ڕافائێل گرووسی بەرپرسی گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ڕژیم هۆشداریی دا و ڕایگەیاند بەرنامە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ڕوون نییە.
پاش قسەکانی عەلی ئەکبەر ساڵحی بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە توانای ڕژیم بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، ڕافائێل گرووسی لە دانیشتنێکدا کە لە دوبەی بەڕێوەچوو وتی: بەرنامە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ڕوون نییە و ئەم بابەتە مەترسییەکان زیاتر دەکات.
گرووسی بە ئاماژەدان بە قسەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ساڵحی وتی: بەردەوام سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی لە ئێراندا قسەگەلێک دەکرێت، بەتایبەت لەم دواییانەدا کە ڕایانگەیاندووە هەمووشتێکمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم هەیە.
عەلی ئەکبەر ساڵحی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنییدا لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە توانایی ڕژیم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم وتی: ئێمە لە ئێستادا هەموو پێداویستییەکان و تێکنۆلۆژیی ئەتۆمی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆممان هەیە.
شایانی باسە کە پاش هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ڕژیم لەگەڵ زلهێزەکان ناسراو بە بەرجام، ڕژیمی ئیسلامی پیتاندنی ئورانیۆمی تا ڕێژەیەکی زۆر بەرز، زیاتر کردووە.
زۆربەی لێکۆڵەران و سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ڕێژەی پێویستی ئورانیۆمی پیتێندراو بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لەبەر دەستدایە.