سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سامان پاشاییدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم وەرزشکارە دەست نەکەوتووە. سامان پاشایی پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشی خەڵکی سەقزە کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ لە کاتی گەڕانەوەدا لە سنەوە بۆ سەقز لە بەردەم بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە و بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیاریەکان، لەم ماوەیەدا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سامان بەردەست نەکەوتووە. دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکارە کە بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە پەلامار و لێدانەوە بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە. سامان پاشایی لە کۆتایی جۆزەردانیشدا لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.