فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران بۆسەر سفرەی بەتاڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش
یەکشەممە ۱۸-۰۴-۱۴۰۲   |  09-07-2023
هێرشی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران بۆسەر سفرەی بەتاڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش

بەدوای زمزمەی چەند مانگی ڕابردوو سەبارەت بە بردنەسەری نرخی نان، سەرەنجام هەفتەی ڕابردوودا کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی بردنەسەری قیمەتی نانیان لە قالبی گەڵاڵەی دژەئینسانیی “هوشمەندسازیی یارانەی ئارد و نان” پشتڕاست کردەوە. ئەم گەڵاڵەیە کە لەلایەن سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامییەوە تەبلیغاتێکی زۆری بۆ کرا، شتێک نییە بێجگەلە تەعەڕۆزێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی سەرمایە بۆسەر سفرەی بەتاڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. محەممەد جەلال، ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی ڕژیم و بەرپرسی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی “هوشمەندسازیی یارانەی ئارد و نان” ڕایگەیاند کە: “دەوڵەت بە زیادکردنی ١٠ لەسەدیی یارانەی نانەوایان، بڕیاردان سەبارەت بە ئاستی بردنەسەری قیمەتی نان بە ئۆستانەکان دەسپێرێت”. ئەم کارگێڕە فریوکارەی حکوومەتی ئیسلامی کە خۆی دانی بەوە دانا کە یەک لەسەر چواری سەهمیەی نانەواییەکان لەلایەن حکوومەتەوە کەم کراەوەتەوە، لەوپەڕی بێشەرمیدا سەفی دوورودرێژی بەردەم نانەواوییەکان بە “جموجۆڵی کرێکارانی وەرزی و زیادبوونی داخوازیی موسافران” پاساو دەکات. بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیە وێڕای دان پێدانان بە بێتوانابوونی حکوومەت لەئاست چارەسەرکردنی کێشەی ئارد و نان، بۆ کەسانی تر پاسی دەدات و دەڵێ: “ئەو ئیختیارە بە مەقاماتی ئۆستانی دراوە تا لەسەر کێشەی ئارد و نان بڕیار بدەن”. ئەوەش بەو مانایەیە کە حکوومەتی ئیسلامی توانای دابینکردنی پێداویستیی نانەواخانەکانیشی نییە و دەستی بازاڕ بۆ گرانکردنی قیمەتی نان ئاواڵە دەهەڵێتەوە. حکوومەتی ئیسلامی بەم گەڵاڵە دژەئینسانییە دەیهەوێ خەڵک بەرەنگاری کرێکارانی زەحمەتکێشی نانەواییەکان بکاتەوە. چوونەسەری بەهای نان و کەمبوونی لە زۆرێک لە شارەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵک تا چەند سەعات لە نیوە شەویش لە سەفی دوورودرێژدا ڕاوەستن. بەداخەوە بەهۆی شەڕ لە سەفی ناندا لە سەراوانی بەلوچستان شەوی چوارشەممە ١٤ی مانگی پووشپەڕ کەسێک کوژرا. تەرحی “هوشمەندسازیی یارانەی ئارد و نان”ی ڕژیم بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی نانەواکانیش بووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبردنی ئەم تەرحە بووەتە هۆی پێکهاتنی بازاڕی ڕەش بۆ کڕینی نان لەلایەن دەڵاڵانی ڕژیمەوە. ئەوان لەڕێگەی ئینتێرنێتەوە نان بە چەند بەرابەری قیمەت بە خەڵک دەفرۆشن. لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی سەهمیەبەندیی ئارد و چوونەسەری بەهای نانی یارانەیی، نیگەرانی خەڵک لە ئاست بەدەستهێنانی نان زیادی کردووە. چوونەسەری قیمەتی نان و ڕاوەستانی چەندین سەعات لە سەفی نان لە گەرمانی هاویندا، خۆی بووەتە کێشەیەکی تر بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەشکراوی کۆمەڵگا. بەداوای گرانبوونی لەڕادەبەدەری برنج لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو نان بووەتە تەنها خواردنی سەرەکیی بنەماڵە هەژارەکانی کۆمەڵگا.

