و ئازادیخوازانەیان و بۆ خەبات دژ بە گەندەڵی کۆنەپەرستانی ناوخۆیی دەکەونە پێگەیەکی گونجاوترەوە.