فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

”هۆلۆکاستی خێوەتەکان” لە ڕەفەح و ئەوپەڕی دووڕوویی سەرانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا
یەکشەممە ۱۳-۰۳-۱۴۰۳   |  02-06-2024

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مەی ٢٠٢٤ هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دڕندانەترین هێرشی چەند مانگی ڕابردوو بۆسەر کەمپی ئاوارەکانی فەلەستین لە ناچەی تەل سوڵتان لە باکووری ڕۆژئاوای ڕەفەح، لانیکەم ٤٥ کەسیان کوشت کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون و سەدان کەسی تریشیان بریندارکرد. زۆرێک لە ئاوارەکانی ئەم کەمپە کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە “ناوچەی ئەمن” بۆ خەڵکی سڤیلی فەلەستینی پێناسەدەکرا، لەناو خێوەتەکانیاندا ئاگریان تێبەربوو. بەهۆی تەقینەوەی ٨ مووشەکی بووئینگی دەستکردی ئەمریکا کە هەر کامیان کێشیان هەزار کیلۆ بووە، دەیان کەس بەزیندوویی سووتان. بە وتەی شایەتحاڵان، هێزەکانی ئیسرائیل بە ئانقەست و بە پێی پلان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئاوارە فەلەستینیانەی کە لەم خێوەتانەدا پەنایان گرتووە. گرتە ڤیدیۆی پەخشکراوی ئەم هێرشە شەوێکی پڕ لە ئازار دەردەخات کە تێیدا لاشەی سووتاو و نەناسراو و منداڵی سەربڕراو دەبینرێت. ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گوڵان، هێزەکانی ڕژیمی ئیسرائیل لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانی بۆسەر کەمپی پەنابەران لە ئەلمەواسی لە ڕەفەح لانیکەم ٢١ کەسیان کوشت. پێشتریش هێزەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر پەناگەی ئاوارەکانی فەلەستینی، لە شاری غەززە، جەبەلیە و نوسیرات، لانیکەم ١٦٠ فەلەستینییان کۆمەڵکوژ کرد.

کوشتاری بەئانقەستی خەڵکی بێ پەنای فەلەستین لە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل، کە بە “هۆڵۆکاستی خێوەتەکان” ناوبانگی دەرکردووە، ئەوپەڕی وەحشیگەریی ئەم ڕژیمەی لە جینۆسایدی فەلەستینییەکان نیشان دا. ئەم ڕژێمە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٦ هەزار فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوشتووە کە پتر لە ١٥ هەزاریان منداڵ بوون و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسی بریندار کردووە و نزیکەی ٢ ملیۆن فەلەستینی ئاوارە کردووە. بۆردومانەکەی ڕۆژی یەکشەممە وەڵامی ڕاستەوخۆی حکوومەتی فاشیستی بنیامین نەتانیاهۆ بوو بە بڕیارەکەی دادگای نێونەتەوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی سەربازی ئیسرائیل لە ڕەفەح. ڕژیمی تاوانکاری ئیسرائیل کە سەرەڕای ئەو تاوانە ترسناکانەی ئەنجامیان دەدات لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاواوە بێ دەریغ پشتیوانیی سیاسی، نیزامی و دارایی و میدیایی دەکرێت، ویستی بەم هێرشە نیشانی بدات کە ڕێز لە هیچ کام لە یاسا نێونەتەوەییەکان ناگرێت و هیچ بەربەستێک لەلایەن ئەم یاسایانەوە ناتوانێ بەریپێبگرێت.

هەروەها ئەم کۆمەڵکوژییە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەیکە دادگای نێونەتەوەیی داوای دەرکردنی حوکمی دەستگیریی ڕێبەرانی ئیسرائیلی کرد، ئەنجام درا. ئەم بۆردومان و تاوانەی حکوومەتی ئیسرائیل کە وەک تۆڵەسەندنەوە لە کاردانەوە بە بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی سەیر دەکرێت، تەنیا هێرشی ئەم هێزە داگیرکەرە بۆسەر خەڵکی فەلەستین لەم کەرتە نەبووە. لە دوای بڕیارەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا، هێزە جەنایەتکارەکانی ئیسرائیل زیاتر لە سەد جار خەڵکی فەلەستینیان لە غەززە بۆردومان کردووە. پێویستە بوترێت کە ڕەفەح شوێنی ژیانی تەقریبەن یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی فەلەستینییە کە زۆربەیان لە ژنان و منداڵان پێکهاتوون. ئەوان لە خێوەتە کاتییەکاندا پەنایان گرتووە و لە کاتی دەستپێکی شەڕەوە هەتا ئێستا لە شار و ناوچە شەڕلێدراوەکانی دیکەوە پەنایان بۆ ئەم شوێنە بردووە.