بەڵام داماویی ڕژیم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی و ئەساسییەکانی خەڵکی ئێران تەنیا بە مەسەلەی نان مەحدود نابێتەوە. لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا قیمەتی مریشکیش بووەتە کێشەیەک بۆ خەڵک لە ئێران. تا جێگەیەک کە تەنانەت بەخاتری ئەم مەسەلەیە خەڵک تووشی تێکهەڵچوون بوون و بەداخەوە لە شاری چالوسی مازەندەران کەسێک گیان لەدەستداوە. “تەجارەت نیوز” لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە فرۆشتنی مریشک بە قیمەتی ٩٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن کردووە کە لەگەڵ قیمەتی پەسندکراوی ٧٣ هەزار تمەن فاسلەی زۆرە. هەڵبەت هەر هەم نرخە پەسندکراوە دەوڵەتییەش لەلایەن توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاوە ئێعتڕازی بەرینی پێکراوە. هەرج و مەرەج و نەوەساناتی قیمەتی کاڵا سەرەکییەکان و بێتوانایی دەوڵەت لە کۆنتڕۆڵکردنی، گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت میدیاکانی سەربە ئۆسولگەراکانی حکوومەتیش هەستیان بە مەترسی کردووە و لە دەوڵەتی ڕەئیسی بەخاتری نەبوونی مودیریەت ڕەخنە دەگرن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئیتحادیەی حکوومەتی و سەراسەریی مورغداران ئیدیعا دەکات کە کەموکوڕییەک لەبواری دابینکردنی مریشک لە وڵاتدا بوونی نییە. وەزیری جێگری کار و ڕفاهی ئیجتماعیی ڕژیمی ئیسلامیش ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی پووشپەڕ لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە: “دەوڵەتی ڕەئیسی هێندە بەباشی کاری کردووە کە نەتەنیا هەموو کێشەکانی ئێستا بەڵکوو کێشەی بەجێماوی دەوڵەتەکانی پێشووشمان چارەسەر کردووە و لە قەیران تێپەڕیوین و وەزعی مەملەکەت زۆر باشە”.

بێگومان درۆودەلەسەی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەردان وەک هەمیشە بەردەوامە و بەلای کەسەوە سەیر نییە. ناوەندی ئاماری ڕژیم لەم دوایانە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: “تەوەرۆم و گرانی لە بازاڕی کاڵا ئەساسییەکاندا لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەرینتر بووەتەوە. بەجۆرێک کە تەوەرۆمی خۆراک لە دوازدە مانگ پێشڕەوە تا مانگی جۆزەردان لەچاو هەر ئەم دەورەیە لە ساڵی ڕابردوو ٧١.٣ لەسەد بووە.

لابردنی “دراوی تەرجیحی” ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەرمان و خۆراکی پێویستی خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا لە سەرەتاکانی بەهاری ساڵی ڕابردوو، یەکەمین هەنگاوی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ بوو لە پێکهێنانی قەیرانی ناندا. ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە بە داسەپاندی سیاسەتی پڕ هەزینەی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەی خۆی بووەتە هۆی تەواوبوونی خەزێنە و توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری. ئەم هێرشە بێشەرمانەیەی حکوومەتی ئیسلامی بۆسەر نانی خەڵک نیشانەی ئیفلاس و وەرشکستەبوونی حکوومەتی ئیسلامییە، کە سەرتاپێی دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریی ڕێبەران و فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئاغازادەکان و مەسئولانی دایگرتووە. هەر لەم قەیرانەی ئێستای نانیشدا نانەواییەکان ئاشکرایان کرد کە ئاردی یارانەیی دەوڵەت تەنها دەدرێ بەو کەسانەی کە ڕانتی حکوومەتییان هەیە. بەڵام ئەم حکوومەتە دژەئینسانە کە دابینکردنی نان بۆ تێرکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بنەماڵەکانیان بەلایەوە گرینگ نییە و بردنەسەری قیمەتی نان دەسپێرێتە قازانجپەرستانی هاوبەشی حکوومەت، دەبێ چاوەڕوانی سەرهەڵدانی تۆفانێکی یەکجار بەهێزتر لە ئاخێزەکانی پێشوو بێت. بێگومان چوونەسەری قیمەتی نان و ئەم تەعەڕوزە ئاشکرایە بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا بێ وڵام نامێنێتەوە و گەشەی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەریی دژبە حکوومەتی ئیسلامی لێدەکەوێتەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co