نەتانیاهۆی جەنایەتکار بۆ ڕاکردن لە قەیرانە ناوخۆییەکان، لەوانە خۆپیشاندانی ڕوو لە گەشەی بنەماڵەکانی بەدیلگیراوان و دۆسیەی گەندەڵی و ناڕەزایەتیی خەڵک، مانەوەی خۆی لە مەیدانی سیاسی لە درێژەدانی شەڕی غەززەدا دەبینێ. نەتانیاهۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوانی فەلەستینی لەم هێرشەدا “هەڵەی دڵتەزێن” ناولێنا کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. هەر ئینسانێکی بەویژدان کە ئاگای لە ڕەوتی شەڕی غەززە و تاوان و درۆودەلەسەکانی حکوومەتی جەنایەتکاری ئیسرائیل بووبێ، باش دەزانێ کە هیچ کام لەم جەنایەتانە لە ڕووی هەڵە نەبووە. بەڵکوو کردەوەیەکی بیرلێکراوە لەپێناوی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی فەلەستینە. لە کەس شاراوە نییە کە بەرپرسانی حکوومەتی فاشیستی نەتانیاهۆ چەندین جار و لە بۆنەی جۆراوجۆردا ڕایانگەیاندووە کە خوازیاری نابوودیی یەکجاریی غەززەن. کەس وتەکانی یوئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی لە مانگی ئۆکتۆبر فەرامۆش نەکردووە کە تێیدا دانیشتووانی غەززەی بە “ئاژەڵی مرۆڤ ئاسا” وەسف کرد. سەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بایەخ نەدان بە ناڕەزایەتی سەدان هەزار کەس لە ناوخۆ، بزووتنەوەی بەرینی جەماوەری و تووڕەیی خەڵکی جیهان لەئاست درێژەی شەڕ، و تەنانەت ناڕەزایەتیی ناوەندە نێونەتەوەییەکانی نیزامی سەرمایە، بەردەوام بە پشتیوانیی نیزامی و سیاسیی ئەمریکا و دەسەڵاتە ئیمریالیستییەکانی دیکەی جیهان تاوانە فاشیستییەکانیان لە غەززە درێژە دەدەن.

لە بواری سیاسەتی جیهانیشدا سەرانی حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا هەمان هەڵوێستی درۆزنانە و ڕیاکارانەیان دووپات کردەوە. جان کربی، وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، هێرشی ڕۆژی یەکشەممەی “ئامانجدار” وەسف کرد و بە ئیدیعای کوژرانی ئەندامانی حەماس پاساوی کرد و سەرەڕای کوشتنی دڕندانەی خەڵکی ئاسایی و بێدیفاع، وتی کە هێرشی نیزامی ڕەفەح هەروەک ئیسرائیل بەڵێنی دابوو هێرشێکی “بەرین” نەبووە. ناوبراو دەستەواژەی بەناوبانگ و درۆزنانەی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا واتە “پێویستی پاراستنی ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی سڤیل” و “مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی” دووپات کردەوە. وتەبێژی حکوومەتی ئاڵمان کە دووەمین دابینکەری چەکی ئیسرائیلە لە دوای ئەمریکا، قسەکانی نەتانیاهۆی دووپاتکردەوە و هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بە “هەڵە” ناوبرد. ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە وتی کە “بەخاتری هێرشەکەی ئیسرائیل کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کوژراون تووڕەیە”. جۆزێف بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا وتی: ”دوای بیستی هەواڵی هێرشی ئیسرائیل کە بەهۆیەوە دەیان فەلەستینی لەوانە چەندین منداڵی کەم تەمەن کوژراون، ترساوە”! وە هەموویان داوایان لە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم کوشتارە بکات. واتە داوایان لە تاوانکار کرد کە خۆی قەزاوەت لەسەر تاوانەکەی بکات.

بۆ زانینی بەرینایی و ئامانجی کوشتاری ڕۆژی یەکشەممە و جەنایەتەکانی دیکەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین، لەدژی هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانان، لەدژی کارمەندانی ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری و مرۆڤدۆست پێویست بە لێکۆڵینەوە ناکات. بەتایبەت لێکۆڵینەوە لەلایەن ئەو فاشیستانەوە کە خۆیان ئەم تاوانەیان ئەنجام داوە. لە کەس شاراوە نییە کە ئامانجی کۆمەڵکوژ و کۆچپێکردنی چەند جارەی خەڵکی غەززە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل، پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستینییەکان، برسی ڕاگرتن و ناچارکردنیانە بۆ ئەوەی لەم باریکەیە نەمێنن. کوشتنی لانیکەم ١٠٧ ڕۆژنامەوان و کارمەندی میدیایی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلیش سیاسەتێکی ئاگاهانە و داڕێژراوە بۆ ڕێگری لە ڕەنگدانەوەی تاوانەکانی ئەم حکوومەتە لە غەززە و بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانانە لە بیروڕای گشتیی جیهانە.

بەڵام ئەوەی هەشت مانگ تاوان و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل پێمان دەڵێ ئەوەیە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم کۆمەڵکوژییە و بۆ ڕاگرتنی شەڕ، نابێ بە دەسەڵاتەکانی جیهان و یان بە ناوەندەکانی سەر بەوان لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا جیهانییەکانی سەرمایە دڵخۆش بکەین. بەڵکوو ڕێگاچارە هێنانە مەیدانی جەماوەر بۆ سەر شەقامەکان و گەشەپێدانی بزووتنەوەی دژی شەڕ بۆ ناوەندە کرێکاری و سەنعەتییەکانە لەئاستی جیهاندا. بەهێزکردن و پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین، بەهێزکردنی بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوانێک کە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە سەرتاسەری جیهان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل پەیوەست بوون و بەهێزکردنی پەیوەندی ئەم بزووتنەوە لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکارییە کە سیاسەتی دەوڵەتەکانیان بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتی فاشیستی ئیسرائیل بردووەتە ژێر پرسیارەوە.